جەنگێکی خوێناوی لە غەزەوە بۆ سەرپاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بۆتان گەرمیانی

شەڕ و کێشمەکێشی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ٧٥ ساڵە بێ پسانەوە بەردەوامە، ئاگری ئەو شەڕەی کە یەکەم چەخماخەی لە سەروبەندی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ لێدرا، لە ٧ـی تشرینی یەکەم بە هێرشی چەکدارانی حەماسی فەڵەستینی لە ژێر ناوی ” تۆفانی ئەقسا”ـدا کڵپەی سەندەوە، ئەمڕۆ ١٩ ڕۆژە ئاگری شەڕ پێچ دەخوات و سوتماکی ئەو شەڕەش گەلی فەڵەستن و ئیسرائیلن.

“بەرەی مقاوەمە” چەکوشە کاراکەی ئێران لە سەر ئەمریکا

هەر لە سەرەتای شەڕەکەوە جۆ بایدن و بەرەی ئەمریکا دەمودەست پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسرائیل ڕاگەیاند، بەمەش ڕژێمی ئێران و دەستوپێوەندەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هارووژان و وەک یەکەم کاردانەوە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح نوێنەری سیاسەتی ئێران لە عێراق بە زمانێکی توند و هەڕەشە ئامێز وەڵامی جۆ بایدن و ئەمریکای دایەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دەستوەردان لە شەڕەکەدا بکات، ئەوانیش وەك بەرەی مقاوەمە کە (هێزێکی دەستوەشێنی میلیشیایی گرێدراوی ئێرانن) دەستوەردان دژی ئیسرائیل دەکەین و پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەینە ئامانج لە عێراق.

فراوانبوونی تانوپۆی جەنگەکە

پاش ئەم پەیامە لە ١٨ـی تشرینی یەکەم، بە فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان هێرش كرایە ‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ و بنكه‌ى سه‌ربازیى ئەمریکا لە هه‌ریر لە سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، دواتر بەرەی مقاوه‌مه‌ى ئیسلامیی سەر بە ئێران له ‌عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

لە دوای ئەو پەیامەوە، تا ئەمڕۆ بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی سەر بە ئێران، دە هێرشی مووشەکی و درۆنییان بۆ سەر بنکە و بارەگا و فڕۆکەخانە سەربازییەکانی ئەمریکا ئەنجام داوە، لە عێراق و هەرێمی کوردستان و سووریا.

وەک وەڵامدانەوەیەک لە ٢٢ـی مانگ، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) بڵاوی كردەوە، دوای پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەكانی سەر هێزەكانمان، بڕیارماندا سیستەمی بەرگری ئاسمانیی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنێرین.

جوڵە چڕ و خێراکانی سوپای ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) ئاشکرای کرد، ئەمریكا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی (THAAD) و سیستمی مووشەكی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی زیاتر دەنێرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هێزی زیاتر دەنێرێت بۆ ناوچەكە، بەڵام ژمارەیان دیاری نەكرد.

لە پاڵ ئەمەشدا، ئەمریکا هێزی دەریایی جوڵاند بۆ دەریای سپی، تا ئێستا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری ڕەوانە کردووە کە هەریەک لەو کەشتییانە حەوت کەشتی سەربازیی یاوەری دەکەن.

لەو کاروانانەشدا هەزاران سەربازی ڕاهێنراو و تایبەتی خۆی ڕەوانە کردووە و زیاتر لە ١٥ هەزار سەربازی لە دەریای سپی مۆڵداوە.

هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەمریکا لەو کاتەوە تا ئێستا ٨٠ فڕۆکەی بارهەڵگری جۆری (کاربۆ)ـی بە پڕچەکی و بڕێکی زۆر جبەخانەوە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، لە ئوردن، ئیسرائیل و بەشی ڕۆمای قوبرس جێگیریان کردوون، کە لەوێدا ناوەندێکی سەربازیی هێزی دەریایی ئەمریکا هەیە.

