کاریگەری نەخۆشی شەکرە لەسەر چاو چییە؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر ئەبوبەکر زاهیر دەڵیت، نەخۆشی شەکرە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەدەستدانی بینین دادەنرێت لە جیهاندا، دەشڵێن، ئەو کەسانەی، کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە ئاوی سپی لە تەمەنی گەنجتر هەیە.

دکتۆر ئەبوبەکر زاهیر، پسپۆڕى نەخۆشیەکانى چاو لە نوسینێکدا ئاماژە بە کاریگەرى نەخۆشی شەکرە لەسەر چاو دەکات و دەقى نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-

نەخۆشی شەکرە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەدەستدانی بینین دادەنرێت لە جیهاندا و بە تێپەڕبوونی کات لەو کەسانەی، کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە کاریگەری نەخۆشیەکە لەسەر چاویان دەردەکەوێت.

هەندێکجار کاریگەریەکە کاتییە، کە بەهۆی زۆربەرزبوونەوە یان دابەزینی زۆری شەکرە بەهۆی بەکارهێنانی دەرمان، کەسەکە هەست بە لێڵبوونی بینین دەکات، لەکاتی کۆنترۆڵکردنی شەکرە، بینینی دەگەڕێتەوە باری ئاسایی.

زۆربەی جار کاریگەری نەخۆشیەکە درێژخایەنە، کە گرفتی گەورە بۆ چاو دروستدەکات.

ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی ئاوی ڕەشی چاو دووئەوەندە زیاترە لەو کەسانەی، کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی، کە نەخۆشی شەکرەیان نییە.

ئەو کەسانەی، کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە ئاوی سپی لە تەمەنی گەنجتر هەیە.

هەندێک جار نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی ئیفلیجبوونی یەکێک یان چەند ماسوولکەیەکی جووڵێنەری چاو، ئەویش دەبێتە هۆی تێکچوونی جووڵەی چاو و بینینی شتەکان بەدوو، ئەو بارە یان بارێکی کاتیە یانیش هەمیشەییە.

بە گشتی وشکی چاو لە کەسانی شەکرەدار زیاترە.

گەورەترین کێشە ئەو کاتەیە، کە نەخۆشی شەکرە کاریگەری لەسەر تۆڕەی چاو دروستدەکات.

کاریگەری نەخۆشی شەکرە لەسەر تۆڕەی چاو بەم شێوەیەیە:-

یەکەم- نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی ئەستووبوونی تۆڕەی چاو بە تایبەتی لە هەستیارترین ناوچە لە تۆڕەی چاو، کە  ئەویش ناوچەی زەردەپەلە.

دووەم- کەمی ئەو ئۆکسجینەی، کە دەگاتە تۆڕەی چاو دەبێتە هۆی لێبڕانی خوێن لە هەندێک ناوچەی تۆڕەی چاو، ئەویش دەبێتە هۆی دروسبوونی خوێنبەربوون لەسەر تۆڕەی چاو و لەناو شلەی شووشەیی چاو بەهۆی دروستبوونی موولوولەخوێنی بچووک ناسک، کە زۆر بە ئاسانی دەتەقن و دەبنە هۆی خوێنبەربوون.

سێیەم- نەخۆشی شەکرە دەبێتە دبێتە هۆی دروستبوونی پەردە لەسەر تۆڕەی چاو.

چوارەم- نەخۆشی شەکرە دەبێتەهۆی جیابوونەوەی تۆڕەی چاو.

پێنجەم- نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی پووکانەوەی دەماری بینین.

ئەو کێشانە لە هەموو کەسێک ڕوونادەن، چونکە ڕوودانی ئەو کێشانە دەوەستێتەوە لەسەر:-

یەکەم- چەند ساڵە کەسەکە نەخۆشی شەکرەی هەیە؟

دووەم- نەخۆشیەکە لەژێر کۆنترۆڵە یاخود نا؟

سییەم- ڕێژەی چەورییە زیانبەخشەکانی ناو خوێن.

چوارەم- هەبوونی کێشەی سستی گورچیلە ئەگەرەکەی زیاد دەکات.

پێنجەم- هەبوونی بەرزەپەستانی خوێن ئەگەری کێشەکان زیاتر دەکات.

ئەو کەسانەی، کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە واباشە لەکاتی دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە و پاشان ساڵانە پشکنینی چاویان بکەن.

چارەسەری ئەو کاریگەریانە بەشێوەیەکی گشتی بە لێدانی دەرزی یان لێزەر یانیش نەشتەرگەری دەبێت.

ئایا خراپ نییە دەرزی یان لێزەر لەچاو بدرێت؟

وەک هەر چارەسەرێکی پزیشکی دیکە ئەگەری ڕوودانی ماک و ئاڵۆزی هەیە، بەڵام بە گشتی لێدانی دەرزی و لێزەر ئەگەری لەدەستدانی بینین بەهۆی نەخۆشی شەکرە بەلایەنی کەمەوە ٥٠% کەمدەکاتەوە.

ئ.م

Comments are closed.