“پێویستە عێراق لە ڕێگەى هێزی ئاسمانییەوە ڕێگریى لە هێرشەکانى تورکیا بکات”

وسام زەهرونی

چاودێرانی سیاسی دەڵێن: دەوڵەتی تورك بێباكانە هێرشەكانی بۆ سەر عێراق ئەنجام دەدات، هەرچەندە وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورك سەردانی بەغداى كرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆبوەوە، بەڵام هێشتا هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە پێشێلكردنی سەروەری وڵاتەكەمان لاوازە، دەشڵێن، پێویستە عێراق لە ڕێگەى هێزی ئاسمانیەوە ڕێگریى لە هێرشەکانى تورکیا بکات.

شرۆڤەكار و چاودێرانی سیاسیی عێراق لە بارەی هێرش و داگیركارییەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر سەروەری عێراق و هەروەها بڕینی پشكی ئاوی عێراق بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

عەلی فەزوڵا
عەلی فەزوڵا

لەوبارەوە عەلی فەزوڵا شرۆڤەكاری سیاسیی ڕایگەیاند، دەبێت حكومەتى عێراق ڕێکارى جددی بەرامبەر بە ئامانجكردنی خاكی عێراق لەلایەن هێزەكانی توركیا و بێباكی ئەو وڵاتە بگرێتەبەر، جا چ لەڕێگەی هێزی ئاسمانییەوە بێت یان لە ڕێگەی زیادكردنی هێزەكانی پاسەوانانی سنوورەوە بێت، لە سەر سنووری هەرێم و توركیا.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویست بوو شاندی عێراق لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندنی توركیا تاوتوێی كاركردن لەسەر داڕشتنی نەخشە ڕێگایەك بۆ سنوورداركردنی هێرشەكانی توركیا بكرایە، چونكە حكومەتی عێراق بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت لەگەڵ توركیا.

ڕوونیكردەوە، هێشتا هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بە پێشێلكردنی سەروەری وڵاتەكەی لاوازە، هەروەها بیانووەكانی توركیاش بۆ بڕینی پشكی ئاوی عێراق لاوازە.

چەند ڕۆژێكی لەمەوبەر هاكان فیدان، وەزیری دەرەوە و یەشار گولەن وەزیر بەرگری دەوڵەتی تورك ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی دەگای میت بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ سەردانەكەی ئەردۆغان، سەرۆكی دەوڵەتی تورك بۆ عێراق گەیشتنە بەغدا.

وائیل ڕكابی
وائیل ڕكابی

هەروەها، وائیل ڕكابی، شرۆڤەكاری سیاسیی، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، بۆردوومانەكانی توركیا زۆر ڕوونە و ناتوانین ژمارەی بۆردوومانەکان بزانین، چونكە هەزاران هێرش و پێشێلكاری بە بیانووی ناڕاست بۆسەر عێراق ئەنجام دەدات.

باسی لەوەشكرد، ئەو گفتووگۆیانەی لە نێوان لایەنی توركیا و عێراقی لە بەغدا ئەنجامدرا، ئەوە دووپات دەكاتەوە، كە هەردوولا پشت بە كۆبوونەوەكانی داهاتوو دەبەستن بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە، عێراق بوونی ناوچەی پارێزراو ڕەتدەكاتەوە، چونكە لێكەوتەی خراپی بۆ سەروەری عێراق هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە و ئەوەش پێشێلكردنی سەروەری عێراقە، سەرەڕای ئەو سكاڵایەی، كە حكومەتی فیدراڵی پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانى كردووە، هێشتا حكومەت بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ چارەسەر كردنی زۆرێك لە پرسەكان، نەك تەنها پێشێلكردنی سەروەری عێراق، بەڵكو دژی هەر پێشێلكارییەك، كە كاریگەری لەسەر ئەمنیەتی وڵاتەکەمان هەبێت.

جێگەی ئاماژەیە، دەوڵەتی داگیركەری تورك بە هاوكاری پەدەكە بەردەوامە لە بۆردومانكردنی خاكی عێراق و گوندەكانی هەرێمی كوردستان و كردنە ئامانجی خەڵكی مەدەنی، بەڵام تا ئێستا ئەم بابەتە نەخراوەتە سەر مێزی گفتووگۆی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و هیچ سنوورێكی بۆ دانەنراوە.

هـ.ئ

Comments are closed.