پڕۆسەی ماندێلا.. هەوڵەکەی مام جەلال بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان

باران گەرمیانی

لە شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری پێشووی یەنەکە و سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق، ڕۆژنیوز چەردەیەک لە چاوپێکەوتنەکانی ڕێبەر ئۆجالان و مام جەلال لەمەڕ هەوڵەکانیان بۆ ئازادیی گەلی کورد دەخاتەڕوو، هەروەها پڕۆسەی ماندێلا وەک کۆتا پڕۆژەی مام جەلال، بۆ ئازادبوونی ڕێبەر ئۆجالان و پڕۆسەی ئاشتی، کە تەمەن ڕێگەی پێنەدا و پێش بەدیهێنانی گیانی سپارد.

ئەمڕۆ، شەش ساڵ، بەسەر کۆچی دوایی جەلال حیسامەدین شێخ نوری، ناسراو بە مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری پێشووی یەنەکە و سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق تێدەپەڕێت، کە لە ٣ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، بە هۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ سلێمانی و لە گردی دەباشان بە خاک سپێردرا.

مام جەلال بە یەکێک لەو سەرکردانەی کورد دەناسرا، کە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستاندا هەبوو، لەو چوارچێوەیەدا ئاشنایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئاستێکی بەرز دابوو، چەندین جار لە بیقاع و سووریا ڕۆشتووەتە دیداری و چاویان بە یەک کەوتووە لە سەر ڕێگاچارەی ڕزگاربوونی کورد و یەکێتی نەتەوەیی هەوڵی هاوبەشیان داوە.

ئاشنایەتی ڕێبەر ئۆجالان و مام جەلال

لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٨٢ـی ناوخۆی تورکیا، ڕێبەر ئۆجالان ڕوو لە شام دەکات، لەو کاتەشدا مام جەلال هەر لە شام دەبێت، لەوێ ئاشنایەتییان درووست دەبێت و بەردەوام گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لە نێوانیان ڕوودەدات، هەروەک مام جەلال بە محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری کوردیشی وتووە: لەگەڵ ئۆجالاندا فکرمان زۆر لە یەکەوە نزیکە، بۆ شۆڕش و تێکۆشان لە پێناو کورد.

هەروەها محەمەد ئەمین پێنجوێنی ئەوەی بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرا کرد، کە “پەیمانێکی تایبەتیی دووقۆڵیی نهێنی لە نێوان ڕێبەر ئۆجالان و مام جەلالدا هەبوو، کە بە پێی ئەو پەیمانە هەردوولایان بە یەک ستراتیژەوە کاربکەن و شۆڕشی کورد بەرەو پێشەوە ببەن و ڕێگە نەدەن جارێکی دیکە سەرکردەی کلاسیک و بنەماڵەیی شۆڕشی کورد قۆرخ بکەن، تەنانەت ئەگەر شەڕ و کێشەش لە نێوانیاندا هەبێت ئەو پەیمانە هەڵنەوەشێننەوە بۆ ئەوەی ڕەوتی ڕزگارییخوازی کورد بەرەو پێشەوە ببەن.”

لە دوای دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالانیشەوە لە پیلانگێڕیی ١٥ـی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ مام جەلال دەڵێت: “بزووتنەوەی کوردیی لەسەر دوو قاچ بەڕێوە دەچوو، قاچی یەکەم ئۆجالان و پەکەکە بوون، قاچی دووەم ئێمە بووین لە باشوور، ئێستا خەریکە قاچی یەکەممان دەبڕنەوە.”

وەک ئەوەی پێنجوێنی ئاماژەی پێدەکات، کە پاش ڕفاندنی ڕێبەر ئۆجالان، مام جەلال بە پێنجوێنی دەڵێت: “دەبێت تا من لە کوردستان بم تۆ لێرە بیت بۆ ئەوەی ببیتە پرد لە نێوان من و قەندیل.”

لە پرسی یەکڕیزیی کوردییشدا، ڕێبەر ئۆجالان زۆرجار پرس و ڕای لەگەڵ مام جەلال کردووە، بە تایبەت لە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و هەوڵدان بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد، پێکەوە گەیشتوونەتە ئەو بڕیارە.

پڕۆسەی ماندێلا بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان

محەمەد ئەمین پێنجوێنی لە یاداشتەکانیدا باس لە پڕۆژەیەک دەکات بە ناوی پرۆسەی ماندێلا، کە مام جەلال لە ١٧ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٢، پێنجوێنی ئاگادار کردووەتەوە و کردوویەتی بە سکرتێری پڕۆژەکە، پرۆگرامی پڕۆژەکەش بەم شێوەیە بوو:

  1. گفتوگۆی ئاشتیی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا
  1. گفتوگۆی شەڕی کورد و دەوڵەتی تورکیا
  1. ئازاد کردنی (ئۆجەلان) یان ھێنانە دەرەوەی لە زیندان و جێگیرکردنی لە جێیەکی تایبەتیدا تا بتوانێت دەستکراوە بێت لەکارکردنیدا بۆ ئاشتی.
  1. ھەوڵدان بۆ وەرگرتنی بڕیاری شەڕ وەستاندن لە تورکیا و ناچارکردنی دەوڵەتی تورک بە دانوستاندن لەگەل پەکەکە.

مام جەلال، ئەم پڕۆژەیەی ناو نابوو پڕۆسەی ماندێلا، بەڵام ئێوارەی هەمان ڕۆژ مام جەلال تووشی جەڵتەی مێشک دەبێت، بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی دەکات،  ئیدی پرۆژەکەشی پەکی دەکەوێت و ناگاتە ئەنجام.

نیڵسۆن ماندێلا، سەركردەی کۆچکردوو و ناسراوی ئەفریقای باشوور، لە ساڵی ١٩٦٢ بە تۆمەتی سەركردایەتیی كردنی بزووتنەوەیەكی چەكداری تاوەكو ساڵی ١٩٩١ لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی ئەفریقا باشوورەوە زیندانی كرا، لە ماوەی زیندانی کردنیدا توندوتیژیی و ئاڵۆزی باڵی بەسەر ئەو وڵاتەدا کێشا، بۆیە حکومەت لە ساڵی ١٩٨٠ بڕیاریدا بە هێنانە دەرەوەی لە زینداندا و جێگیرکردنی لە شوێنێکی تایبەتدا.

ب.گ

Comments are closed.