بە مەقام و گۆرانی یادی عەلی مەردان كرایەوە

سێشەممە, 24 يول 2018 – 20:37  ڕۆژنیوز – كەركوك 

كاتژمێر٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هۆڵی شەهید سیروان تاڵەبانی لە كەركوك، بەڕێوبەرایەتی هونەری و ڕۆشنبیری كەركوك، بە كۆنسێرتێك یادی ٣٧ ساڵەی كۆچی دوایی عەلی مەردان-ی كردەوە.

سەرەتای كۆنسێرتەكە بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد.

دواتر لە لایەن هونەرمەندانەوە، چەندین بەستە و مەقامی هونەرمەندی كۆچ كردوو لەنێو ئاپۆرای هاوڵاتیان پێشكەش كرا.

سیروان بێلانە، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی هونەری و ڕۆشنبیری كەركوك، دەربارەی ئامانجی كۆنسێرتەكە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەمڕۆ بە ئامادەبوانی هونەرمەندانی هەولێر و سلێمانی، یاندی هونەرمەندی كۆچكردوو عەلی مەردان-مان كردەوە، ئامانجمان لەم كۆنسێرتە بەرزڕاگرتنی یادی هونەرمەندە لە پای ئەو خزمەتەی كە بە هونەری كوردی كردوە.

وتیشی: عەلی مەردان، پاشای مەقاماتی هونەری كوردیە.

عەلی مەردان ساڵی ١٩٠٤ لە گەڕەكی بەرتەكیەی شاری كەركوك لە دایكبووە، لە منداڵیەوە ئارەزوویەكی زۆری بۆ گۆرانی و مەقام تێدا دەركەوتووە، ئەوەش كاتێ هەستی پێدەكرێت كە چۆتە تەكیەی تاڵەبان تا لەوێ گوێ لەو دەنگ و ئاوازە بە سۆزانە بگرێت كە مەلا و فەقێكانی تەكیەكە بە شێوەی مەقام دەیانخوێنن.

 هونەرمەند كە بە “پاشای مەقامی كوردی” ناوبانگی دەكردووە، ساڵی ١٩٨١ لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و تەرمەكەی لە گۆڕستانی پشت تەكیەی تاڵەبانی لە شاری كەركوك بەخاك سپێردراوە.

ك.ك/س
 

Leave A Reply