كامپی هۆڵ و زیندانی غوەیران.. ئەو بۆمبە تەوقیتكراوەی توركيا دەیەوێت بەڕووی جیهاندا بیتەقێنێتەوە

پاش ساڵێک بەسەر هێرشەکەی داعش بۆسەر زیندانی حەسەکە، کە ئامانج لێی زیندووکردنەوەی داعش بوو، هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە، نەورۆز ئەحمەد فەرماندەیەکی قەسەدە ئاشکرای دەکات، چەتەکانی داعش لەژێر لێپرسینەوەدا  دانیان بەوەداناوە، دەزگای سیخوڕی میت و دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بڕیاردەر و دەستی پشت هێرشەکە بوون.  

ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، بە پلانێكی پێشەوەختە و هێرشێکی لەناکاو، داعش بە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو هێرشی كردە سەر زیندانی غوێران، لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، دوای تەقاندنەوەی دیواری زیندانەكە، نزیكەی هەزار دیلی داعش لە زیندانەکە هەڵهاتن، دەستبەجێ هێزەکانی قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە و دوای هەفتەیەک لە پێکدادان و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان، شکستیان بە پیلانەکە هێنا.

ئامانجی هێرشەکە

بە وتەی سەرچەتەکانی داعش کە دواتر دەستگیرکراون، ئامانجیان ڕفاندنی چەند چەتەی مەترسیدار لە ئەمیر و دامەزرێنەرانی داعش بووە لە زیندانەکەدا، دواتر حەسەکە داگیربکەنەوە، پلانی دواتریش هێرشکردن بووە بۆسەر کامپی هۆڵ، لێرەوە ناوەندی خەلافەتی نوێ رابگەیەنن و پاش حەسەکەش ناوچەکانی دیکە داگیربکەن و داعش زیندوو بکەنەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکان، بە دەربازكردنی زیندانیانی غوێران و گەیشتنەوەیان بە كامپی هۆڵ، داعش دەیتوانی نزیكەی ٣٠ هەزار چەكدار ڕێكبخاتەوە.

پاش هەفتەیەک لەو هێرشە قەسەدە ڕایگەیاند، شەڕڤانان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ تەواوی زیندانی غوێرانی حەسەکەیان کۆنترۆڵکردووە و سەرجەم چەتەکانیش خۆیان ڕادەستی شەڕڤانان کردووەتەوە.

ئەوەشیان ڕاگەیاند، لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی زیندانی ‌غوێراندا ١٧٥ چەتەی داعش کوژراون و ٢٧ شەڕڤانیش شەهیدبوون.

پاش ساڵێک بەسەر ئەو هێرشەدا، نەورۆز ئەحمەد، ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرای دەکات: “لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامە دەربارەی ئەو هێرشە و ئەنجامدەرانی لەژێر لێپرسینەوەدان، بەگوێرەی دانپێدانانی چەتەکانی داعش، ئەندامانی پلە باڵای میت بەشدارییان کردووە لە هێرشەکەدا”.

پێشتریش، عەبدوڵا ئیسماعیل ، سەرچەتەی داعش و بەرپرسی هێرشی سەر زیندانەکە، دوای دەستگیرکردنی دانی بەوەدانا: “میت فەرمانی هێرشی سەر زیندانی غوێرانی دەرکردووە”.

ئێستاش زیندانی غوێران و كامپی هۆڵ، کە تایبەتە بە چەتەکانی داعش، مەترسییەکی گەورەن و بە بۆمبێكی تەوقیتكراوە لەبەرەم ئاسایشی ناوچەكەدا پێناسە دەکرێن.

هـ.ح

Comments are closed.