پانۆراماى ئابورى ساڵى ٢٠١٨ى باشورى کوردستان

یەكشەممە, 23 ديس 2018 – 09:12  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

لەدواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمەوە، لە ساڵى ٢٠١٧ دا گەمارۆیەکى ئابورى لە لایەن وڵاتانى دراوسێى عێراق و حکومەتى ناوەندى عێراق-ەوە خرایە سەر هەرێمى کوردستان و هەتاوەکو ئەمساڵ ئەو گەمارۆیە درێژەى هەبوو، هەروەها لەدواى جێبەجێکردنى گەمارۆکانى ئەمریکا لەسەر ئێران، دیسان ئابورى هەرێمى کوردستان زیانى پێکەوت و بەهاى کاڵان بەرزبووە.

لەلایەکى دیکەوە، ڕێکەوتنى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى عێراق و ناردنى بڕێک پارەى مانگانە لەلایەن حکومەتى ناوەندییەوە بۆ مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم، تا ڕادەیەک کاریگەرى قەیرانى ئابورى لە هەرێمى کوردستان، کەمبوویەوە.

لە پانۆراماى ڕووداوە ئابورییەکانى ساڵى ٢٠١٨ تیشک دەخەینە سەر گرنگترین ڕووداوە ئابوریەکانى هەرێمى کوردستان.

  • لە ڕۆژى ٢ى مانگى شوبات، ئەمساڵ، حکومەتى ئێران بڕیاریدا بە کردنەوەى دەروازەى سنورى پەروێزخان و حاجى هۆمەران، کە لە دواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم لە ساڵى ڕابردووەوە ئەو دەروازە سنورییانەى داخستبوو، بە کردنەوەى ئەم دەروازە سنوریانە جموجۆڵى ئابورى لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئێران دەستیپێکردەوە.
  •  
  • لە ڕۆژى ٢ى شوبات، هاوکات لەگەڵ کردنەوەى هەردوو دەروازەى سنورى پەروێزخان و حاجى هۆمەران، حکومەتى عێراق بە بیانووی تۆمارنەكردنی دەروازە سنورییە لاوەكییەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بڕیاریدا سەرجەم دەروازە سنورییە لاوەكییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتى ئێران دابخرێن، ئەو بڕیارەش دەروازە سنورییەکانى  شۆشمێ، لەسنوری شارەدێی بیارەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە و هەڵاڵاوا و توتمان، لە سنوری شارۆچکەی پێنجوێن و پشتە لە سنوری شارەدێی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، دەگرێتەوە، ئەم بڕیارەش لەگەڵ ئەوەى زیانى ئابورى گەیاند بە هەرێمى کوردستان، زیانى بەو کۆمەڵێک خەڵکى زۆر گەیاند کە بژێوییان لەسەر ئەو دەروازە سنوریانە پەیدا دەکرد، هەروەها بڕیارەکە لە چوارچێوەى ئەو بڕیارانەدا بوو، کە حکومەتى عێراق، بۆ فشارخستنەسەر هەرێمى کوردستان، لە دواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمەوە دەریدەکرد.
  •  

 

