پەیوەندییەکانى تورکیا و ئەمریکا و كاریگەرییەکانى لەسەر کوردستان

دووشەممە, 27 أغس 2018 – 08:35  ڕۆژنیوز – دانا عومەر

ماوەى مانگێکە ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات کە قەشەیەکى ئەمریکى ئازاد بکات کە دەستگیرى کردووەن بەڵام تورکیا ئەو داوایەى ڕەتکردووەتەوە بەهۆیەوە پەیوەندى سیاسى نێوان ئەمریکا و تورکیا تێک چووە و بەردەوام پەیوەندییەکانیان بەرەو خراپتر دەڕوات.

سەرهەڵدانى ناکۆکییەکانى ئەمریکا و تورکیا

قەشە ئەندریۆ برانسۆن-ى ئەمریکى بە تۆمەتی بوونى پەیوەندی بە گروپی فەتحوڵا گولەن و پەکەکە و تێوەگلان لە هەوڵی کودەتای تەمموزی ٢٠١٦ ی تورکیا، لە ١٥ ی تەمموزی ٢٠١٦ لە گەڵ ١٢ کەس لە هاوڕێکانی لە شاری ئیزمیری تورکیا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەستگیرکراوە.

دواى تێپەڕینى نزیکەى دووساڵ بەسەر دەستگیرکردنى قەشە ئەمریکییەکەدا لە ڕۆژى ٢٦-٧-٢٠١٨ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تویتێکی هەڕەشە ئامێز لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی دەڵێت: به‌هۆی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی قه‌شه‌ برۆنسۆن بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌لایه‌ن توركیاوه‌، ئێمه‌ش سزای توركیا ده‌ده‌ین و ئابڵوقه‌ و گه‌مارۆی فراوانیان ده‌خه‌ینه‌سه‌ر، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌زووترین كات ئه‌م كه‌سه‌ بێتاوانه‌ ئازاد بكرێت.

لە هەمان ڕۆژدا مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا له‌ وته‌یه‌كدا له‌ په‌راوێزی كۆنگره‌ی ئازادییه‌ ئاینییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، وتی: به‌ناوی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاوه‌ په‌یامێك ئاراسته‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا و حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌كه‌م: پێویسته‌ له‌سه‌رتان قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ برانسۆن ئازاد بكه‌ن، یانیش ده‌بێت به‌رگه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كان بگرن.

کاردانەوەکانى تورکیا

تورکیا ملى بۆ داواکارییەکەى ئەمریکا نەدا بۆ ئازادکردنى قەشە ئەمریکییەکە، مەولود چاوشئۆغلو، وەزیرى دەرەوەى تورکیا، ڕایگەیاند، کە ئەوان مل بۆ داواکارییەکانى ئەمریکا نادەن و هیچ وڵاتێک بۆى نییە بڕیار بەسەر تورکیادا بسەپێنێت.

هەرچەند بەرپرسانى تورکیا لە میدیاکانەوە بە توندى وەڵامى ئەمریکا دەدەنەوە، بەڵام لە ڕێگە دبلۆماسییەکانەوە هەوڵدەدەن بە نەرمى کێشەکانیان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکەن لەڕۆژى ٩/٨/٢٠١٨ دا شاندێکى نۆکەسى لە سێ وەزارەتى جیاواز لە تورکیا وە چوونەتە ئەمریکا و لەگەڵ شاندێکی ئەمریکایی بە سەرۆکایەتی جۆن سۆلیڤان، یەکێک لە یاریدەدەرەکانی وەزیری ناوخۆی کۆبوونەتەوە، بە مەبەستى چارەسەرى ئاڵۆزییەکانى نێوان تورکیا و ئەمریکا.

