پێشمەرگە دێرینەکان پشتیوانی لە پەیامەکەی دوران کاڵکان دەکەن

پێشمەرگە دێرینەکانی باشوری کوردستان پشتیوانی لە پەیامەکەی دوران کاڵکان دەکەن، کە داوای کردبوو پێشمەرگە هاوشانی گەریلا دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک تێبکۆشن، پێشمەرگەیەکی دێرین دەڵێت: پەیامێکی پیرۆز و شۆڕشگێڕانەیە و بانگی یەکگرتنە دژی داگیرکاریی، پێویستە بەرەیەکی هاوبەش دروستبکەین و دژی دەوڵەتی تورک ڕاپەڕین.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵی “مەدیاهابەر”، لەبارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر هەفتانین و باشوری کوردستان ئاماژەی بەوەدا: دەوڵەتی تورک دەیەوێت کوردستان لە عەفرین تا خواکورک داگیربکەن، هەروەها لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان داوای لە هێزی پێشمەرگە و ڕێکخراو و دامەزراوەکانی کورد کرد، کە لە پاڵ گەریلادا بن.

ئەم پەیامەی دوران کاڵکان، لەلان پێشمەرگە دێرینەکانی باشوری کوردستانەوە پشتیوانی لێکرا و لەو چوارچێوەیەدا، دەریا عومەر کاکە ڕەش پێشمەرگەیەکی دێرین، هەڵوێستی خۆی لەبارەی داگیرکارییەکان و ئەو پەیامە بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو.
دەریا عومەر، لەبارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە وتی: ئامانجیان داگیرکردنی کوردستانە، ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەوڵەتی تورک ڕۆڵی سەدامی دیکتاتۆری ڕابردوو دەبینێت، ئەمەش خودی ئەردۆغان و حزبەکەیەتی، کە هەوڵدەدەن سەردەمی عوسمانی زیندو بکەنەوە، پێویستە ئەو پێشمەرگە دێرینانەی کە توانایان ماوە هاوشانی گەریلا ڕووبەڕووی ئەم داگیرکارییە بوەستنەوە، ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمیش لەم کاتەدا هەڵوێستی جوامێرانەیان نەبێت مێژوو لەسەریان دەنووسێت.

سەبارەت بە پەیامەکەی دوران کاڵکان وتی: پەیامێکی پیرۆز و شۆڕشگێڕانەیە، بۆ گەلی ئێمە کە یەکگرتووبین نەهێڵین داگیرکەران بمان خۆن، ئێستاش باشترین بژاردە بۆ گەلی کورد کۆنگرەی نەتەوەییە، وەک چۆن کاتی خۆی بەرەی کوردستانی هەبوو سەرپەرشتی ڕاپەڕینی گەلی کرد دژ بە ڕژێمی بەعس، پێویستە ئێستاش حزبەکان بەرژەوەندی خۆیان بخەنە لاوە و بەرەیەکی هاوبەش لە حزبەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان دروستبکرێت و لە دژی داگیرکاری تورک ڕاپەڕین.

ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە زۆر نیگەرانین لە بەشێک لە میدیا و لایەنە کوردییەکان، کە ڕۆژانە ڕەز و باخی وڵاتەکەمان دەسوتێت و منداڵ و خەڵکی مەدەنی شەهید دەکرێت و داگیرکاری دەکەنە سەر خاکەکەمان بەڵام لێی بێدەنگن، ئەوە شەرمەزارییەکی گەورەیە و مێژوو ئەمەیان لێ قبوڵ ناکات پیویستە بەخۆیاندا بچنەوە، خۆشبەختانە ئەوەی کە گەریلا شۆڕشگێڕەکان دەیکەن لە دژی داگیرکاری مەگەر تەنها لەشەڕی ڤێتنامدا بەرخۆدانی وا کرابێت هەموومان شانازی بە گەریلاوە دەکەین و هێزی ڕاستەقینەی کوردستانن.
د.ع

Comments are closed.