بومەلەرزەکەی ئورمیە ٧٥ برینداری لێکەتووەتەوە

دووشەممە, 24 فبر 2020 – 10:23  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

دوێنێ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٧ پلەی پێوەری ڕێختەر بە قووڵایی ٦ کیلۆمەتر لەژێر زەوی شاری قتور لە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شاری وان لە باکوری کوردستان ڕوویدا.

بەهۆی بومەلەرەزەکەوە لە شاری وان لە باکوری کوردستان نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون و زیانێکی زۆر بەر ماڵ و حاڵی هاوڵاتیان کەوتووە.

دوێنێش موجتەبا قەمسەری سەرۆکی ناوەندی فریاکەوتنی ئێران بە ڕاگەیاندنەکانی ئێرانی، وت: تا ئێستا ژمارەی بریندارانی بومەلەرزەکەی قتور لە پارێزگای ئورمیە گەیشتووەتە ٧٥ کەس و زۆربەیان چارەسەرییان وەرگرتووە و لە ئێستادا تەنیا شەش کەسیان لەژێر چاودێریدان.

هەروەها لەسەر زیانە مادییەکانی ئەو بۆمەلەرزیە، کاربەدەستانی ئێران ئامارێکی ڕوونیان بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی ئەو دیمەنانەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، نزیکەی ٤١ گوند لەو سنوورە زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و بەهۆی کەمتەرخەمی کاربەدەستان، خەڵکی ئەو ناوچانە شەوی ڕابردوو لەژێر سەرما و سۆڵەی زستان ڕۆژیان کردەوە.

ک.س

Leave A Reply