ئێران لە رۆژهەڵات و تورکیا لە باکور ئاگر لە دارستانەکانیش بەردەدەن

دووشەممە, 5 سبت 2016 – 15:31 

رۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری تورک و رژێمی ئێران، بە کۆمەڵکوژی مرۆڤەکانەوە ناوەستن و سیاسەتی سوتاندنی زەویەکانی کوردستانیش پەیڕەودەکەن.

گوندنشینانی گوندەکانی بەدلیس، رایانگەیاند، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لەرێگەی بەکرێگیراوان و جەندرمەکانیەوە، دارستانەکانی ئاکانیوس، یۆلاکای سەروو، ئاڤا وەخفێ، ئۆلەکا-ی سەروو، شیخ جومعە و هەرێمی سیهی سەر بە شارۆچکەی خیزانەی شاری بەدلیس، بە تۆپبارانەکانیان دەسوتێنن.

ماوەی پێنج رۆژە ئەو ئاگرتێبەردانانە بەردەوامن و بە هۆیانەوە، بە سەدان هێکتار زەوی کشتوکاڵی و دارستان سوتاون.

لە گوندەکانی شارۆچکەی شەمزینان-ی سەر بە جۆلەمیرگیش، ئاگر لە دارستانەکانی هەرێمی بەرمێش کەوتۆتەوە و تا دێت ئەو ئاگرە تەشەنە دەکات.

جەندرمەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ئاگرەکە ناکوژێننەوە و رێگەش بە هاوڵاتیانی ئەو هەرێمانە ناەن کە ئاگرەکە بکوژێننەوە.

لەلایەکی ترەوە، رژێمی ئیرانیش بەردەوامە لە سوتاندنی دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان، لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆیان بلاویانکردۆتەوە، رۆژی شەممەی رابردوو، بۆ جاری دووەم، ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەی هانیس و خەیارەی سەر بەشاری سنە، بەردرا.

لە ئەنجامی ئەو ئاگرتێبەردانانە، چەندین هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە سوتان و زیان لە ژینگەی ئەو هەرێمانە دراوە و گیانلەبەرانی دارستانەکانیش، رووبەرووی زیان بوونەوە.

خەڵکی ناوچه‌که‌ و ئەنجومەنی ژینگەپارێزان لە شاری سنە، ئاگرەکەیان کوژاندەوە.

هەروەها، پێش سێ رۆژیش، ئاگر له‌ دارستانەکانی ناوچەی تەنگە قیر-ی شاری ئیلام بەردرا، وەک هەمیشە رژێمی ئێران، هیچ هەلێکی نەدا بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام دوای دوو رۆژ، خەڵکی ئەو ناوچە، تەشەنەی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد.

هەروەها لە شاری بۆکان باغەکانی ئەمیرئاوا، ئاگریان تێ بەردرا.

لەلایەکی تریشەوە، دارستانەکانی گوندی جران لە پیرانشار، و دارستانەکانی کەنگە لە نزیک زرێباری مەریوان، لەیەک کاتدا، ئاگریان تێ بەردرا.

ش.ف

Leave A Reply