هۆکاری سەردانەکانی سەرانی دەوڵەتی تورک بۆ عێراق ئاشکرابوو

ناوەندی هەواڵەکان

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سەرەتای ساڵی نوێوە چەندین سەردانی بۆ عێراق و هەولێر ئەنجامدا، لە کاتێکدا لە ساڵانی دیکەدا ساڵی جارێک سەردانی بەو شێوەیە ئەنجام نەدەدرا، بەڵام بە ڕاگەیاندنی مزگێنییەکەی گەریلاکانی ئازادیی لە دژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هۆکاری ئەو سەردانانە ئاشکرا بوو، هەروەها هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکەش ڕایگەیاندووە، کە شەڕێکی گەورە ڕوو دەدات.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ساڵانێکە بۆ لەناوبردنی کوردان ڕێگە نەماوە تاقی نەکاتەوە، تا ئێستا نەگەشتووەتە هیچ ئەنجامێک، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئەوروپا و ئەمریکا دەرگا نەما لێی نەدات، ناتۆ، پەدەکە و چەندین هێزی دیکە پشتگیریی بوون و ئۆپەراسیۆنی نوێی ئەنجام دەدا، هەر جارێکیش بە دەستی گەریلاکانی ئازادیی گورزی کەمەر شکێنی بەرکەوت.

لە دەستپێکی ساڵی نوێدا، لەلایەن گەریلاکانی ئازادییەوە گورزی خراپتری بەرکەوت، دەیویست لە زاپ لەچەند ڕۆژێکدا ئەنجامێکی گەورە بەدەستبهێنێت و لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی لەو شێوەیە بەدەستبهێنێت بە چەکی ناتۆ، پشتگیری پەدەکە و چەندین هێزی دیکە هێرشی کردە سەر تەڤگەری ئازادیی کوردان، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوون.

بۆیە دەوڵەتی تورک ڕێگەی نوێی تاقیکردەوە، ترافیکی سەردانەکانی بۆ عێراق و هەرێم لە ساڵی نوێدا بەردەوام بوو، ئەو سەردانانەش بڕیاردەرانی باڵای دەوڵەتى تورک ئەنجامیان دەدا.

دەوڵەتی تورک، کە بە پشتگیریی ناتۆ و پەدەکە نەیتوانی هیچ ئەنجامێک بەدەستبخات، دەیەوێت ڕاستەوخۆ عێراقیش بخاتە ناو شەڕ لە دژی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، بۆیە بە ڕێگەی بازرگانیی بێت یان پرسی بەردانەوەی ئاو فشار لە عێراق دەکات، هەروەها لەبەر ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان-یەنەکە، پشتگیریی لە داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان ناکات، هەڕەش لە یەنەکە دەکات.

هۆکارەکانی ترافیکی دیپلۆماسی

بە مزگێنییەکەی نەورۆز، کە موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە باسی لێوە کرد، هۆکارەکانی سەردانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ بەغدا و هەولێر ئاشکرا بوو.

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە، لە دوای موراد قەرەیلان مزگێنییەکەی ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک بخەنە خوارەوە، هێزەکانمان ١٥ فڕۆکەیان خستووەتە خوارەوە.

دوای ڕاگەیاندنی ئەو مزگێنییە، ئیدی دیاربوو دەوڵەتی تورک بێ ئیرادە ماوەتەوە و ناتوانێت خۆی لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادیی ڕابگرێت، بە پێی زانیارییەکان، دەوڵەتی تورک ئیدی گەشتووە بەو باوەڕییەی، کە ناتوانێت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هیچ شتێك بکات، بۆیە دەیەوێت عێراقیش بخاتە ناو شەڕی دژ بە تەڤگەری ئازادیی کوردستانەوە.

هەروەها، دەوترێت دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەمجارە لە سنووری پارێزگای سلێمانیش خۆی بە جێ بکات و ناوچەکە وەک بادینان لێ بکات، وردە وردە بارەگای سەربازیی درووست بکات، بۆیە هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ، ڕۆژانە هەڕەشە لە یەنەکە دەکات و دەیەوێت یەنەکەش هاوشێوەی پەدەکە پشتگیریی بکات بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان.

سەلماندنی سەرکەوتن

دوای مزگێنییەکەی هەپەگە، سەلمێندرا، کە ئیدی گەریلاکانی ئازادیی بوون بە خاوەنی بەرگریی ئاسمانی، گەریلاکان هەر لە برادۆستەوە تا قەندیل، زاگرۆسەکان و هەموو چیاکانی دیکەی کوردستان، لە ڕۆژێکی ڕووناکدا لەسەر لوتکەی هەموو چیاکان ئاگری نەورۆزیان کردەوە و هەڵپەركێیان ئەنجامدا.

بەو مزگێنییەی گەریلا، کە ساڵێک زیاترە دەوڵەتی تورکی شپرزە کردووە، بە ئاشکراکردنی مزگێنییەکەش ئیدی ترسێکی گەورە تووشی دەوڵەتی تورک بووە و بێ چارەماوەتەوە، دەوڵەتی تورک ڕۆژانە باسی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەکات، ئێستا لەبەر ڕای گشتیی گێژ بووە، نازانێت چۆن خستنەخوارەوەی ئەو ١٥ فڕۆکەیە بشارێتەوە.

گەریلاکانی ئازادیی دوای ڕاگەیاندنی مزگێنییەکە، دیمەنی تێکشکانی فڕۆکەکان بە سیستەمە نوێیەکەی گەریلا بڵاوکردەوە، لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، ئەو فڕۆکانەی کە دەوڵەتی تورک ساڵانێکە لە دژی کورد بەکاری دەهێنێت، ئیستا بە دەستی گەریلا لەناودەبرێت و دەخرێتە خوارەوە.

بە ئاشکراکردنی خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکانە ڕاستیی شەڕ لە دژی گەلی کورد بە شێوەیەکی فەرمی دیاربوو، دەوڵەتی تورک، کە بە ملیۆنان دۆلار لە دژی گەریلاکانی ئازادیی خەرج دەکات، ئیدی بە خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکانە، ئابووریی تورکیا بە تەواوی دادەڕمێت.

لەبەرئەوەی بە تەکنیک، پشتگیریی ناتۆ و پەدەکە هیچ ئەنجامێكی نەگرت، ئێستا دەوڵەتی تورک دەیەوێت ڕێبازێكی دیکە بگرێتە بەر و عێراقیش پەلکێشی ناو ئەو شەڕی دژ بە گەریلا بکات.

“شەڕێكی گەورە ڕوو دەدات”

لە ڕۆژی نەورۆزدا، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، لە پەیامی خۆییدا بۆ نەورۆزی قەندیل، سەرنجی خستەسەر سەردانی بڕیاربەدەستانی دەوڵەتی تورک بۆ عێراق و وتی: ناتۆ هاوکاریی تورکیای کرد و ماڵی بارزانیی پاڵپشتییان لێکرد، بەڵام هیچیان بەدەست نەخست، بۆیە ئێستا لە عێراق هەندێک پلان بەڕێوەدەبات و لەسەر هەندێک خاڵ ڕێکدەکەون، هەر بۆیە دەوڵەتی تورکیش فشار لە عێراق دەکات، ئەو فشارانەش هەندێک ئەنجامیان بۆ بەدەست دەخات و هەندێکی دیکەش ناخات، ئەمەش ئاشکرای دەکات کە لە داهاتوودا شەڕێکی گەورە ڕوو دەدات.

ب. جـ

Comments are closed.