سەعید ئاڵچی و دکتۆر شڤان تیرۆركراوانی دەستی بارزانی

بنار هیدایەت

زیاتر لە نیو سەدە بەسەر تیرۆركردنیاندا بە دەستی مەلا مستەفای بارزانی تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا ناو و ناوبانگیان لە هزر و مێژووی كوردیدا بە شۆڕشگێڕ و تیرۆركراوی دەستی بارزانی دەمێننەوە، دکتۆر شڤان و هاوڕێكانی لە بەرامبەر دەستپێكێكی نوێی شۆڕش بێسەروشوێن كران.

شوێن گەڵاڵە، مێژوو ٢٦ – ١١ ساڵی ١٩٧١، هەر یەك لە سەعید قرمزی تۆپراك ناسراو بە دکتۆر شڤان و سەعید ئاڵچی حەسەن ئێكمش ناسراو بە برووسك و حیكمەت بۆڵۆ تەكین ناسراو چەكۆ و محەمەدێ بەگۆ و عەبدول لەتیف ساڤاشی گوللەبارانكران و تا ئێستا گۆڕەكانیان نادیار ماوەتەوە.

لە سەرەتای ساڵی ١٩٧١ ژمارەیەك لە شۆڕشگێڕانی باكوور، بە مەبەستی دەستپێكردنی شۆڕش دێنە باشووری كوردستان، لەو كاتە پەدەكە پەیوەندییەكی دۆستانەی هەروەك ئێستای لەگەڵ دەوڵەتی داگیركەری تورك بەستبوو، لەسەر فەرمانی عوسمانییەكان، دەبێت شڤان و هاوڕێكانی بكوژرێن، بۆ ئەوەی هیچ دەسپێكێكی شۆڕش لە باكووری كوردستان سەر هەڵنەدا، لە گەڵاڵە بە فەرمانی مەلا مستەفای بارزانی د. شڤان و هاوڕێكانی گوللە باران كران و دواتر وێنەی تەرمەكانیان گیرا و ڕەوانەی توركیا كرا بۆ دڵنەوایی تورك لە تیرۆركردنیان.

ئامانجەكانی سەعید ئاڵچی و دکتۆر شڤان

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردی لە چوار پارچەی كوردستان بە بەرزی و نشێویی زۆردا ڕۆیشتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە باكوور بە سەرۆكایەتی سەعید ئاڵچی و دکتۆر شڤان و هاوڕێكانیان دەیانویست شۆڕشێكی چەكداری بهێننە ئاراوە، بە جۆرێك هاوڵاتییان لەو ناوچانە ئاگادار بكەنەوە لە دەستدرێژییەكانی تورك بۆ سەر خاك و ناوچەكانی كوردستانی باكوور، بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی هاوڵاتیانی باكوور بە چالاكی چەكداری دژ بە ئاغاكان و دەرەبەگەكان و ئەو جاشانەی هاوكاربوون بۆ دەوڵەتی داگیركەری تورك، لەلایەكی دیكەوە پارتەكەی ئاڵچی و دکتۆر شڤان دەیانویست بیری چەپی سۆسیالیزمی ماوی پەرە پێبدەن، ئەم ئامانجانە بوونە هۆكارێك بۆ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی باشوور “پەدەكە” بە سەرۆكایەتی مەلا مستەفای بارزانی هەست بە مەترسی بكەن، چونكە لای سۆسیالیزمەكان پەدەكە لە باشوور بەوە وێنا دەكرا خزمەتی تورك لەلایەك و ئێران و ڕووسیا و ئەمریكا لەلایەكی دیكە دەكەن، بۆ ئەم مەبەستە سەعید ئاڵچی تیرۆر دەكەن و تۆمەتەكە بەسەر د. شڤاندا دەسەپێنن و وا بڵاوی دەكەنەوە د. شڤان سەعید ئاڵچی تیرۆر كردووە.

ئەمە داتاشینی درۆی سەردەمیی بوو بۆ شڤان و هاوڕێكانی، وەك ڕۆژنامەی حووڕیەتی توركی ئەوكات هەواڵێك بڵاودەكاتەوە و دەنووسێت “بارزانی پێنج توركی لەسێدارەدا”، موسا عەنتەر باسی یادەوەرییەكانی دەكات و لە بەشێكی یادەوەرییەكەیدا دەڵێت: دوای تیرۆركردنی د. شڤان و هاوڕێكانی مەلا مستەفا میتی تورك بانگهێشتی گەڵاڵە دەكات بۆ ئەوەی تەرمی شۆڕشگێرەكان نیشانیان بدات.