بەپێى ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەى (The Wall Street Journal)، کۆبوونەوەکە ماوەى ٥٠ خولەکى خایاندووە و بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایى هاتووە، چونکە شاندەکە داواى گۆڕینەوەى قەشە برۆنسۆن-يان كردوو بە محەمەد ھاکان، جێگری سەرۆکی ھاڵک بانکی تورکیا، کە لە ئەمریکا دەستگیر کراوە، بەڵام ئەمریکا ئەوەى ڕەتکردووەتەوە و داواى ئازادکردنى بێمەرجى قەشە ئەمریکییەکەیان کردووە.

ئەو ڕۆژنامەیە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە ئەمریکا داواکارییەکانی بەرزتر کردووەتەوە و داوای ئازادکردنی سیرکان کۆڵکی کە (ھاوڵاتییەکی ئەمریکی-تورکیی کارمەندی ئاژانسی ناسایە) و سێ کارمەندی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکەن، کە تورکیا دەستبەسەری کردوون.

ئاڵۆزییەکان دەڕۆنە بوارى کردارییەوە

تورکیا ملى بۆ داواکارییەکەى ئەمریکا نەدا بۆ ئازادکردنى قەشە ئەمریکییەکە، ئەوەى کە کردییان تەنها ئەوەبوو قەشەکەیان لە زیندانەوە گواستەوە بۆخانوویەک، بۆیە ئەمریکا هەڕەشەکانى خستە بوارى پراکتییکییەوە و باجى لەسەر ئاسن و ئەلەملیۆم ى تورکی دوو هێندەى جاران زیاد کرد، ئەوەش بەهاى لیرەى تورکى دابەزاند و تورکیاى ڕووبەڕووى هەڵاوسانى ئابووریى کردووە, لە بەرامبەردا تورکیا بەپێی مەرسومێک کە ئەردۆغان واژۆیکردووە، گومرگی لەسەر چەند کەلوپەل و هاوردەیەکی ئەمریکی بەرزکردەوە وەک ئۆتۆمبێل و مادە کهولیەکان و توتن.

ڕاستى ئاڵۆزییەکان لەسەر قەشە ئەندریۆ نییە

زۆرێک لە چاودێرانى سیاسیى پێیان وایە، کە کێشەى نێوان ئەمریکا و تورکیا پەیوەندى بە ئازادکردنى قەشە ئەندریۆ نییە، بەڵکو کێشەى ڕاستەقینە ئەوەیە، کە تورکیا کێشەى بۆ گەمارۆکانى ئەمریکا لەسەر ئێران دروستکردووە، بەهۆى ئەوەى کە تورکیا پابەند نەبوونى خۆى بە گەمارۆکانى ئەمریکا لەسەر ئێران ڕاگەیاندووە و ئاماژەى بەوەکردووە کە بەردەوام دەبن لە گرێبەستە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێراندا لەبوارى وزە و گازى سورشتیدا، ئەوەش ئەمریکاى نیگەران کردووە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا، لە تویتێکدا دەڵێت کە تورکیا دەمێکە وەک دۆست ماڵەى نەکردووە، ئەگەر قەشە ئەمریکییەکە ئازاد نەکەن ئەوا ئەوان پشت لە تورکیا دەکەن و گەمارۆى زیاتر دەخەنە سەر تورکیا، وەک ئاماژەیەکیش بۆ توندى گەمارۆکانیان دەڵێت کە تورکیا دەخنکێنن.

لە وەڵامى وتەکانى دۆناڵد ترامپ و فشارەکانى ئەمریکادا، ئەردۆغان لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەى نیۆرک تایمز، بڵاوى کردووەتەوە، دەڵێت، کە تورکیا بە درێژایی ٦٠ ساڵى ڕابردوو هاوپەیمانى ئەمریکا بووە، بەڵام ئەمریکا بەبێ ئەوەى لە نیگەرانییەکانى تورکیا تێبگات هاوکاریى یەپەگە-ى کرد لە سوریا، هەروەها هەڵوێستێکى شەرمنانەى هەبوو لەسەر کودەتا شکستخواردووەکەى تورکیا و داواى تورکیاى بۆ ڕادەستکردنەوەى فەتحوڵا گولەن، بە تورکیا ڕەتکردەوە.