  • لە ڕۆژى ٢١ى شوبات داعەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان، لە پەرلەمانى هەرێێمى کوردستان، لە دانیشتنى پەرلەماندا، ئاشکراى کرد، کە بڕى ٦٠ ملیۆن دۆلاری پارەی پترۆدۆلاری کەرکوک دیارنییە و چووەتە سەر حسابی تایبەتی نەجمەدین کەریم، پارێزگار پێشوى شارى کەرکوک، بابەتى دیارنەمانى ئەو بڕە پارەیە، کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا و بووە ڕۆژەفى زۆرێک لە میدیاکانى هەرێمى کوردستان و عێراق، هەرچەند لیژەى بۆ پێکهات و لە دادگاى هەولێر لێکۆڵینەوەى لەسەرکرا، بەڵام پاش ماوەیەک بێدەنگى لێکرا و ئەو کەیسە بە نادیارى مایەوە.
  •  
  • ڕۆژى ٧ى ئازار، جوتیاران، لەبەردەم نوسینگەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لە شارى  هەولێر، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ پێدانى پارەى گەنم پێیان، پرسى پارەى گەنمى جوتیاران، پرسێکى ئابورى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراقە، لەبەر ئەوەى حکومەتى عێراق پارەى بەو جوتیارانەى هەرێمى کوردستان نەداوە، کە لە ساڵى ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ گەنم-یان بە وەزارەتى بازرگانى عێراق داوە، ئەو پێنەدانى پارەیەش تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکانى نێوان           هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى کراوە، جوتیارانیش داوایان دەکرد، کە ئەو پرسە  لە تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان نەکرێت.
  •  
  • لەڕۆژى  و ٢ ١ى ئازاردا چین و توێژەکانى هەرێمى کوردستان لە کەمئەندامان و مامۆستایانى ناڕازى و زانایانى ئاینى و نوێنەر ١٤ ڕێکخراوى کۆمەڵى مەدەنى، لە شارى سلێمانى و شار و چارۆچکەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان، دژى پڕۆژەیاساى نوێى خانەنشینى کە لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان گفتۆى لەسەر دەکرا، ناڕەزایەتى نیشاندرا، ئەویش بەهۆى ئەوەى خانەنشینى پلەباڵاکان بە ٨٠%ى موچەى بنەڕەتییان دیاریکرابوو، هاوڵاتیان داوایاندەکرد، کە مووچەى خانەنشینى پلەباڵاکان کەمبکرێتەوە و خانەنشینى پەرلەمانتارانیش نەمێنێت، بەهۆى فشارى خۆپیشاندەرانەوە ئەو هەموارکردنەوەیەى یاساى خانەنشینى ڕاگیرا.
  •  
  • ڕۆژى ١٩ى ئازاردا، حکومەتى ناوەندى عێراق، بڕى ٣١٧ ملیار دینار  ٥٤٠ ملیۆن و ٤٦٥ هەزار دینار، بۆ هەرێمى کوردستان نارد، ئەمەش لەدواى ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندییەوە هات،کە لە لە دواى ڕیفراندۆمەوە ئاڵۆزى بەخۆیەوە بینى بوو، هەروەها یەکەمجار بوو، کە حکومەتى عێراق پارە بۆ هەرێمى کوردستان بنێرێت، لەدواى ئەوەى نورى مالیکى، سەرۆک وەزیرانى پێشوترى عێراق، لە بەرامبەر سەربەخۆ فرۆشتنى نەوت لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لە ساڵى ٢٠١٤ وە ناردنى بودجەى هەرێمى کوردستانى ڕاگرتبوو.
  •  

 

  • ناردنى ئەو پارەیە، وایکرد تا ڕادەیەک پێدانى مووچەى  مووچەخۆرانى هەرێم بچێتەوە دۆخى ئاسایى خۆی، هەروەها بووە هۆى ئەوەى فەرمانبەرانى هەرێم خۆپیشاندانى فراوان ئەنجامبدەن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەى پاشەکەوتى مووچە هەڵبگیرێت.
  •  
  • ڕۆژى ٢٨ى ئازار، لەژێر فشارى خۆپیشاندانەکانى فەرمانبەراندا، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا لە شارى هەولێر، سیستمی نوێی مووچەی ئاشکرا کرد، کە تێیدا پاشەکەوتى مووچە کەمکرابووەوە بڕیار درابوو، هەر مووچەیەک لە ٤٠٠ هەزار دینار کەمتربێت پاشەکەوت نایگرێتەوە، ‌زۆرترین ڕێژەی پاشەکەوت ٣٠% دەبێت، ئەویش بۆ بەڕێوەبەری گشتی و بریکاری وەزیرەکانە، مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی تاوەکو ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزاریش لە ٢٥% زیاتر نابێت، ئەم بڕیارەى حکومەتى هەرێم، تا ڕادەیەک فشارى ئابورى سەر مووچەخۆرانى هەرێمى کەمکردەوە و جوڵەى ئابورى خستەوە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان.
  •  
  •  
  •  
  •  
  •    بەهۆى ئەوەى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى هەرێمى کوردستان، بەشى پێداویستى ناوخۆ ناکات، ئەم  بڕیارەى  حکومەتى ئێران، کاریگەرى لەسەر بەرزبوونەوەى نرخ هەبوو لە هەرێمى کوردستان، بە شێوەیەک کە نرخى کیلۆیەک تەماتە بەرزبوویەوە بۆ دوو هەزار دینار، کە پێشتر بە کەمتر لە هەزار دینار بوو.
  •  
  • ڕۆژى ٢٣ى حوزەیران، وتەبێژى دەستەى گەشتوگوزارى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند، کە لەماوەى شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣١٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمى کوردستان، لە ٨٢%ی گەشتیاران لە خوارو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون، لە ١٣% لە ئێران و لە ٥% لە وڵاتانی بیانییەوە هاتوون، هاتنى ئەو گەشتیارانە کاریگەرى لەسەر بوژانەوەى بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان هەبوو، کە مێک لە قورسایى قەیرانى دارایی لەسەر شانى کاسبکاران کەمکردەوە.
  •  
  •  ڕۆژى ٢٨ى ئەیلول، حکومەتى عێراق، سێ خاڵى گومرگى لە نێوان کەرکوک- هەولێر، کەرکوک- سلێمانى، موسڵ- دهۆک، دانا و گومرگ-یان لەو شمەکانە وەردەگرت، کە لە هەرێمى کوردستانەوە هەناردەى شارەکانى ناوڕاست و خواروى عێراق دەکران، ئەمەش بووە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى شمەک لە شارى کەرکوک و شارەکانى خواروى عێراق و ئاستەنگکردنى هەناردەى شمەک لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ شارەکانى دیکەى عێراق.

