هەڵمەتی سەوز کردن و ئاوەدان کردنەوەی  شنگال بەردەوامە

شنگال

لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئاوەدان کردنەوە و سەوز کردن و چاندنی نەمام لە شنگال، شارەوانی کۆمەڵگەی بۆرک هەنگاوێکی تری دەست پێ کرد، بۆ چاندنی٧٠٠ نەمام، هەروەها بانگەوازیی لە خەڵک کرد، کە هاوکارییان بکەن و نەمامەکان بپاریزن.

لە ساڵی ٢٠١٩ـدا پڕۆژەی ئاوەدان کردنەوە و چاندنی نەمام لە شنگال لەلایەن شارەوانی گەل و خۆبەڕێوەبەرییەوە دەستی پێ کرد، لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا ئاستی سەوزایی لە شنگال هەنگاو بە هەنگاو زیاد دەکات، تا ئێستا لە سەرجەم گوند و ناوچەکانی شنگال بە هەزاران نەمام لەلایەن شارەوانی گەلەوە چێندراون.

ئەمڕۆ شارەوانی بۆرک هەنگاوێکی تری سەوز کردنی ناوچەکەی دەست پێ کردووە، کە وا بڕیارە لەم هەنگاوەدا ٧٠٠ نەمام بە درێژایی ڕێگای سەرەکی بۆرک بچێندرێت کە مەوداکەی ٧ کیلۆمەترە.

سەبارەت بەو هەڵمەتە نەعیم بۆرک ئەندامی شارەوانی بۆرک ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە بۆ خەڵک و جوانی گوندی بۆرک دەستی پێ کردووە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە تەنها لەلایەن شارەوانییەوە بەڕێوەدەبرێت و وتی: داوا لە گەلەکەمان دەکەین زیاتر هاوکارمان بن، بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە پێویستە هەمووان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن.

هەروەها عیزەت بەرەکات ئەندامی شارەوانی بۆرک وتی: ئەمڕۆ دەستمان بە چاندنی نەمام کردووە، چونکە ئاستی سەوزایی لە بۆرک کەمە، ئەم کارە بۆ ئێمە پیرۆزە و بە نرخە، بۆیە دڵخۆشین بە ئەنجامدانی ئەم کارە و پیویستە خەڵکیش خاوەندارێتی لە نەمامەکان بکەن و ئاگاداریان بن.

دوحلا جەمال یەکێکیتر لە ئەندامانی شارەوانی بۆرک جەختی لەوە کردەوە، دەیانەوێت لە هەموو شوێنێکی شنگال نەمام بچێنن، پێویستە هەموو لایەک گرنگی بە پاک و خاوێنی و سەوز کردنی ناوچەکە بدەن، چونکە ئەم پڕۆژەیە تەنها بۆ شارەوانی نییە بۆ هەموو گەلەکەمانە.

ب. ق

Comments are closed.