لە درێژەى وتارەکەیدا ئەردۆغان دەڵێت، کە ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە فشارەکانى لەسەر تورکیا، ئەوا تورکیا بەدواى دۆستێکى نوێدا دەگەڕێت.

ڕەزا ئاڵتون، ئەندامى کۆنسەى بەڕێوبەرى کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانى فورات نیوز، دەڵێت، کە توركيا دەیەوێت ئەمریکا بە گوێرەى بەرژەوەندییەکانى ئەو هەنگاو بنێت لە ڕۆژهەڵاتى ناوڕاستدا، دەیەوێت ئەمریکا هاوکارى بێت لە پاکتاوکردنى کورد لە ناوچەکەدا، ئەگەر ئەمریکا داواکارییەکانی تورکیا قبوڵ بکات، ناچاردەبێت دەستبەرداری سیاسەتەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، چونکە تورکیا دەیەوێت سیستمی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک خۆی بمێنێت و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردیش لەناوببرێت، واتە تورکیا دەیەوێت دەستێوەردانی ئێران نەکرێت، دۆخی سوریا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ئاڵۆزییەکانی و کورد، کە لە پێکهێنانی ئەو گۆڕانکارییاندا ئەو هەموو باجەیان داوە و ڕۆڵیان گێڕاوە لەناوببرێن.

ناوبراو پێى وایە، کە ئەمریکا ئەوانە قبوڵ ناکات، لە بەرامبەردا ئەمریکاش داوا لە تورکیا دەکات، کە بەگوێرەی سیاسەتەکانی ئەمریکا بجووڵتەوە، واتە هەموو هەڵوێستەکانی تورکیا بەرامبەر بە ئێران، ڕوسیا و سوریا بەگوێرەی سیاسەتەکانی ئەمریکا بێت.

ئاڵتون دەڵێت: تورکیای ئێستا وەها بریندارە و قەیرانەکان وەها بەدواییەکدا ڕوودەدەن، کە هیچ دەرفەتێک بۆ بەستنی برینەکان لە ئارادانییە، برینەکە هەر قووڵتردەبێتەوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خوێنی زیاتری لەبەردەچێت، تورکیا دەیەوێت وەک سیستمی پێشو وڵات بەڕێوەببات، لەگەڵ هەموو کێشەکانی وەک نادیمکراتیبوونی تورکیا و پرسی ئتنیکەکان و ئاینەکان لە تورکیا و لە هەموویان گرنگتر پرسی کورد لە تورکیادا، دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەردەوام بێت لە سیستمی نەتەوە – دەوڵەت، بەڵام بەخێرایی گۆڕانکراییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، تورکیا ئەمەی پێ قبوڵ ناکرێت، تورکیا لە هەموو ڕووەکانەوە بەرەو دەسەلاتدارییەکی فاشیستی دەگۆڕدرێت، بۆ دوژمنایەتیی کورد پەیوەندی بە هەموو هێزێکەوە دروست دەکات، ئەوەش خۆی لە پەیوەندییەکانی بە ڕوسیا و ئێڕرندا پیشاندەدا، کە بنەمای کێشەی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایە.

کاریگەرى ناکۆکییەکانى ئەمریکا و تورکیا لەسەر کوردستان

هەرچەند ئەمریکا و تورکیا لە پێناو ستراتیژ و بەرنامەى خۆیاندا ململانێ دەکەن، بەڵام بەهۆى ئەوەى بنەماى سیاسەتەکانى تورکیا لەسەر بنەماى دژایەتیکردنى گەلى کوردە، ئەوە ئاڵۆزیى پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا، تورکیا لاواز دەکات و دەرفەتێک دەدات بە کورد، کە دەستکەوتى زیاتر بەدەست بهێنێت لە گۆڕانکارییەکانى ناوچەکەدا، ئەو ئاڵۆزیانە وادەکات کاریگەریى سیاسەتى تورکیا لە ڕۆژهەڵاتى ناوڕاستدا بەتاییەت لە سوریا کەم بکاتەوە، ئەوەش وادەکات دەرفەت بڕەخسیت بۆ بزوتنەوە ئازادیخوازەکانى کورد لە هەر چوار پارچەى کوردستاندا کە دەستکەوتى زیاتر لە گۆڕانگارییەکاندا بەدەست بهێنن.

