مەسعود عبدولخالق: تورکیا هاتووە هەرێم و لایەنەکان بە پارتیشەوە لە ناوبەرێت

هەولێر

دەوڵەتى داگیرکەری تورک و پەدەکە بە هاوبەشی سەرقاڵی پیلانگێڕییەکی نوێن لەدژی گەلی باشووری کوردستان و گەریلا، بۆئەوەش هەردوولا هێزەکانیان خستووەتە ئامادەباشییەوە، سیاسەتمەدارێکی کوردیش دەڵێت: گومان لەوەدا نییە دەوڵەتی تورکیا هاتووە بۆ لەناوبردنی هەرێم و هەموو لایەنەکان و پەدەکەش دەدات.

ڕۆژی ٢٢ـی شوباتی ڕابردوو کەجەکە هەمووانی لە مەترسییەکی گەورە و پیلانگێڕییەکی نوێی دەوڵەتى تورک و پەدەکە دژ بە گەل و خاکی کوردستان ئاگادار کردەوە و تێیدا هۆشدارییدا و داوای لە هەموو هێزەکانی باشووری کوردستان و حکومەتی عێراق کرد، لە دژی ئەم هێرش و کۆمەڵکوژییانەی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگرن و بەم جۆرە ڕێگری لەوە بکەن کە زیاتر و زیاتر خوێنی هاوڵاتییانی باشووری کوردستان نەڕێژێت.

دوای چەند ڕۆژێک لەو ئاگادارکردنەوەیەی کەجەکە پیلانگێڕییەکە بۆ ڕای گشتى دەرکەوت و پەدەکە هێزە چەکدارەکانى خۆی لەژێر پەردەی پاسەوانى سنوور ناردە چەند ناوچەیەکی سنووری، دوێنیش بە ئاشکرا هێزەکانى زێرەڤانى و پاراستن لەگەڵ ئەفسەر و سەربازانى تورک لە بارەگای هێزەکانى پەدەکە کۆبوونەوە و نەخشەیەکییان لەبەر دەستە کە پیلانی داگیرکاری زیاتر دادەڕێژن.

“تورکیا بۆ ئەوە هاتووە بۆ هەرێم تەواویی لایەنە کوردییەکان بە پارتییشەوە لەناوبەرێت”

لەبارەی ئەم پیلانگێڕییەوە، مەسعود عبدولخالق سیاسەتمەداری کورد لە باشووری کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت و دەڵێت: هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا واتو دژایەتی کردنی گەلی کوردە، چونکە دەوڵەتی تورکیا ئامانجی لەناوبردنی گەلی کورد و داگیرکردنی خاکی کوردستانە.

مەسعود عبدولخالق وتیشی: هەنگاوەکانی حزبی دەسەڵات زۆر زیان بە گەلی کورد دەگەینێت، چونکە هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ لایەنێکی دیاری کراوە نەهاتووە بۆ خاکی کوردستان، بەڵکو بە شێوەی پیلان داڕێژراو هاتووە تەواوی لایەنەکان لەناوبەرن و خاکی هەرێمی کوردستان داگیر بکەن.

“پەدەکە دەیەوێت هێزەکانى ڕۆژ دژ بە گەریلاکانی کوردستان بەکاربهێنێت”

ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای حزبی دەسەڵاتەوە دەیەوێت پیلانەکانی دژ بە لایەنێکی کوردی جێ بەجێ بکات، بە بەکارهێنانی هێزەکانی لەشکری ڕۆژ  دژ بە گەریلاکانی کوردستان، تاوەکو هێرش بکرێتە سەر قەندیل، لەکاتێکدا ئەم هێزە لەسەر قوتی هەرێمی کوردستان پێکهێندراوە، ناکرێت دەسەڵات شەڕی کورد بە  کوردی پێ بکات.

“پشتبەستن بە تورکیا زیانێکی زۆر بە گەلی کورد دەگەیەنێت”

وەک ئەو سیاسەتمەدارە باسی دەکات، حزبی دەسەڵات لەگەڵ هاوڵاتییان و گەلی کورد ناتەباییە، بەم هۆیەوە کەوتووەتە ژێر کاریگەری و ژێر دەستەی دەوڵەتی تورکیا، لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا دژ لایەنێکی دیاری کراوە نییە لە باشووری کوردستان، بەڵکو دژایەتی تەواوی لایەنەکانی هەرچوارپاچەی کوردستان دەکات، چونکە دەوڵەتی تورکیا هیچ کاتێک دۆستی گەلی کورد نەبووە، بۆیە پشتبەستن بە تورکیا زەرەر و زیانێکی زۆری بەر دۆسیەی گەلی کورد دەگەینێت.

” سیخوریکردن و هاوکریکردنی تورکیا کارێکی نا مرۆڤانە و نائەخلاقییە”

مەسعود عەبدولخاق باسی لەوەشکرد: سیخوریکردن و هاوکریکردن لە پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیا دژ بە پارچەکانی تری کوردستان کارێکی نا مرۆڤانە و نائەخلاقییە، هەروەها کاریگەری لەسەر تاکە بەتاکی کورد دەبێت، چونکە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئامانجی لەناوبردنی دەستەکەوتەکانی تەواوی گەلی کوردە.

“گومان لەوەدا نییە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی لەناوبردنی لایەنەکانی تر و پەدەکەش دەدات”

لەکۆتایی قسەکانیشیدا مەسعود عەبدولخاق ڕایگەیاند: داواکارم لە سەرانی پەدەکە بەخۆیان دابچنەوە، بەشداری لە پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نەکەن، هەروەها  ناکۆکیەکانیان بەلاوە بنێن، چونکە هەبوونی ناکۆکی لە بەرژەوەندی دەوڵەتی داگیرکەر دایە، بۆیە دەوڵەتی تورکیا لە ئەگەری سەرکەوتنی بەسەر گەریلاکانی کوردستان، گومان لەوەدا نییە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی لەناوبردنی لایەنەکانی تر و پەدەکەش دەدات.

هـ.ح

Comments are closed.