کۆدار: لەناوبردنی ژینگەی کوردستان لەناوبردنی ئیرادە و هەستی کۆمەڵگایە

هەینی, 11 أغس 2017 – 12:18 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار سەبارەت بە تۆپبارانەکانی ئێران و تورکیا بۆسەر چیا و دارستانەکانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردوەتەوە و تێیدا و ڕایگەیاندووە، کە لەناوبردنی ژینگەی کوردستان لەناوبردنی ئیرادە و هەستی کۆمەڵگایە.

کۆمیتەی ژینگەی کۆدار، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە دروستکردنی بەنداو و بارەگای سەربازی لە ژینگەی کوردستان کرد لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە و ئەو کردەوەیەی بە کۆمەڵکوژکردنی سروشت و ئاوارەکردنی خەڵکی کوردستان ناوزەد کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆداردا کە لە ماڵپەری فەرمی خۆیاندا بڵاو کراوەتەوە، هاتووە، لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی ئێران بە دروستکردنی بەنداو و بارەگای سەربازی لە ژینگەی کوردستان و تۆپبارانکردن و ئاگربەردان لە چیاکان و دارستانەکان، هەوڵیداوە ژینگەی کوردستان لەناو ببات، ئەو کردەوەیە جێبەجێکردنی سیاسەتی تواندنەوەی کلتوری و کۆمەڵکوژکردنی سروشت و ئاوارەکردنی خەڵکە.

کۆدار ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئەو سیاسەتە تەنیا لەلایەن ئێڕانەوە بەڕێوەناچێت و تورکیاش لە هەوڵدانێکی هاوشێوەدا بەنیازە بە گرتنەوە و بڕینی ئاو بە سەر نەتەوەکانی ناوچەکەدا، گرێدراویان بکات بە خۆیەوە، بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن ناڕاستەوخۆ ببنە هۆی ئاوارەبوون و کۆچکردنی بەشێکی بەرچاوی خەڵک لەو ناوچانەی وا دیاریان کردووە.

کۆدار هەروەها ڕایگەیاندووە، کە ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکان بەشێکی دیکە لە سیاسەتە قێزەونەکانی دژە ژینگەیە، پێویستە جەخت بکرێتەوە، کە کۆمەڵگای بێ ژینگە کۆمەڵگایەکی بەتاڵکراوە لە ئەخلاق، بۆیەشە داگیرکەران ئەم هەوڵانە دەدەن دژ بە ژینگەی کوردستان، حکومەتی ئێران بە سووتاندنی لەوەڕگە و دارستانەکانی هەورامان، مەریوان، بانە، سەردەشت و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیەوێت کاریگەری دابنێتە سەر ئەخلاق و ئیرادەی گەلانی ئەو ناوچانە.

لە کۆتاییدا کۆدار ڕایگەیاندووە، کە ئێمە وەکو کۆمیتەی ژینگەی کۆدار، ئەو کردارە دژە ژینگانەی دەسەڵاتداری ئێران شەرمەزار دەکەین و باوەڕمان وایە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکییە ژینگەپارێزەییەکانیان بەرفراوانتر بکەنەوە، پێویستە حکومەتی ئێرانیش ئەوە بزانێت کە کردەوە دژە ژینگەییەکانی بێ وەڵام نامێنێتەوە.

د.خ

Leave A Reply