لە ڕۆشنایی فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی” کۆمەڵگە ڕێگەی ئازادیی دەدۆزێتەوە

سلێمانی

فەلسەفەی پشت درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” بۆ گشت گەلانی ئازادیخواز بووەتە بنەمای ژیانکردن و تێکۆشان، ژنە چالاکوانێکیش ئاماژە بەوە دەکات، گومان لەوەدا نییە، کە ئازادیی ژیان وابەستەی ئازادیی ژنانە، بە ڕۆشنایی ئەو فەلسەفەیەش کۆمەڵگە دەتوانێت ڕێگەی گەیشتن بە ئازادیی بدۆزێتەوە.

“ژن، ژیان، ئازادیی” ئەو فەلسەفەیەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کردوویەتی بە بنەمای گەیشتن بە ئازادیی و سەرکەوتنی تێکۆشان، ئێستا لە تەواوی جیهاندا دەوترێتەوە و زۆرێک لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی لەبارەوە ئەنجام دەدەن، هەموو جارێکیش دەگەن بەو ڕاستییەی بەستنەوەی ئەو سێ چەمکە پێکەوە تەواو لۆژیکانەیە و بنەمای بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد و ئاشتیانەیە بۆ تەواویی کۆمەڵگەکانی جیهان.

لە بارەی گرنگی فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی” و پێشنیار کردنی بۆ بەدیهاتنی ژیانێکی بە واتا و ئازاد، لەپاڵ گرفت و ئاڵەنگارییەکانی ژنان لە باشووری کوردستان، کەژاڵ عەبدولقادر چالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

کەژاڵ عەبدولقادر
کەژاڵ عەبدولقادر

کەژاڵ عەبدولقادر لە سەرەتادا باسی لەوەکرد، لە باشووری کوردستان ئازادیی ژنان پەیوەستە بە ئازادیی ئابووریەوە، ئەگەر هاتوو هەر ژنێک خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆی بوو دەتوانێت بەشێکی زۆر لە ئازادیەکانی دەستبخات.

وتیشی، بەڵام دۆخی ئابووری ئێستا لە ژێر نیشانەی پرسیاردایە، چونکە بەگشتی هاوڵاتیانی باشوورى کوردستان بەهۆی پێنەدانی مووچە و درووستکردنی قەیرانێکی ئابووری لە دۆخێکی ناجێگیردان.

باسی لەوەشکرد، کەرتی تایبەت ئەو دۆخە ناجێگیرەی قۆستووەتەوە و خەڵکی پێ دەچەوسێنێتەوە، بە تایبەت ژنان، بەو هۆیەشەوە ناتوانین بڵێین، ژنان بە تەواوی سەربەخۆ و ئازادن، لەگەڵ ئەوەشدا چەوساندنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لەلایەن دەسەڵاتەوە، کە هەموو ئازادیەکانی لە خەڵکی زەوت کردووە و تووندوتیژیی ئابووری ئەنجامدەدات، لەو نێوەندەشدا پشکی شێر بەر ژنان کەوتووە، دووجار ڕووبەڕووی ئەو تووندوتیژییە دەبنەوە.

هەروەها کەژال عەبدولقادر، لەبارەی فەلسەفەکەی ڕێبەر ئۆجەلانەوە ” ژن، ژیان، ئازادیی” وتی: “ژن، ژیان، ئازادیی: ئێستا بووە بە درووشمێکی جیهانیی، چونکە ئازادیی ژنان بێگوومان ئازادیی ژیانە، کاتێک، کە ژنان ئازاد و سەربەخۆبن ئەوە کۆمەڵگەش ئازاد و سەربەخۆ دەبێت بەو شێوەیە دەتوانن ڕێگەی ئازادیی ژیانی خۆیان بدۆزنەوە.

کەژاڵ عەبدولقادر، لەبارەی ئەو تووندوتیژی و کوشتنی ژنان، باسی لەوە کرد، کوشتنی ژنان لە هەموو سوچێکی جیهاندا هەیە، بەڵام ئەو کەلتوور و نەریتە خێڵەکیەی، کە لە باشووری کوردستاندا هەیە و لە دوای ڕاپەڕینەوە پەرەی پێدراوە زۆر نابەجێیە، لە کەلتوورە خێڵەکیەکاندا شەرەف و نامووس کراون بە بەرگێک و بە بەری ژناندا کراون، هیچ کاتێک کوشتنی مرۆڤێک، پیاو بێت یا ژن، بە بیانووی شەرەف کارێکی ڕەوا نییە، کوشتنی هەر مرۆڤێک بە هەر بیانوویەک نەریتێکی ناشرینە.

لەبارەی کاریگەری ڕێکخراوەکانی ژنانەوە وتی: ڕێکخراوەکان ئامانجیان ئەوە بووە، کە ڕەوشی ژنان بەرەو باشتر بەرن، بەڵام بەهۆی وابەستەییان بە حزب و دەرنەچوون لەژێر هەژموونی دەسەڵاتدا، بەداخەوە لە ئاستی پێویستدا نەبوون.

وتیشی: بۆ درووستکردنی گۆڕانکاریی پێوویستمان بە هۆشیاریی و سەربەخۆی ژنانە هەیە، چونکە هەرکاتێک ژنان هۆشییاربن ئەوا تەواوی کۆمەڵگە هۆشیار دەبێت، هەروەها ڕێکخراوەکانیش پێوویستیان بەوەیە، کە سەربەخۆبن بۆ ئەوەی بارودۆخی ژنان و سەربەخۆی ژنان بەرە و دۆخێکی باشتربەرن.

کەژاڵ عەبدولقادر، لە کۆتایی وتەکانیدا جەختی لەوە کردوە، پێویستە هەوڵێکی زۆر بدرێت لەپێناو هۆشیاریی تاک، ئەمەش بە خوێندنەوەی پەرتووک بەدەست دێت و وتی: من لێرەوە بانگهێشتی ژنان دەکەم برەو بە خوێندنەوە بدەن، چونکە هەر خوێندنەوەیە مرۆڤ دەخاتە سەر ڕێگە درووستەکە.

ش. ئـ

Comments are closed.