بەرەی چین و ڕووسیا بۆچی شەڕیان بردە بەردەم ماڵی سەرانی جی ٢٠

زۆر بە خێرایی و تاکتیکییانە بەرەی چین-ڕووسیا بە هاوپەیمانی ئێران، تورکیا، عێراق و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو، بە پشتیوانی ڕاستەوخۆیان لە حەماس، گۆڕەپانی جەنگەکەیان فراوان کرد و شەڕەکەیان هەڵپێچایە بەردەم دەرگای، داڕێژەرانی پڕۆژەی کۆریدۆری هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- ئەرووپا، کە لە لوتکەی جی ٢٠ـی ئەمساڵ ڕایانگەیاند، ئەوانیش دەمودەست وەک بەرەی دژ هاتنە گۆڕەپانەکە و هەریەک لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، ئۆلاف شۆڵز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و جیۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ڕێگای دووری تەلئەبیبیان داوە ژێر پێ و خۆیان گەیاندە ناتانیاهۆ.

کۆریدۆری هیندستان؛ مەرگی ڕێگای ئاوریشم

بەم دواییە، ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە هەژموونی چین و گەشەکردنی لە ئاسیا و ڕێکخراوی هاوکاری ئابووریی ئاسیا لە زەریای هێمن (پاسیفیک)، هەوڵدەدات پەیوەندیی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیایی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش بخات، واشنتن وەک بەشێک لە ستراتیژیەتی هیندۆ -پاسیفیک هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ ئەوەی هاوپەیمانی ئاسیایی زیاد بکات، لەو چوارچێوەیەدا لە دەرگای هیندستان، ژاپۆن و ئوسترالیاشی داوە.

لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا، بە ئامادەبوونی جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و چەندین سەرکردەی دیکە، لووتکەی  جی٢٠، کە لە هیندستان بەڕێوە چوو، پڕۆژەی “کۆریدۆری” بەستنەوەی ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاوای ڕاگەیاند، بۆ بەیەکەوە گرێدانی هیندستان و ئەورووپا لە ڕێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

ڕێڕەوی ئابووریی هیندستان – ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – ئەورووپای وەک شوێنگرەوەیەک بۆ ڕێگەی ئاوریشمی چین ڕاگەیاند، ئەمریکا ئەو پڕۆژەیەی بە “بازاڕی گەورەی ڕاستەقینە” ناودێر کرد.

ئەم ڕێڕەوە بەندەرەکانی هیندستان بە ئیمارات و بە ڕێگەی ئاسنی بە نێو خاکی سعودیە تا دەگاتە حەیفای ئیسرائیل و دەریای ناوەڕاست و بەندەرەکانی ئەورووپا پێکەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ سەرکەوتنی ئەم ڕێگەیە گورزێکی کوشندە بە ڕێگەی ئاوریشمیی نوێی چینی دەکەوێت، کە “شی” سەرۆکی چین لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە ڕایگەیاندووە و زیاتر لە ٧٠ وڵاتی جیهان ئەندامن تێیدا.

شەڕی حەماس؛ تیرێک و دوو ئامانج

لە پاش ڕاگەیاندنی ئەم پڕۆژە نوێیە، کە بە کۆریدۆری هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا ناسراوە، ئەردۆغان کێچ چووە کەوڵی و ڕاستەوخۆ دژایەتی خۆی بۆ پڕۆژەکە نیشاندا، لەو ڕوانگەیەوە گەر تەماشای ئەم شەڕە بکەین، دەبینین ئەم شەڕە دەتوانێت گۆڕانکاری لەم پڕۆژەیە درووست بکات تا ئاستی بەربەستکردنی، حەماس وەک دەمامکی ئێران و تورکیا بەم شەڕە بە بەرەی ئەمریکای وت، تەنیا هەبوونی وڵاتانی کەنداو بەس نییە بۆ پاراستنی ئەو ڕێگایە، سا بۆیە بەبێ ڕەزامەندی تورکیا یان ئێران، بابەتی دابینکردنی ئاسایشی ئەو پڕۆژە جیۆستراتیژییە کارێکی ئاسان نییە، کە لە بەندەری هەیفای ئیسراییلەوە دەڕواتە ئەورووپا.

