پێکهاتەکان داوای تۆمارێکی تایبەت بەخۆیان دەکەن بۆ هەڵبژاردنەکان

هەولێر

بەشێک لە پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان ڕایدەگەیەنن، پرسی ئێمە تێکەڵ بە کێشە و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان کراوە و دوو هێزی دەسەڵاتدار لە پێناو بەرژەوندییەکانی خۆیان کورسی کەمینەکان بەکاردەهێنن، هەروەها داواکارن، یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و تۆماریی دەنگدەرانی تایبەت بە پێکهاتەکان دروستبکرێت.

پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بە یاسا ١١ كورسییان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ دیاریی كراوە، یەنەكە پێیوایە، پەدەكە دەستی بەسەر كورسی پێكهاتەكاندا گرتووە و پێكهاتەكان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان لە پەرلەماندا نییە، بۆیە داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژارد دەكات بەشێوەیەك، پێكهاتەكان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان بنێرنە پەرلەمان.

لەسەر كورسی پێكهاتەكان ناكۆكی لە نێوان پەدەكە و یەنەكەدا دروستبووە و تائێستاشی لەگەڵدابێت پەدەكە دەیەوێت بە هەمانشێوەی خولەكانی پێشووی پەرلەمان، كورسی پێكهاتەكان لە ژێر سیاسەت و كاریگەریی خۆیدا بمێنێتەوە، ئەمەش چارنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی خستووەتە بەردەم چارەنووسێكی نادیار.

زیا پترویس

لەوبارەیەوە، زیا پترویس، كەسایەتی سیاسی پێكهاتەی مەسیحییەکان دەڵێت:  لایەنەکانی پەرلەمانی کوردستان کورسی پێکهاتەکانیان تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان کردووە، لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا، نەوەک ململانێ بێت بۆ مافی پێکهاتە و کەمینەکان، بەجۆرێک دوو هێزی دەسەڵاتدار کورسی پێکهاتەکان لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، بۆیە نابێت چیتر پێکهاتەکان  تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێن.

ئەو كەسایەتییە سیاسییەی مەسیحییەكان وتیشی: داوادەکەین یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە پێکهاتەکان هەبێت، هەروەها لایەنە سیاسییەکان تێکەڵ بە کورسی کەمینەکان نەبن، بۆ ئەوەی خۆیان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان دیاری بکەن.

هەرچەندە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە بیانوی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، زیاتر لە ساڵێك تەمەنی خۆی درێژكردەوە، پاشان سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ١٨ی ١١ی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردن دیاریی كرد، بەڵام تائێستا پەرلەمان هیچ هەنگاوێكی نەناوە، لەبەرئەوەی لایەنەكان نەگەیشتوون بە ڕێككەوتن.

رەجەب کاکەیی

هەرلەم بارەیەوە رەجەب کاکەیی، كەسایەتییەكی كاكەیی بە ڕۆژنیوزی وت: هەمیشە دەنگی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ لایەنێکی دایاریکراو بەکارهاتووە، بەهۆی ئەوەی کەمینەنن کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی دوو هێزی دەسەڵاتدار، لەئاست داخوازیی و نوێنەرایەتی پێکهاتەکان نین.

ڕەجەب داواشیکرد تۆماری تایبەت بە دەنگدەرانی پێکهاتەکان هەبێت، تا هیچ کەسێک نەتوانێت لەبری پێکهاتەکان دەنگبدات، جگە لەوەش هەبوونی مافی “ڤیتۆ” بۆ پێکهاتەکان بەگرنگ دەزانێت.

س.س

Comments are closed.