ژینگەپارێزێک: هۆشیاری تاکی کورد بۆ پاراستنی ژینگە لە ئاستێکی نزمدایە

سێشەممە, 11 أبر 2017 – 09:31 

ڕۆژنیوز – بەرهەم لەتیف

چالاکوانان بواری ژینگە و کارمەندانی تەندروستی، هۆشیاری لە پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەدەن لە وەرزی بەهاردا، چالاکوانێکی بواری ژینگەش دەڵێت:”هۆشیاری تاکی کورد بۆ پاراستنی ژینگە لە ئاستێکی نزمدایە”.

لە وەرزی بەهاردا، هاوڵاتیان بۆ بەسەر بردنێکی کاتێکی خۆش ڕوو لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن، ئەوەی لای ژینگە دۆستان بووەتە جێی نیگەرانی، پیسکردن و فڕێدانی پاشماوەکانە لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکاندا لەلایەن بەشێکی هاوڵاتیانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.

لێزان محەمەد، کارمەندی تەندروستی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:”ژینگەی پاک و تەندروست کاریگەری دەبێت لەسەر دواڕۆژی نەوەکانی ئێمە، کاریگەری دەبێت لەسەر تەندروستی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە”.

لێزان، وتیشی:”نەک هەر کارمەندان و پزیشکانی تەندروستی، بەڵکو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ژینگەیشەوە، دەبێت تیمی تایبەت پێک بهێنن، بۆ ئەوەی زیاتر ڕێنمای خەڵک بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین پیس ببێت”.

هەر لەوبارەیەوە، دکتۆرە ڕابیعە عەباس دکتۆری ئیشاعە و سۆنار، بە ڕۆژنیوزی وت:” ئەگەر ژینگە پاک نەبێت، ئەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی جیاواز، ژینگە پارێزی هاوتەریبە لەگەڵ وڵاتپارێزی، چونکە ئەگەر ژینگەیەکی پاکمان نەبێت، وڵاتمان بۆ چییە”.

ئەو، وتیشی:”من وەک پزیشکێک، کەم هەفتە هەیە نەخۆشییەکی ژێرپەنجە کەشف نەکەم، ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە ژینگەکەمان پاکوخاوێن نییە، ئەوەش وادەکات تەندروستی هاوڵاتیان تێک بچێت”.

لای خۆشییەوە، ئیبراهیم زەریف، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز وتی:” ئەمساڵ ساڵی نەهامەتی سەیرانگاکان بووە، لە هەموو ساڵەکانی تر، ئەمساڵ زیاتر سەیرانگاکان پیس کراون، پیسکردن بە کەرەستەی پلاستیکی تەمەن درێژ کە سەدان ساڵی دەوێت بۆ توانەوە، ئەمساڵ لە ساڵانی ڕابردووش زیاتر دار بڕاون و سوتێندراون”.

زەریف، وتیشی:” ژینگە پەیوەندی بە هەموو جومگەکانی ژیانەوە هەیە، تاکی کورد لەگەڵ کە ئاستی هۆشیاری ژینگەیی نزمە، ئامادەی کاری خۆبەخشیش نییە، بۆ پاراستی سروشت و ژینگەی وڵاتەکەی، کێشەی ئێمە نەبوونی نزمی ئاستی هۆشیاریی تاکی کوردە بۆ ژینگەپارێزی، کە ئەوەی بەلایەوە گرنگ نییە ژینگەیە”.

د.خ

Leave A Reply