هاتنی سەعید ئاڵچی و د. شڤان بۆ باشووری كوردستان

بەهاتنی سەعید ئاڵچی و شڤان و هاوڕێكانی بۆ كوردستانی باشوور، پەدەكە ئەوەی بڵاوكردەوە كێشە و ئاریشە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانی باكوور بوونی هەبووە و بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە بەرەو باشووری كوردستان هاتوون، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندانەی پەدەكە، لە ١٢ ی ئازاری ١٩٧١ لە توركیا كودەتای سەربازی ئەنجامدا و لە ئەنجامی كودەتاكە، هەموو خەباتێکى سیاسیی و حزبی و مەدەنی قەدەغەكران و سەدان كەسی سیاسیی چەپ “سۆسیالست” دەستگیركران و خرانە كونجی زیندانەكانەوە، سەعید ئاڵچی و د. شڤان و هاوڕێكانی لە باكوور بەرەو باشووری كوردستان بەڕێدەكەون و بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕشێكی نوێ دژی ئەو كودەتا سەربازییەی لە توركیا ئەنجامدرابوو، بارزانی ئاگاداری ڕەوشەكە دەبێت و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی تیرۆركردنەكەیان دەست بەكار دەبێت.

تیرۆركردنی سەعید ئاڵچی و د. شڤان

پارتی و بارزانی قبوڵكردنی ڕاستی پارتێكی سیاسیی دیكەیان قبووڵ نەبوو، بە تایبەتی لە كوردستانی باكوور و كۆكردنەوەی لایەنگرانێكی زۆر گڵۆڵەی پەدەكەی لەلای توركیا دەخستە لێژی، بارزانی لیژنەیەك بۆ لەناوبردن و تیرۆركردنی سەعید ئاڵچی درووست دەكات و لە شارۆچكەی زاخۆ دوای هاتنی لە موسڵەوە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ هەڤاڵەكانی، پەدەكە لە ڕێی لیژنەكەوە تیرۆری دەكات، بیرۆكەی تیرۆركردنی ئاڵچی بۆ پاكتاوكردنی شڤان و هاوڕێكانی لە تیۆرییەوە دەچێتە بواری پراكتیكییەوە، بە جۆرێك بارزانی دەنێرێت بە شوێن هەریەك لە سەعید قرمزی تۆپراك ناسراو بە  د. شڤان و سەعید ئاڵچی حەسەن ئێكمش ناسراو بە برووسك و حیكمەت بۆڵۆ تەكین ناسراو چەكۆ و محەمەدێ بەگۆ و عەبدول لەتیف بۆ گەڵاڵە، لەگەڵ گەیشتنیان دەستگیرییان دەكەن و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك لە زیندان دەیانهێڵنەوە، دواتر بە پێش چاوی كادیرانی پەدەكە لە گەڵاڵە گوللە بارانیان دەكەن و تەرمەكانیان دەشارنەوە.

محەمەد عەلی یونس سەركردەی ئەو كاتی پەدەكە لە گەڵاڵە چۆنێتی ڕووداوەكەی باسكرد و وتبووی، كاتێك د. شڤان و هاوڕێكانیان لەلایەن بارزانییەوە گوللە بارانكران، ئەوەندەمان پێناخۆش بوو دەستمان كرد بە گریان، بەڵام دەسەڵاتی مەلا مستەفامان نەبوو، وەك چۆن دكتۆر حەزانی حاجۆ، كە دكتۆری خۆبەخش دەبێت لە حزبەكەی بارزانی باس لە گرتن و تیرۆركردنەكەی شڤان و هاوڕێكانی دەكات.

دوای نیو سەدە هەر كوشتن و تیرۆر

نیو سەدە زیاتر بەسەر تیرۆركردنی سەعید ئاڵچی و د. شڤان و هاوڕێكانی تێدەپەڕێت، مێژوو دوای ئەو هەموو ساڵە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان خۆی دووبارە دەكاتەوە بە جۆرێك درۆن و هێنانی جەندرمەی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر خاكی پیرۆزی كوردستان، تیرۆركردنی سەركردە شۆڕشگێڕەكانی باكوور و ڕۆژهەڵات و درووستكردنی هەرێمێكی پڕ لە هەیمەنەی چەك و تیرۆر لەلایەن پەدەكەوە بووە بە ڕۆتین و ئیشی ڕۆژانە، كوشتنی هەموو كەسێك بە بیانووی جیا جیا تەنها وەك شڤان و ئاڵچی سیاسەتی پەدەكەیان قبووڵ نییە، گرتنی ڕۆژنامەنووس و پیشەوەری جیا جیا بە تۆمەتی پەكەكە بوون تاكە چەكی دەستی بنەماڵەی بارزانییە بۆ مانەوەی خۆیان و خزمەتكردنی دەوڵەتی توركی داگیركەر.

بـ. هـ

Comments are closed.