لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا.. ژینگەی کوردستان قڕدەکرێت

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ پێنجی حوزەیران ڕۆژی جیهانی ژینگەیە، هەموو ساڵێك لەم ڕۆژەدا جیهان بە گشتیی و ژینگە پارێزان و ژینگە دۆستان بە تایبەتی ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرن و چالاکی جۆراو جۆر و بۆنەى تایبەتى ڕێکدەخەن، ئەو ڕۆژە لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دیاریکراوە، کە  لە٥ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٢دا لە كۆنگرەی ستۆكهۆڵم گفتوگۆی لەسەر کرا و دواتر کرایە ڕۆژی جیهانى ژینگە.

ئەم ڕۆژە بۆنەیەكە بۆ هۆشیاریی زیاتر لە بواری ژینگەدا و بۆ سەرنجڕاكێشانی سیاسەتمەدار و بڕیاربەدەستانی جیهان بەلای ژینگەدا، هاوکات درووستكردنی بایەخپێدانێكی جیهانییە بە ژینگە و پێكهێنەرەكانی، بەڵام ئەم سەرنجڕاکێشانە لە شۆیەک زیاتر هیچی تر نییە و وڵاتانى سەرمارەدار و زلهێز لەناو بازنەی درووشمدا دەخولێنەوە.

ئاڵنگارییە ژینگەییەکانی جیهان

ئەمڕۆ جیهان بەدەست چەندین ئاڵنگاریی و مەترسییەوە دەناڵێنێت کە لەسەر ژینگەى جیهان دروست بووە، بەشی زۆری ئەو مەترسییە ژینگەییانە دەستکردنى خودی مرۆڤن و بەشێکی دیکەشیان سروشتیین، بەڵام مەترسییە دەستکردەکان کاریگەرییان زۆر مەترسیدارترن بەو پێیە گۆڕانکاری ژەهراوی دروست دەکەن و ژینگە دەخەنە دۆخی لەناوبردنەوە.

لەئیستادا هەموو مافە ژینگەییەکانى مرۆڤ لە مەترسیدان، کە بریتین لەدەستكەوتنی ئاوی خاوێنی خواردنەوە، سیستەمێكی گونجاو بۆ ئاوەڕۆكان، بوونی میكانیزمێك بۆ ڕزگاربوون لە پاشماوە و پاشەڕۆكان، زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی، داڕشتنەوەی دیزاینی شارەكان، كەمكردنەوەی قەرەباڵغی، پاراستنی زیندەجۆرەكان، هەڵگرتنەوەی مینی چینراو.

ئەمانە  لە مافە بنچینەییەكانی مرۆڤن، کە ئەمڕۆ هەر خودی مرۆڤ دەستى لە وێرانکردنیدا هەیە، بەڵام پێویستى بە چەندین بەرنامە و پلانی زانستى هەیە بۆ ڕاگرتنى ئەو وێرانکارییە، ئەمەش پێویستى بە ئیرادەیەكی بەهێزی سیاسیی و ئیدارەیەكی زانستیانەی ژینگەیی هەیە تا درووشمەکان ببنە کردار و بە کردەوە ژینگە لەو مەترسییانەى ڕووبەرڕووی بوونەتەوە بپارێزرێت.

یەکێک لە هۆکارەکانى بەردەوامی مەترسییەکان لەسەر ژینگەی جیهان، پابەند نەبوونى وڵاتان و کۆمپانیا و گروپ و ڕێکخراوە جیاوازەکانە بە ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و پاراستنى زیاتری ژینگە، بۆیە هەوڵەکانی وڵاتانى زلهێز بۆ بەرگرتن بە کارەساتە ژینگەییەکان شکستیان هێناوە.

هاوکات ناوەندە ئەتۆمییەکان، کارگە پیشازییەکان، کارگە کیمیاییەکان، کارگانی دیکەى بوارە جۆراو جۆرەکان، ئامێرە فێنکەرە و گەرمکەرەوەکان، ئامڕازەکانى گواستنەوە وەک فڕۆکە و ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەر و میترۆ و ماتۆڕ سکیلەکان، ئامێرەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا، گواستنەوەى بەرهەمەکانى نەوت و پترۆ کیمیاییەکان، پیسبوونی دەریا و زەریاکان، جەنگ و ململانێ سیاسی و سەربازییەکان، پاشماوەکانى مرۆڤ) و سەدان هۆکاری دیکە ئەو مەترسییانەن ئەمڕۆ هەڕەشە لە زەوی و ژینگەکە دەکەن.

