کۆنفرانسی بەلجیکا بەردەوامە و داوای ناساندنی ستاتۆی ڕۆژئاوا دەکرێت

پێنجشەممە, 6 فبر 2020 – 13:27  ڕۆژنیوز – سلێمانی

١٦-یەمین کۆنفرانسی کورد-ی نیودەوڵەتی، لە دووەمین ڕۆژدا لە شاری برۆکسل-ی پایتەختی بەلجیکا بەردەوامە و بڕیارە ئەمڕۆ کۆتایی بێت.

کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی هاوڵاتییانی یەکێتی ئەوروپا-تورکیا، لە ژێر ناونیشانی “یەکێتی ئەوروپا، تورکیا،  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد”، بەڕێوەدەچێت.

کۆنفرانسەکە هەموو ساڵێک ئەنجام دەدرێت و چەندین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانی ئەوروپا بەشداریی تێدادەکەن، هەروەها لە میسر و ئیکوادور و چەندین وڵاتی ئەوروپاشەوە چەندین ئەندام پەرلەمان، لێکۆلینەر، ڕۆژنامەنووس، بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە گەلی کورد و ڕۆژئاوای کوردستان، تیایدا بەشدارن.

لە کۆنفرانسەکەدا داوا کرا کە خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئاستی نێودەوڵەتیی بناسرێت و عەبدولا ئوجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان ئازاد بکرێت.

لەو بارەیەشەوە ڕەفیق غەفور، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کە بەشداریە لە کۆنفرانسەکەدا لە لیدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بە گرنگیی کۆنفرانسەکە کرد و وتی: گرنگی ئەم کۆنفڕانسە، تایبەت لە باسکردنی بارودۆخی کوردستان و تیشک خستنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و داگیرکارییەکانی دەوڵەوتی تورکیایە، بۆئەوەی هەموو ئەو داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییانە کە دەکرێتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بە گوێی دونیا بگەیەنین.

ئەو ئەندامەی کەنەکە، وتیشی: بڕیارەکان لە کۆتایی کۆنفڕانسەکە ئاشکرا دەکرێت، بەڵام  لە گەڵ ئەو باسانە داوای کۆمەڵیک هەنگاویشمان کردووە کە لەو پێناوەدا پێویستە لە لایەن یەکێتی ئەوروپا کە ئەندامێکی ناتۆیە، بنرێت، بە تایبەت داخوازی ئێمە ئەوەیە کە دەرگایەکی گفتوگۆ بکرێتەوە و هێزە کوردییەکان بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان و ستاتۆی ڕۆژئاوا بناسێنرێت.

ش.ف

Leave A Reply