هەینی, 11 أغس 2017 – 14:05
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
لە شارۆچکەی وێرانشاری سەربە شاری ڕوحای باکوری کوردستان، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە هێرش کراوەتە سەر گۆڕی شەهیدانی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە و یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە و کێلەکانیان شکێندراون.
تەرمی ژمارەیەک لە شەهیدانی یەپەگە و یەپەژە لە گۆڕستانی نوێی شارۆچکەی وێرانشار بەخاک سپێردرابوون، کە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرێکانی و وێرانشارەوە، ڕاگەیەندراوە کە هێرش کراوەتە سەر ئەو گۆڕستانە و کێلی هەموو شەهیدانی یەپەگە و یەپەژەیان شکاندووە لە گۆڕستانەکەدا.
جێگای ئاماژەیە، کە حکومەتی تورکیا دەیان ساڵە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی جەنگ پێشێلدەکات و هیچ ڕێزێک ناگرێت لە بایەخە مرۆییەکان، پێشتریش دەیان جار هێرشیان کردووەتە سەر گۆڕی گەریلاکان، بەتایبەتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا هێرشەکانی پۆلیسی تورک و هێزە سەربازییەکانی تورک بۆ سەر گۆڕستانەکان زیادیان کردووە.
د.خ