کوردستان لە ڕۆژی جیهانى ژینگەدا

ژینگەى کوردستان بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتى هاوشێوەى ژینگەى زۆرێک لە وڵاتانى جیهان لەبەردەم پیسکردن و تێکدان و وێرانکردندایە، هۆکارەکانى ئەم وێرانکردنەش هەمان ئەو هۆکارو ئامڕازانەن کە ژینگەى جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت.

زۆری ژمارەى ئۆتۆمبێل، مۆلیدە ئەهلییەکان، ئامێرەکانی فێنکەرەوە و گەرمکەرەوە، مادە پلاستیکییەکان، پاشماوەکانی خۆڵ و خاشاک، پاشماوەى نەخۆشخانەکان، پیس کردنى ژینگە، کەمی ڕێژەی سەوزایی، نەبوونى هۆشیاریی ژینگەیی، بێباکی حکومەت، چەندین هۆکاری دیکەش هەرێمی کوردستانیان خستووەتە بازنەى لەناوچوونەوە.

رۆڵ و ئەرکی حکومەتى هەرێم لە پاراستن و پەرەپێدان بە ژینگەی کوردستان نەک هەر لاوازە، بەڵکو لە چەند ڕێگەیەکەوە دەستی هەیە لە پیسبوونی ژینگە، بەنموونەش پاڵاوگەکانی نەوت و بەرهەمهێنانى کارەبا و کێڵەکانی نەوت، هەروەها پاکنەکردنەوەى شارەکان و پاراستنى دارستانەکان لە سوتان و لەناوچوون.

ژینگەی کوردستان لەناو پڕۆسەى قڕکردندا

ئەمڕۆ پێچەوانەی هەموو یاسا، ئەخلاق و بنەما ژینگەییەکان، دەوڵەتی داگیرکەری تورک جینۆسایدی ژینگەیی لەسەر باشووری کوردستان بەڕێوەدەبات، بۆردوومان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و هێرشی زەمینی و بڕینەوە و سوتاندنی دارستانەکان و پاوان و ڕەز و باخی هاوڵاتییان بوونەتە ئامانجی ئەو دەوڵەتە قڕکەرە.

بەهۆی ڕاکێشانی ڕێگا بەناو دارستانەکان سەدانە هەزار داری سەوز و دەگمەن و بەتەمەنى لەناوبردووە، بە بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئاگری لە سەدان هەزار دۆنم زەوی بەرداوە کە بەهۆیەوە دارستانەکان سووتاون و ووشک بوون.

ئەمە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیکات، وێرانکردنی بە بەرنامەی ژینگەی کوردستانە  و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتییە، چ بە گوێرەی ڕێکەوتننامەی چوارەمی جنێڤ ساڵی ١٩٤٩ مادەی ٥٣ و پرۆتۆکۆڵی یەکەمی پاشکۆی ڕێککەوتننامەکانی جنێفی ساڵی ١٩٧٧ لە مادەکانی ٣٥ و ٥٤ و ٥٥، ھەروەھا پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە.

ئێستا ژینگەى کورد لەناو بێدەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان و حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێم دەسووتێت و لەناو دەچێت، مەترسییەکانى دەوڵەتی تورک تەنیا لەسەر کوردستان نییە، بەڵکو بۆ تەواوی عێراقە، بەو پێیەى لە لایەک هەرێمی کوردستان بە سییەکانى عێراق دادەندرێت، و لەلایەکی دیکەشەوە، ئاوی ڕووباری فورات و دیجەلە لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرن کە چەندین ساڵە دەوڵەتى تورک وەک کارت و سزا بەرامبەر عێراق بەکاریدەهێنێت، ئەمە خەریکە عێراق دەکاتە بیابان بەبێ ئەوەی ئەم دەوڵەتە هیچ کاردانەوەیەکی جدی و چالاکی بەرامبەر ئەو ڕفتارەی دەوڵەتى تورک هەبێت.

هـ.ح

Comments are closed.