  •  
  • ڕۆژى ١٥ تشرینى یەکەم، بەهۆی ئەو ئابڵوقە ئابورییەی لەلایەن ئەمیرکا-وە خراوەتە سەر وڵاتى ئێران، حکومەتى ئێران هەناردەى ١٥ جۆر ماددەی خۆراکیی بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کرد.
  •  
  • ڕۆژى ٢٨ تشرینى یەکەم ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى، پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراقی پەسەندكردووە و ناردى بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێكردن و پەسەندكردنی، لە پڕۆژە یاساى بودجەدا، هەروەک ساڵى پار بودجەى هەرێمى کوردستان بە ١٢.٦٨ دیاریکرابوو.
  •  
  • لە ڕۆژى ٣١ى تشرینى یەکەم، خولى چوارەمى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان کۆتایى هات، وەک پێشینەى خانەنشینى، هەر پەرلەمانتارێک بڕى ٤٨ ملیۆن دینارى پێدرا، پێدانى ئەو بڕە پارەیە بە پەرلەمانتاران ناڕەزایى زۆرى لێکەوتەوە و لە زۆربەى شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوەو ناڕەزایەتى ئەنجامدرا، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێک وەرگرتنى ئەو بڕە پارەیەى ڕەتنەکردەوە.
  •  
  • ڕۆژى ١١ى  تشرینى دووەم،  هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ وڵاتی ئێران ڕاگیرا، ئەوەش لەژێر فشارى خولى دووەمى گەمارۆ ئابورییەکانى ئەمریکا هات لەسەر ئێران.
  •  

 

  • ڕۆژى ١٦ى تشرینى دووەم، حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستان، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى نەوتى شارى کەرکوک، لەڕێگەى بۆرییەکانى هەرێمى کوردستانەوە، هەناردەى بەندەرى جیهانى تورکى بکرێت، ئەم دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى کەرکوک، لەدواى ئەوەوە دێت، کە ماوەى ساڵێکە هەناردەى نەوتى کەرکوک ڕاگیرابوو.
  •  
  •  ڕۆژى ٢٣ ى تشرینى دووەم، لەشارى سلێمانى، بە بەشدارى ١٨٠ کۆمپانیاى ناوخۆیى و بیانى، سیانزەهەمین، پێشانگاى نێودەوڵەتى سلێمانى کرایەوە.
  •  
  • ڕۆژى ٤ى کانونى یەکەم، وەرگرتنى گومرگ لە خاڵە گومرگییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و شارەکانى ناوڕاست و خواروى عێراق ڕاگیرا، بەڵام خاڵە گومرگییەکان هەڵنەگیرا.

د.ع

Leave A Reply