مەسعود عەبدولخالق، چاودێرى سیاسیى، پێىوایە، تێکچوونى پەیوەندییەکانى تورکیا و ئەمریکا کاریگەریى ئەرێنى لەسەر کوردستان دەبێت، بەتایبەت لەسەر باشورى کوردستان، کە لەپێشتردا لەژێر هەیمەنەى تورکیا دا بووە، ئێستا دەتوانێت خۆى لە ژێر ئەو هەیمەنەیەدا دەربهێنێت، هەروەها لە ڕۆژئاواى کوردستانیش پیلانەکانى تورکیا تێکدەچێت و دەرفەت بۆ گەلى کورد دەڕەخسێت، کە بە مافەکانى بگات.

ناوبراو، بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: هەتاوەکو وڵاتانى داگیرکارى کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى ناکۆکبن خزمەت بە دۆزى کورد دەکات، بۆیە ئەگەر سیاسییەکانى کورد بە ئاقڵانەو ستراتیژێکى تۆکمەوە هەنگاو بنێن دەتوانن سودى زۆر لەو ناکۆکیانە ببینن.

وتیشی: دەبێت بە وریاییەوە بڕوانینە تێکچوونى پەیوەندییەکانى تورکیا و ئەمریکا، چونکە زۆرجار تورکیا پەیوەندى لەگەڵ وڵاتاندا تێک دەدات و چاکى دەکاتەوە، وەک ئەوەى لەگەڵ ڕوسیادا ڕوویدا، تورکیا سازشى گەورە بۆ وڵاتە گەورەکان دەکات و ئەو گەل و وڵاتانەش کە دەسەڵاتى بەسەریاندا هەیە دەیانچەوسێنێتەوە.

مەسعود عەبدولخالق، پێى وایە، کە هەرچەند تورکیا سازش بۆ وڵاتەگەورەکان دەکات، بەڵام بە ئاسۆیەکى ڕوون نییە بۆ ئەوەى ئاڵۆزییەکانى نێوان تورکیا و ئەمریکا بە زوویى خاو ببنەوە.

هەرچەند پێدەچێت تێکچونى پەیوەندییەکانى تورکیا و ئەمریکا کاریگەریى ئەرێنى لەسەر کورد هەبیت، بەڵام چاودێرانى سیاسى پێیان وایە، ئەگەر نێوماڵى کورد ڕێک نەخرێتەوە و یەکڕیزیى کورد پێک نەیەت، ئەوا کورد ناتوانێت سود لە تێکچوونى پەیوەندییەکانى تورکیا و ئەمریکا ببینێت.

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان-کەنەکە، لە ڕابردوودا چەندین هەوڵى بۆ بەستنى کۆنگرەى نەتەوەیى و یەکڕیزى کورد داوە، چەندین کۆنفرانسى گشتى و ناوچەییان لە ناوەوە و دەرەوەى کوردستان ئەنجام داوە بۆ نزیککردنەوەى لایەنەن و ڕۆشنبیر و کەسایەتى و ڕێکخراوەکانى هەرچوار پارچەى کوردستان لەیەک، بۆ ئەوەى دیدێکى هاوبەشى کارکردن لە نێوانیاندا دروست ببێت، هەرچەند هەوڵەکانى کەنەکە، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، بەڵام پێویستە لایەنەکان هەنگاوى زیاتر بنێن بۆ لێک نزیک بوونەوە لەپێناو ئەوەى لە دۆخێکى وەک ئەوەى ئێستا لە ئەنجامى تێکچونى پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و ئەمریکا هاتووەتە دى کورد زۆرترین هەنگاو بنێت بەرەو دەستکەوتنى مافەکانى.

 

ش.ف

Leave A Reply