“ڕێژەی سەوزایی شاری سلێمانی نزیکە لە ستانداردی جیهانی”

پێنجشەممە, 15 ديس 2016 – 12:25 

رۆژنیوز – ڕێزان محەمەد

بەڕێوبەری باخچەکانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ڕێژەی سەوزایی شاری سلێمانی نزیکە لە ستانداردی جیهانی، دەشڵیت: کەمی سەوزایی کاریگەری لەسەر نەخۆشیەکان و بەتایبەت نەخۆشیە دەروونیەکان هەیە.

ئەمڕۆ لە هۆتێل رامادای شاری سلێمانی وۆرکشۆپێکی ژینگەیی سەبارەت بە دۆخی ژینگەی هەرێم و کاریگەریەکان و ڕێگە چارەکان لەلایەن ڕێکخراوی Rreach و بە بەشداری دامودەزگا و ڕێکخراوە ژینگەییەکان بەڕێوەدەچێت، وۆرکشۆپەکە تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.

منیرە عومەر، بەڕێوبەری پڕۆژە لە ڕێکخراوی Reach، بە رۆژنیوزی راگەیاند: ئەم وۆرکشۆپەی کە ئەمڕۆ سازمان کرد لەسەر ژینگە و کاریگەریەکانێتی بە ئامادەبوونی بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی و فەرمانگە ژینگەییەکان و چەند دکتۆرێکی تایبەت بە کەشوهەوا و چەندین ڕێکخراوی ژینگەیی، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریەکان لەسەر گۆڕانکاری کەشوهەواو ڕووبەڕووبونەوەی کاریگەرییە خراپەکانی”.

کامەران حەمە ساڵح، بەڕێوبەری باخچەکانی سلێمانی-ش، بە ڕۆژنیوزی وت:” بەهۆی ئەوەی ساڵانە توانیومانە کە بە پێی پلان و بەرنامە ٥٠ باخ دروستبکەین و وە نزیکەی ٢٠٠هەزار دار بڕوێنین لە شاری سلێمانیدا، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٤دا ٣٢ باخچەمان دروستکردووە و ٧٦ هەزار دارمان ڕواندووە، لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ قەیرانەکەدا ١٨ باخچەمان دروستکردووە و ٣٦ هەزار دارمان ڕواندووە، لە ٢٠١٦دا هەتا ئێستا نزیکەی ٤٠ هەزار دارمان ڕواندووە، دەتوانم بڵێم سلێمانی لە عێراق و لە هەرێمی کوردستاندا بە سەوزترین شار دادەنرێت، ڕێژەی سەوزایی شاری سلێمانی %١٥و نزیکە لە ڕێژەی ستانداردی جیهانی “.

کامەران حەمەساڵح، وتیشی:” ساڵانە لەگەڵ فەرمانگەی ئاماری سلێمانی ئاماری سەوزاییەکان لەگەڵ هاوڵاتیان بەراورد دەکەین، لە شاری سلێمانی ٥٦٠ باخچە و پارکمان هەیە و ملیۆنێک و ٣٥٠ هەزار دارمان هەیە کە بەڕێوبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی خزمەتی دەکەین، وە زیاد بوونی رێژەی سەوزایی مرۆڤ دوور دەخاتەوە لە زۆربەی زۆری نەخۆشتیەکان و بەتایبەت نەخۆشیە دەرونیەکان، لە ساڵانی رابردوو کە ڕێژەی سەوزای کەمبووە هاوڵاتیەکی زۆر توشی نەخۆشی دەروونی بووە، چونکە نەچۆتە ناوچە سەوزەکان بۆ بەسەربردنی کات و گەشتکردن”.

هەروەها مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەیی ئایندە، بە رۆژنیوزی وت:” ڕێکخراوە ژینگەییەکان ڕۆڵێکی باشیان هەیە لە هۆشیار کردنەوەی تاک بۆ پاراستنی ژینگە و بۆ سەوزکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوەکەی ئێمەش ڕۆڵێکی زۆر باشی هەبووە بە دەرکردنی گۆڤار لەسەر ژینگە و بەستنی وۆرکشۆپ، هەر بۆیە پێویستە ڕێکخراوە ژینگەییەکان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ سەوزکردنی شارەکان بۆ باشبوونی تەندروستی”.

ڕێکخراوی Reach ناحکومیە و ماوەی ٢٥ ساڵە دامەزراوە، لەسەر بواری جیاواز کاردەکەن وەکو کۆمەڵایەتی و بواری ژنان و هاوکاری ئاوارەکان و بواری پەروەردەی و بواری گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا کاردەکەن.

س.ح

Leave A Reply