پەرتووکی “پیاوێتی بەڵای سەر هەسارەکەمان”بڵاوکرایەوە

سلێمانی

ئەمڕۆ پەرتووکی “پیاوێتی بەڵای سەر هەسارەکەمان” لە نووسینی محەممەد بەکر، بە سوود وەرگرتن لە فیکر و ڕامانی ڕێبەر ئۆجالان،

لە کۆڕێکدا لە سلێمانی ناساندنی بۆ کرا و بڵاوکرایەوە.

ئەمڕۆ لە ناوەندی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان لە شاری سلێمانی، پەرتووکی “پیاوێتی بەڵای سەر هەسارەکەمان” لە نووسینی محەممەد بەکر، ناساندنی بۆ کرا و بڵاوکرایەوە.

پەرتووکەکە، لە دوو توێی ٢٩٤ لاپەڕەدا، کە نووسەر سوودی لە نۆ سەرچاوە بە تایبەت، فیکر و ڕامانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکە وەرگرتووە و لە ١٧ تەوەردا هەڵسەنگاندن بۆ پیاوێتی دەکات.

لە کۆڕەکەدا محەممەد بەکر، نووسەری پەرتووکەکە پێشەکییەکی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە پیشکەش کرد و لە بەشێکی وتەکانییدا وتی: پێویستە پیاوێتیی و ژنێتیی لە پیاو و ژن جیا بکەینەوە، چونکە دوو بوونی کۆمەڵایەتیی گرنگن و بەهایەکی ژیانییان هەیە، بە درێژایی مێژوو هەر دوو ڕەگەز کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتیی بوون، لەم پەرتووکەدا باس لە ژن و پیاو نییە، بەڵکو لێگەڕیی پرسیاری پیاوێتیی و ژنێتییم.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئەو نووسەرە وتی: پیاوی کورد خولقێنەری زهنییەتی پیاوێتیی نییە، بەڵکو ئەم زهنییەتە بۆی ڕەوانە کراوە، لە بنەڕەتدا کورد بە دایکسالارێتیی ژیانی خۆی دەکرد لە کۆمەڵگەی سەرەتاییدا، وردە وردە لەگەڵ دروستبوونی هزری دەسەڵاتدارێتییدا ئیدی ئەم هزرەش پەرەی سەند.

لە کۆتایی کۆڕەکەشدا، پەرتووکەکە بە واژۆی نووسەر پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

ر.س

Comments are closed.