مەشخەڵەکەی کاوەی ئاسنگەر بە دەستی مەزڵوم دۆغان گەشاوەتر کرایەوە

ناوەندی هەواڵەکان

کە باس لە ئاگری مەشخەڵی ئازادیی و نەورۆز دەکرێت، پێشتر بیری مرۆڤ بۆ لای کاوەی ئاسنگەر دەچوو، بەڵام بەهۆی چالاکییە مێژووییەکەی شەهید مەزڵوم دۆغان لە زیندانی ئامەد و ئەو ژنە شەهیدانەی بە جەستەی خۆیان ئاگری نەورۆزیان کردەوە، بەرگێکی نوێ بەسەر نەورۆز و تێکۆشانی ئازادییدا کرا، جارێکی دیکە فەلسەفە و پێشەنگەکانی پەکەکە واتای ڕاستەقینەی نەورۆزیان گەڕاندەوە سەر شاڕێی خۆی.

مەزڵوم دۆغان، لە ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی تەمان لە سنووری دەپێ لە باکووری کوردستان لە دایک بووە، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی نوێی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتیی عەبدوڵا ئۆجالان، بەشداری تێکۆشان دەبێت و لە ساڵی ١٩٧٣ لەنزیک بەنداوی چوبووک لە ئەنقەرە لەگەڵ هەڤاڵانییدا کۆبوویەوە و بڕیاریاندا ببنە گرووپ.

کاتێک تەمەنی ٢١ ساڵ بوو، جانتاکەی کۆکردەوە و بە ٥٠٠ لیرە، کە لە گیرفانییدابوو، ڕوو دەکاتە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوا، هەروەها لە ٢٧ـی تشرینی دووەمی ١٩٧٨ لە گوندی فیس لە لیجە بەشداری یەکەمین کۆنگرەی پەکەکە دەکات و وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێت.

لە ٣٠ـی ئەیلوولی ١٩٧٩ مەزڵوم دۆغان بە ناسنامەیەکی ساختە لەسەر ڕێگەی ئورفا بۆ مێردین ڕاگیرا و تووشی ئەشکەنجەی توند بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەشبگیرییەک بەرامبەر کادرانی تەڤگەری ئاپۆچێتی ئەنجامدا و دەیان وڵاتپارێز و ئازادییخواز خرانە زیندانەوە.

هەرچەندە دەوڵەت بە ئەشکەنجەدان و شەڕی دەروونی دەیویست ئیرادەیان بشکێنێت و بێ کاریگەریان بکات، بەڵام مەزڵوم دۆغان هەمیشە لە دادگاکانی دەوڵەتی تورکدا بێوچان بەرگریی لە پەکەکە دەکرد، لە زیندانیشدا لەگەڵ هەڤاڵانییدا گەورەترین بەربەستی بەردەم کردنەوەی ئاگری نەورۆزی شکاند و زیندانی کرد بە چەقی بەرخۆدان و بوو بە وەڵام دەرەوەی ئەو داگیرکارییەی لەسەر کوردستاندا جێبەجێ کراوە.

مەزڵوم دۆغان، لە ٢١ـی ئاداری ساڵی ١٩٨٢، لە کاتی ئاهەنگی نەورۆزدا، لە دژی فاشیزم بە سێ دەنکە شقارتە، لە ژوورەکەی لە زیندانی ئامەد، وێرای هەموو ئاستەنگیی و فشارەکانی دەوڵەتی تورک و ڕێگرییکردن لە پیرۆزکردنی نەورۆز، بە گڕدانە جەستەی ئاگری نەورۆزی پیرۆز کرد و ناسناوی “کاوەی هاوچەرخ”ـی پێ بەخشرا و مەشخەڵە نەکوژاوەکەی کاوەی ئاسنگەری گەشتر کرد.

