ڕێبەر ئۆجالان لە کۆتا پەیوەندی چۆن ڕەخنەی لە دەوڵەتی تورک گرت؟

ناوەندی هەوڵەکان

ڕێبەر ئۆجالان لە کۆتا پەیوەندیی تەلەفۆنییدا، کە لەگەڵ محەمەد ئۆجالان ئەنجامییدابوو، لەبارەی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ پارێزەرانی ڕەخنەی لە دەوڵەتی تورک گرت و وتی: دەوڵەت یارییەکی هەڵە دەکات، ئێوەش هەڵەن، ئەمە بابەتێکی سیاسییە، نە یاساییە و نە ڕاستە، پێویستە پارێزەرانم بێنە ئێرە و لەگەڵیان دابنیشم.

لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢١، محەمەد ئۆجالان برای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەلایەن داواکاری گشتیی ڕحاوە، بانگهێشت کرا بۆ ئەوەی لەژێر چاودێریی داواکاری گشتییدا، بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان بکات، هەرچەندە ماوەی پەیوەندییەکە لە پێنج خولەک تێپەڕی نەدەکرد، بەڵام ڕێبەر ئۆجالان لەبارەی ڕێگە نەدان بە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ پارێزەرانی لە پەیوەندییەکەدا ڕەخنەی لە دەوڵەتی تورک گرت.

بۆ ڕۆژی دواتر محەمەد ئۆجالان لە لێدوانێكییدا بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئاشکرا کرد.

لە یەکەم قسەی ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ براکەییدا وتی: چۆن هاتوویتە ئێرە؟ کێ تۆی هێناوە؟ ئەمە چۆنە؟ لە کوێوە پەیوەندی دەکەیت؟ هەم تۆ هەڵەی هەمیش دەوڵەت، هۆکارەکەشی ئەوەیە، ساڵێکە هیچ دیدارێک نەکراوە، ئەمە لە یاسای دەوڵەت و هیچ یاسایەکی دیکەش جێگە ناگرێت، هاتنی تۆ هەڵەیە و زۆر مەترسیدارە، دەوڵەتیش مەترسیدارە، ئەمە شتێکی ڕاست نییە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدابوو: ئەگەر دیدارێک بکرێت پێویستە لە چوارچێوەی یاسا بێت، نابێت بە دڵی خۆیان و دوای ساڵێک دیدارێک بە تەلەفۆن درووست بکەن، ئەوەی ئێوە دەیکەن زۆر هەڵەیە، دەوڵەتیش یارییەکی هەڵە دەکات، ئەمە یاسایی نییە، ڕاست نییە، هیچکات قبوڵ ناکرێت، هاوکات مەترسیدارە، ئاگاتان لێیە چیدەکەن؟

ڕێبەر ئۆجالان ڕاشیگەیاندبوو، دەمەوێت پارێزەرانم بێنە ئێرە و دیدارم لەگەڵدا بکەن، ئەمە شتێکی یاساییە، ٢٢ ساڵە لێرەم، ئەگەر کێشەیەک بێتە پێش چۆن دەبێت؟ ئەم کێشەیە تەنیا لە ڕێگەی یاساوە چارەسەر دەکرێت، بۆ نایەنە ئێرە؟، ئەگەر چاوپێکەوتنێک بێت پێویستە لەگەڵ پارێزەران بێت، چونکە ئەم دۆخە هەم سیاسییە هەمیش یاساییە.

هەروەها لەبارەی ئەو هەڵمەتە مانگرتنەی بۆ ئەنجامدانی دیدار لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەستیپێکردبوو، ڕێبەر ئۆجالان وتبووی: نامەوێت کەس بۆ من لە مانگرتن لە خواردن و لە زینداندا بمرێت، پێشتریش ئەمەم وتبوو، ئێستاش دەیڵێمەوە، پێویست بەمە ناکات، ئەمە شتێکی قورسە، پێویستە ئێوە ئەمە ببینن.

لە بەردەوامی قسەکانییدا محەمەد ئۆجالان بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا وتی: نزیکەی چوار بۆ پێنج خولەک قسەمان کرد، دەنگێک بە لاوازی هات، بە باوەڕم دەنگی سەرۆک بوو، وتی: ئەم دیدارە زۆر هەڵەیە، ئەمە دیداریش نییە، بەڵام دوای ئەمە تەلەفۆنەکە پچڕا.

ئەمە دەقی کۆتا پەیوەندیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، کە لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢١ ئەنجامییدابوو، تێیدا ڕەخنەی لە دەوڵەت و براکەی گرت و داوای کرد بە شێوەی یاسایی پارێزەرانی سەردانی بکەن و چاویان پێ بکەوێت، لە دوای ئەو پەیوەندییە بۆ ماوەی سێ ساڵ زیاترە هیچ زانیارییەک لە دورگەی ئیمرالییەوە نییە و ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت سەردانی بکەن.

ئەمەش نیگەرانی لەلای گەل دروستکردووە، لە سەرانسەری جیهانەوە کامپەینی ئازادیی جەستەییان ڕاگەیاندووە و سەدان چالاکیی و ڕێپێوانیان ئەنجامداوە و هێشتا لە قۆناغی دووەمییدا بەردەوامە.

ب. جـ

Comments are closed.