سوود و زیانەکانى خواردنەوەى چا کامانەن؟

ناوەندى هەواڵەکان

نەخۆشخانەى بەخشین بڵاوى کردەوە، خواردنەوەى چا سوود و زیانى هەیە بە جۆرێک بەسوودە زیاد کردنى تەرکیز ئەوەش بە هۆی بوونی ماددەی کافایینەوە تێیدا، هەروەها زیانبەخشە ئەگەر چا بە شەکرەوە بخورێتەوە، بۆ قەڵەوی و نەخۆشی شەکرە خراپە.

نەخۆشخانەى بەخشین لەبارەى سوود و زیانەکانى خواردنەوەى چا ڕاگەیەندراوێکى بڵاو کردەوە، کە دەقەکەى بەمجۆرەیە:-

بە شێوەیەکی گشتی، دەتوانین بڵێین، چا خواردنەوەیەکی بەسوودە نەك زیانبەخش، بە تایبەتی ئەگەر جۆری چایەکە کوالێتی باش بێت.

سوودەکانی خواردنەوەى چا کامانەن؟

یەکەم- تەرکیز زیاد دەکات بە هۆی بوونی ماددەی کافایینەوە.

دووەم- چا وەک دژەئۆکسان کار دەکات، ئەویش بەهۆی بوونی ماددە ڕووەکییە لاوەکییەکان تێیدا.

سێیەم- چای بێ شەکر بۆ نەخۆشانی شەکرە باشە، چونکە بە پێی توێژینەوەکان یارمەتی بەرزبوونەوەی ئەنسۆلین دەدات.

زیانەکانى خواردنەوەى چا چین؟

یەکەم- هەڵمژینی هەندێ ماددە لە ڕیخۆڵەدا کەم دەکاتەوە ئەگەر لەگەڵ خواردن بخورێتەوە، لەوانە ماددەی ئاسن (ئەم خاڵە بۆ کەسی تەندرووست کێشە درووست ناکات، بەڵام بۆ کەسێك، کە ماددەی ئاسن و خوێنی کەم بێت باش نیە، وە ئەگەر چایەکە لەگەڵ خواردندا نەبێت، بەڵکو ٢-٣ کاتژمێر دوای خواردن بخورێتەوە، ئەوە کێشە نابێت.

دووەم- ئەگەر شەوان چا بخورێتەوە، ڕەنگە ببێتە هۆی خەوزڕان.

سێیەم- ئەگەر چا بە شەکرەوە بخورێتەوە، بۆ قەڵەوی و نەخۆشی شەکرە خراپە.

چوارەم- ڕۆژانە خواردنەوەی بڕی ٤-٥ کوپ چا ئاساییە، ئەگەر لەوە زیاتر بێت ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر خەو هەبێت.

ئ.م

Comments are closed.