“پێویستە زانکۆکان ببنە ناوەندێک بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان بەرامبەر مافەکانیان”

سلێمانی

مامۆستایەکی زانکۆ باس لەوە دەکات تووندوتیژیی و کوشتنی ژنان لە حاڵەت دەرچووە و بووەتە دیاردە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو توودوتیژییانەش پێشنیار دەکات زانکۆ و ناوەندەکانی فێرکردن ببنە مەڵبەندێک بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک بەرامبەر مافەکانیان.

پسپۆڕێکی بواری مافەکانی ژنان لەبارەی ڕۆڵی ژنانی پێشەنگ دەڵێت: لە کۆندا چەندین ژن هەبووە لە بوارە جیاوازەکاندا پێشەنگ بوون و کۆمەڵگە پشتگیریی لێکردوون، بەڵام لە ئێستادا هەندێک جار بابەتی تیرۆری ژنان بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر دەکرێت.

لاسک ئەرسەلان بایز
لاسک ئەرسەلان بایز

لەبارەی ڕۆڵی ژنانی پێشەنگ لە سەرجەم بوارەکانی ژیان، دکتۆر لاسک ئەرسەلان بەڕێوەبەری سەنتەری یەکسانی جێندەری زانکۆی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا باسی لە لێکەوتەکانی کرانەوەی کتوپڕ بە ڕووی جیهانی سەرمایەداریی و تەکنەلۆژیا و هۆکارەکانی قوڵبوونەوە و دەرکەوتنی عەقڵییەتی پیاوسالاریی لە کۆمەڵگەی کوردییدا کرد.

لەسەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا دکتۆر لاسک ئاماژەی بەوەکرد، کرانەوە بەڕووی تازەگەرییەکاندا لەبری ئەوەی کۆمەڵگە بەرەوپێش ببات بە پێچەوانەوە توشی پاشەکشەی کردووە لە زۆربەی لایەنەکاندا.

لەپاڵ ئەوەشدا باسی لەوەکرد، ڕاستە ناکرێت بۆ هەر ڕووداوێکی تووندوتیژیی و کوشتنی ژنان حکومەت بە بەرپرسیاری سەرەکی دابنێین، بەڵام دەشبینین لە زۆربەری حاڵەتەکانی کوشتن یاخود تیرۆری ژناندا بڕیاری پێکهێنانی لیژنە و لێکۆڵینەوە دەدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێکاری جدی نەگیراوەتەبەر ئەنجامی نەبووە.

لاسک ئەرسەلان بایز، لەبارەى هۆکاری قوڵبوونەوە و زاڵبوونی ئەقڵییەتی پیاوسالاریی لە کۆمەڵگەی کوردییدا وتی: بەشێک لە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی کەلتووری وڵاتانی چواردەور لەسەر کورد، لە پێشوودا کورد کۆمەڵگەیەکی کراوە و پشتیوانی ژنان بووە، چەندین ژنیش هەیە، کە جێدەستیان دیاربووە و ئێستاش نموونەی باڵان و باس دەکرێن.

وتیشی: بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو زاڵبوونەی ئەقڵییەتی پیاوسالاریەیی دەبینرێت ژنێک، کە لەبوارێکدا سەرکەوتووە و جێدەستی دیارە، ساناترین ڕێگە بۆ دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی “هەڵبەستنی تۆمەتێکی ئەخلاقییە”، یاخود کۆمەڵێک شتی نەشیاوی لەسەر بڵێیت، ئەوانە دەبنە هۆی ئەوەی گەشەی ئەو ژنە بوەستێت و نەتوانێت هەنگاو بنێت بەرەو سەرکەوتن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆش ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاستە ڕێژەی ژنکوشتن، کەم بووەتەوە، بەڵام تا ئێستاش ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانەش هەواڵی کوشتنی ژنێک دەبیستین، هەروەها تووندوتیژیی و ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لەڕێگەی “سوڵحی عەشایەریی” کۆتایی پێدەهێنرێت.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا دکتۆر لاسک تیشکی خستە سەر ئەوەی، کە پێویستە زانکۆکان وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمی هاوکاربێت لە هۆشیار کردنەوەی ژنان، دەبێت زانکۆ وابکات ژنان بزانن مافەکانیان کامەیە تا بەدەستی بهێنن و خۆیان بپارێزن لەو توندوتژییانەی بەرامبەریان دەکرێت و بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیشیان ژنان پەنا ببنە بەر یاسا و دادگاکان.

ش. ئـ

Comments are closed.