ئەردۆغان شەڕەنێزێکی دوو ڕوو، لە پشت کەوالیسی شانۆی جەنگەکەوە

هەموو بنکۆڵکاریی و بەدواداچوونە هەواڵگرییەکان بۆ هێرشەکەی حەماس، جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە لە دەرەوەی فەڵەستین خەت و خاڵی بۆ کێشراوە و هاوکاریی کراوە، ئیسرائیلیش پەنجەی تۆمەتی بۆ ئێران و تورکیا درێژ کرد، سەرەڕای راپۆرتێکی واڵ ستریت جورناڵ لەسەر تێوەگلانی ئێران و پلاندانانی هێرشەکە لە بەیرووتەوە، وتەبێژی دەسەڵاتی کۆکردنەوەی باج-ـی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، بە چەند ڕۆژێک پێش هێرشە مووشەکییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، گومرکی بەندەری ئەشدۆد، دەستیان بەسەر دوو کۆنتینەری تورکیادا گرتووە، لە کاتی ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی دەرکەوتووە، کە ١٦ تۆن کلۆریدی ئەمۆنیۆمیان تێدایە – کە ماددەیەکی کیمیاییە و لە درووستکردنی مووشەکدا بەکاردەهێنرێت و بۆ چەکدارانی حەماس ڕەوانەی کردووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ساڵانی ڕابردوودا سەرباری ئەوەی تورکیا بە ڕواڵەت هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل داوە، بەڵام بەردەوام لە ڕێگەی بانکەکانی و داڵدەدانی سەرکردە داواکراوەکانەوە، هاوکاری چەکدارانی حەماسی کردووە، کورد وتەنی ئەم هاوکارییەش بێ مەڵامەت نییە!

پڕۆژەی ئەبراهام (ماڵی ئیبراهیمیی) وەک ئامانجی دووەم

ساڵی ١٩٩٠ سەید نەسیر (ماهیر کاهانای سەرۆکی بزووتنەوەی کاخی) جوولەکەکانی تیرۆر کرد، بەم تاوانە خستیانە زیندان، نەسیر لە زیندانەوە پڕۆژەی ئایینە ئیبراهمییەکانی گەڵاڵە کرد و نووسییەوە، ئەو خاوەنی پڕۆژەی (یەکگرتنەوەی هەر سێ ئایینەکەیە) و پڕۆژەکەی بۆ (بیڵ کلینتۆن) و ئەندامانی کۆنگرێس دەنێرێت، دیک چینی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە زارەکی لە ڕێی بەڕێوەبەری زیندانەکەوە وەڵامی نەسیر دەداتەوە پێی دەڵێت: نامەکەت گەیشت، بیل کلنتۆن و تۆنی بلێر بە نووسین و چالاکی پشتیوانی ئەم پڕۆژەیە دەکەن.

ئەم پڕۆژەیە دامەزراندنی کۆنفدراسیۆنی ئایینە ئیبراهیمییەکانە و بوو بە سەرەتای درووستکردنی ئایینە ئیبراهمییەکان و چەندین دانیشتن و وتووێژی نهێنی و ئاشکرای لێ کەوتووەتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەو وڵاتە عەرەبییانەی لەگەڵ ئیسرایل ئاشتبوونەتەوە کاریان بۆ ئەمە کردووە، کار بەوە گەیشت ساڵانی ڕابردوو دۆناڵد ترامپ لە مەڕاسیمی ئاشتبوونەوەی ئیمارات و ئیسرایلدا ئەوەی ئاشکرا کرد، کە ئەم ئاشتبوونەوەیە بەشێکە لە پڕۆژەی ئایینە ئیبراهمییەکان لە ناوچەکەدا.

