لە چەمچەماڵ سیمیناری ‘کاریگەری ئەدەب لە ناساندنی جینۆساید’ بەڕێوەچوو

چەمچەماڵ

ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی بەشێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران، لە هۆڵی ڕۆشنبیریی چەمچەماڵ، سیمینارێک بۆ نووسەر لەتیف فاتیح فەرەج، بە ناونیشانی “ کاریگەری ئەدەب لە ناساندنی جینۆساید – هەڵەبجە بە نموونە” ئەنجام درا.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕۆشنبیریی لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بە ئامادەبوونی بەشێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران، ، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی و هونەریی چەمچەماڵ، بە هاوبەشی یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان، سیمینارێک بۆ نووسەر لەتیف فاتیح فەرەج ڕێکخرا، بە ناونیشانی “کاریگەری ئەدەب لە ناساندنی جینۆساید – هەڵەبجە بە نموونە”.

لەتیف فاتیح فەرەج
لەتیف فاتیح فەرەج

لە سەرەتای سیمینارەکەدا بەختیار شەریف بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی و هونەری چەمچەمال، وتەی کردنەوەی سیمینارەکە و بەخیڕهاتنی پێشکەش کرد، پاشان ئامادەبووان بانگهێشت کران بۆ خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان.

دواتر لەلایەن نووسەر، لەتیف فاتیح فەرەجەوە، باس لە مێژووی چەند جێنۆسایدێک کرا،هەروەها باسی لە گرنگی ئەدەب کرد لە ناساندنی جینۆساید بە جیهاندا، لەوانە جینۆسایدی هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ئەرمەنەکان.

لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لە کارەساتی هەڵەبجە و گرنگی ئەدەب کرد بۆ ناساندنی کارەساتی هەڵەبجە بە جیهان، لە هەمان کاتدا ڕەخنەی گرت لە نەبوون و کەمی بابەتی ئەدەبیی و نەبوونی هیچ فیلم و بەرهەمێکی سینەمایی لەبارەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەوە، بە هۆکارێکی گەورەی نە ناساندنی کارەساتی هەڵەبجە بە جیهان پێناسە کرد.

هەروەها نووسەر هەر لە سیمینارەکەدا، پێشنیاری درووستکردنی بزنسکارتێکی تایبەت بە ناساندنی هەردوو جینۆسایدی کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدی ئەنفالی کرد، بە جۆرێک دیوێکی بزنسکارتەکە وێنەیەکی ناساندنی کارەساتی هەڵەبجە و لە دیوەکە دیکەدا مێژووی تەواوی قۆناخەکانی ئەنفالی تێدا بنەخشێنرێت، لە وڵاتانی دونیا بڵاو بکرێتەوە بۆ ناساندنی ئەو دوو کارەساتە بە جیهان.

دواتر لە بارەی گرنگی نووسین و ئەدەب و سینەماوە نووسەر، ئاماژەی بەوە کرد، بە نووسینی ڕۆمان و چیرۆک و هۆنراوەی تایبەت بە کارەساتی هەڵەبجە، دەتوانرێت وێنەکانی کارەساتی هەڵەبجە بە شێوەیەکی باشتر بگەیەنرێت بە جیهانی دەرەوە و باشتر کارەساتەکە لە جیهاندا بناسرێت.

لە کۆتایی سیمینارەکەدا، ئامادەبووان بە پرسیارەکانیان سیمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و نووسەریش وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و گفتوگۆیەکی ڕەخنەگرانە بەڕێوەچوو.

ب.گ

Comments are closed.