هەروەها لە ساڵانی نەوەدەکاندا، بە پێشەنگایەتی پەکەکە، قۆناغێکی نوێ بە نەورۆز بەخشرا، ئەوەش بە چالاکییەکانی هەریەک لە ژنانی شۆڕشگێر “ڕەحشان، ڕووناهی، زەکیە، بێریڤان، بنەڤش، سەما و ئەلەفتەریا” جارێکی دیکە واتایان بە نەورۆز بەخشییەوە، بوون بە وەڵامدەرەوەی هەموو ئاستەنگیی و هەوڵە لەناوبردنەکانی دەوڵەتی تورک.

بنەڤش ئاگال، لە ساڵی ١٩٨٦ ڕوو لە گۆڕەپانی سەرۆکایەتیی دەکات و خۆى بە مەشق و پەروەردەکرد، دەبێتە میلیتانێکی پێشکەوتووی ئاپۆیی و پێشەنگایەتی سەرهەڵدانی نەورۆزی جزیرەی باکووری کوردستان دەکات، هەر دوای ئەوە دەوڵەت هێرش دەکاتە سەر ماڵەکەی، ئەویش بەرخۆدان تا شەهیدبوون هەڵدەبژێرێت و ڕادەستی دوژمن نابێت و تا دوا گولە شەڕ دەکات.

زەکییە ئالکان، یەکێکی دیکە لەو ژنە پێشەنگانەی بە وتنەوەی دروشمی “بژی نەورۆز” لە ٢١ـی ئاداری ١٩٩٠ ئاگری لە گەردنی بەردا و نەورۆزی پیرۆز کرد.

ڕێک دوای دوو ساڵ لە چالاکییەکەی زەکییە ئالکان، ژنێکی گەنج بە ناوی ڕەحشان دەمیرەل، لە ٢١ـی ئاداری ١٩٩٢، لە گردی کادیفەکالێ لە ئیزمیر ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات و نەورۆز پیرۆز دەکات، هەروەها لەو کاتەدا لەسەر پارچە کارتۆنێک کە نووسیبووی “لە کادیفەکالێ نەورۆز بۆ خۆم دروست دەکەم، گەر بە تایەش نەبێت بە گیانمان ئاگر دەکەینەوە و پیرۆزی دەکەین”.

لە ساڵی ١٩٩٤ و لە ڕۆژی نەورۆزدا، دوو ژنی کورد بەناوەکانی ڕووناهی و بێریڤان، لە دژی ئەو فشارانەی لە ئەڵمانیا و ئەوروپاوە لەسەر تەڤگەری ئازادیی کوردستان بەڕێوەدەچوون، بە دروشمی “پێویستیمان بە بەرەنگاربوونەوەی زیاترە و لە خۆمانەوە دەست پێدەکەین” لە شاری مانهایمی ئەڵمانیا ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا.

چوار ساڵ دوای چالاکییەکەی ڕووناهی و بێریڤان، ئەمجارەیان لە زیندانی چاناککالە لە تورکیا، سەما یوجە، وەک ژنێکی گەنج لە ٢١ـی ئاداری ١٩٩٨، بە دروشمی “دەمەوێت لە ٨ـی ئادار تا ٢١ـی ئادار ببم بە پرسی ئاگر” ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و پاش ١٧ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو، دوا قسەشی ئەوەبوو “من نەورۆزم، من ستەم لێکراوم”.

٥٣ ڕۆژ دوای ئەوەی ڤیان سۆران، گەریلای ئازادیی لە ١ـی شوباتی ٢٠٠٦ لە دژی سیستەمی گۆشەگیریی ئیمرالی، لە ناوچەی حەفتانین ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، ئەلەفتەریا فۆرتولاکی، شۆڕشگێڕی ئینتەرناسیۆنالیستی یۆنانی لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا، بۆ دەڕبڕێنی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە فشارەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕێبەر ئۆجالان، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و شەهیدبوو.

هەرچەندە هەوڵەکان بۆ پیرۆزنەکردنی جەژنی نەورۆز لەلایەن دوژمنانەوە لە چەندین کاتدا لە ترۆپکدا بوون، بەڵام بەو چالاکییە گیانبازییانەی ئەو شەهیدانە، پارێزگاری لە نەورۆز کرا و ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا ئاگر دەکرێتەوە و نەورۆز پیرۆز دەکرێت.

 

ب. جـ

Comments are closed.