لە لۆزان تا جنێڤ بۆ یەکێتی نەتەوەیی ڕێپێوان دەکرێت

سێشەممە, 3 ديس 2019 – 11:12  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

سەدان سیاسەتمەدار، نووسەر، هونەرمەند، ڕۆژنامەنووس، ئاکادمیسیەن، نوێنەری ڕێکخراو و پارتەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان ڕۆژانی ٥ و ٦ی ئەم مانگە لە شاری لۆزانی سویسرا تا جنێڤ، لەژێر ناوی “بۆ لەناوبردنی داگیرکاری، یەکێتی نەتەوەیی دروست بکە” ڕێپێوانێک ئەنجامدەدەن. 
لەسەر ئەو بابەتە کۆمیتەی ئامادەکاری ڕێپێوانەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: بە ڕوانگەی جیاوازی سیاسی، نوێنەری ڕێکخراو و پارتەکانی چواربەشی کوردستان، ڕۆشنبیر، نووسەر، هونەرمەند، نیگارکێش، ڕۆژنامەنووس، ئاکادمیسیەن، ژن و گەنجانی کرستیان، کورد، سوریانی-کەلدانی، ئاشوری، ئەرمەنی، تورکمان، عەلەوی، موسوڵمان و ئێزدی لە ڕۆژانی ٥ و ٦ی ئەم مانگە بۆ یەکێتی نەتەوەیی لە لۆزان بەرەوە جنێڤ ڕێپێوان دەکەین. 
هەروەها هاتووە: کێشەی هەرە گەورە کە ئاسانکاری بۆ هێزە مشەخۆرەکان دەکات، پێکنەهاتنی یەکێتی نەتەوەیی کوردانە، بە سیاسەتی پارچەکردن و تواندنەوە ویستیان کورد لاواز بکەن، بەڵام دوای ٢٠٠ ساڵ لەناو گەلی کورددا، بیرمەندییەکی بەهێزی نەتەوەیی دروست بوو کە بە یەکێتی نەتەوەیی لەم سەدەیەدا ئەنجام بەدەست دێنێت. 
لە بەردەوامی هاتووە: هێزە مشەخۆرەکانی دەوڵەتانی تورک، ئێران، عیراق و سوریا، یەکەمجارە ئەوەندە بێ هێز بووبن و کەوتبنە بەر لێکترازان، مێژوو دەرفەتێکی گەورەی پێشکەشی کورد و گەلانی بندەست کردووە. 
لە بەشێکی دیکەش هاتووە: بۆ ئەوەی سەدەی ٢١ بکەینە سەدەی پێگە و ئازادی کوردستان، یەکێتی نەتەوەیی بۆ هەموومان ئەرکێکی مێژووییە، گەلەکەمان، ڕۆشنبیر و هونەرمەندان، چونکە ئەو مەترسییەیان بینی، بۆ یەکێتی نەتەوەیی هەنگاویاننا، بۆیە ئێمە لە لۆزانەوە لە پێش چاوی ڕای گشتی جیهان و گەلی کورد، بانگ لە هەموو پارتەکان دەکەین کە بۆ یەکێتی نەتەوەیی سەفەربەر ببن و یەکێتی نەتەوەیی پێکبێنن. 
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕێپێوانەکە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە لە گۆڕەپانی ‘لۆزان پلاس د ڕیپۆنەی’ کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک بە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسی دەستپێدەکات، دوای ڕێپێوان ئێوارە پانێلێک بۆ یەکێتی نەتەوەیی ئەنجامدەدرێت و بە بەشداری هونەرمەندان لە لۆزان کۆنسێرتێک بەڕێوەدەبرێت، لە ڕۆژی دووەمدا ڕێپێوانکەران، بەرەو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ ڕێپێوان دەکەن و لەوێ بە بەڕێوەبردنی میتینگێک کۆتایی بەڕێپێوانەکەدێت.
ک.س 

Leave A Reply