مەسعود عەبدولخالق: دەبێت سزای ئەو كەسانە بدرێت كە بوونە هۆی داخستنی پەرلەمان

یەكشەممە, 20 أغس 2017 – 13:03 

ڕۆژنیوز – دانا عومەر

سەرۆكی دەزگای ستاندارد لەبارەی داخستنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانەوە دەڵێت، كە نزیکەی دوو ساڵە پەرلەمان داخراوەو وڵاتیش بەڕێوە دەچێت، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كە سیستمی سیاسی لە هەرێمدا سیستمێكی هەڕەمەكییە و حزبە گەنەدەڵەكانیش سوودیان لەمە بینییوە، دەشڵێت: بەلانی كەمەوە دەبێت سزای ئەو كەسانە بدرێت كە بوونەتەوە هۆی داخستنی پەرلەمان.

نزیكەی دوو ساڵ بەسەر بڕیاری پەكخستنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت، كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كورستان- عێراق،وە لە ١٢ی ئۆکتۆبەردا ڕێگری كرا لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ شاری هەولێرو ناو هۆڵی پەرلەمان.

مەسعود عبدالخالق، سەرۆكی دەزگای ستاندارد لە بارەی داخستنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و كارانەكردنەوەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت:”زۆر جار باس لەوە دەكرا كە هەرێمی كوردستان سیستمی هەیە كە پەرلەمانییە، بەڵام ئەوە پەرلەمان دوو ساڵە داخراوەو سیستمی سیاسی كوردستانی-یش كار دەكات، كە واتا ئەو جۆرە سیستمەی لە كوردستان كار دەكات پێویستی بە دامەزراوەو پەرلەمان و یاسا نییە، بۆ خۆی بە هەرەمەكی كار دەكات، هەر ئەوەشە كە وای كردووە كە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی شكستی گەورە بهێنیت”.

وتیشی:”لەو ماوەیەی كە دوو ساڵە پەرلەمان داخراوە زۆرترین پێشێلكاری و گەندەڵی لە وڵات كراوە، كە پێشێلكردنی نیشتمانی و ئابووری و سیاسی و یاسایی-یش، بە ڕای من ئەگەر بیانەوێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە بەو شكۆ شكاوییە پەرلەمان وەك ئەوە وایە موختار بێت لە كاتێك بڵێن بڕۆرە ماڵەوە دوایی ئەگەر مۆرمان پێویست بوو وەرەوە، ئەو كاتە پێویستە پەرلەمان كارا بكرێتەوە كە چاكسازییەكی ڕیشەیی لە هەرێم دا كرابێت، حیزب چیتر باڵا دەست نەبێت و لە چوار چێوەی یاسا بێت و چەكداری نەمێنێت و دەستاودەستكردنی دەسەڵات بە ئاشكرا بكرێت و چینی گەندەڵ لە دەسەڵات دوور بخرێنەوە”.

هەروەها وتی:”ئەو پێشێلكاریانەی كە دەكرێت لە كوردستان تا ئێستا حیزبی دەسەڵات و چینی گەندەڵ قازانجیان لێی كردووە، ئەوان مەبەستیان لەوەیە كە دامەزراوە نیشتیمانی و یاساییەكان نەبێت، بەڵكو تەنها قازانجیان لەوەیە بڕیاری تاكە كەسی بدرێت و كۆمەڵێك خەڵك چەپڵە لێ‌ بدەن، ئەگەر ئەم دەسەڵاتە بمێنێتەوە قەیرانی یەكجار زۆر گەورە بە ڕێوەیە بۆ كوردستان”.

مسعود عبدالخالق وتیشی:”دەبێت بەلای كەمەوە سزای ئەوانە بدرێت كە بوونە هۆی پەكخستنی پەرلەمان، جا ئەو سزایە بە پێی یاسا هەر كەسێكی گرتەوە، و ئەوەش گرنتی بكرێت لە چوارچێوەی یاسا و درووستبوونی دامەزراوە لە هەرێمی كوردستان كە ئەو كارە جارێكیتر دووبارە نەبێتەوە”.

ناوبراو لە كۆتایدا وتی:”ئەو بارودۆخەی ئێستا ئاماژەن بۆ ئەوەی گۆڕانكاری زۆر گەورە بە ڕێوەیە، دڵنیام ماوەیەكیتر دەبینین پەرلەمانێك و دەسەڵاتێكی ڕاستەقینە دروست دەبێت، دەستاودەست كردنی دەسەڵات و بچووك بوونەوەی ئەو حیزبە گەورانەی كە لە ئێستادا هەیە دەبینین، واتە ئاڵوگۆڕێكی زۆر گەورە لە هەرێمی كوردستان بە رێوەیە، ئەو كاتە دەكەوینە سەر ڕێی بەدەوڵەت بوونی كوردستان”.

س.ح

Leave A Reply