پڕۆژەی ئەبراهام؛ ماڵی ئیبراهیمیی چییە؟

ئەم پڕۆژەیە لە جیاتی مزگەوت و کڵێسا و کنێشتە، شوێنێکە بە ناوی ماڵی ئیبراهیمی، ئەم ماڵە دەیان بنکە و لقی لە ئەورووپا و ئەمریکا و قەتەر و میسڕ و ئیسرایل و ئیمارات و مەغریب و چەندی وڵاتی تر کردووەتەوە. لە ماڵی ئیبراهیم هەرسێ ئایینەکە پەیڕەو دەکرێت.

ئەم پڕۆژەیە و دانوستاندنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودیە لەم چەند ساڵەی دواییدا پرسی فەڵەستینی تا ڕادەیەک پەراوێز خستبوو، بێجگە لە ئێران، ئوردن و قەتەر، پرسی فەڵەستین کەمترین جار لە ڕۆژەڤی گوتاری سەرکردەی وڵاتاندا و لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەنگی دابووەوە، بەڵام ئەم شەڕە نەک تەنیا سەرنجی بۆ سەر پرسی فەڵەستین و غەزە ڕاکێشا بەڵکوو حەماسیشی وەک هێزی سەرەکی مەترسیدار و دەستوەشێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جیاتی فەتح و حزبوڵا، دەرخستە پێش، هاوکات درزێکی گەورەی خستە سەقفی ماڵی ئیبراهیمییەوە، بە جۆرێک پڕۆژەکەی تا لێواری هەڵوەشاندنەوە برد.

ئەی ئیسرائیل؟!

لە پاش هێرشە کتوپڕەکەی حەماس، دوو ڕای جیاواز دەرکەوتن، هەندێک پێیان وایە کە ئیسرائیل خافڵگیربووە و حەماس بە سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای پێشکەتووی هێرشبەری جەنگیی، ئامانجی خۆی پێکاوە، هەندێکی تر بە پێچەوانەوە ئەم خافڵگیرییەی ئیسرائیل بە تاکتیک دەزانن و پێیان وایە خۆی زەمینەی ڕەخساندووە بۆ هێرشەکە، تا وەک کارتێکی بەهێز بە ڕووی جیهاندا بەرزی بکاتەوە و “ئەرێ”ـیەک کە خەونی چەندین ساڵەیەتی بەدەستی بهێنێت.

یەکێک لە ئامانجەکانی ئیسرائیل فراوانکردنی جەنگەکەیە بەرەو و ئێران و سووریا و لبنان، بە تایبەتی دەخوازێت ئێران پەلکێشی ناو ئەو شەڕە بکات، یەکێکی تر لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیل چۆڵکردنی غەزەیە لە فەڵەستینییەکان و گۆڕینی دیمۆگرافیایەتی، تا سەرلەنوێ بە هەوەس و خواستی خۆی دیزاینی بکاتەوە.

دەرئەنجام؛ بە گوێرەی هەموو ئاماژەکان ئەم جەنگە درێژخایەن و تاقەتپڕووکێنە بۆ هەردوو جەمسەرە دژ بە یەکەکەی جیهان و گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، واتا تەنها لە چوارچێوەی غەزەدا نامێنێتەوە، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە دۆخی فراوانبوونی جەنگەکەدا دەبێتە بەشێک لەو شەڕە، هەروەها عێراق بە دووەم گۆڕەپانی ئەو جەنگە دەبینرێت، لەم بەستێنەشدا ئیسرائیل و بزووتنەوەی ئیخوان موسلمین لە ناوچەکەدا لە کەسێتی حەماسدا زەرەرمەند دەبن و گورزی کوشندەیان بەردەکەوێت.

Comments are closed.