ئیسرائیل داواكارییەكانی گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ غەزە ڕەتدەكاتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ئیسرائیل داواكارییەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ گەیاندنی یارمەتی خۆراك و تەندرووستی بۆغەزە ڕەتكردووەتەوە، تەنانەت ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی بارهەڵگر بۆ ناو شوێنە گەمارۆدراوەكانیشدا دەگرێت.

ڕێكخراوە جیهانییەكان لە بارەی پێشكەشكردنی داواكاریی بۆ گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بۆ دانیشتووانی غەزە و ڕەتكردنەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕاگەیاندراویان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە: ئیسرائیل داواكارییەكیانی بۆ چوونە ناو نەخۆشخانەی ئەمەل لە غەزە ڕەتكردووەتەوە، كە بەنیاز بوون هاوكاریی و پێداویستی تەندرووستی بگەیەنن بەو نەخۆشخانەیە، ئیسرائیل تەنانەت ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی بارهەڵگریش بۆ ناو شوێنە گەمارۆدراوەكاندا دەگرێت، كە بەهۆی شەڕەوە ڕووبەڕووی كەمی خۆراك و برسێتی بوونەتەوە.

ڕیكخراوی مانگی سوور بڵاوی كردەوە، ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانی ئیسرائیل گەمارۆی نەخۆشخانەی ئەمەلیان داوە، ڕێگە چوونی هاوكاری نادەن، هەروەها هۆشداریشیان داوە سەرجەم كارمەندانی پزیشكی نەخۆشخانەكە لە مەترسیدان.

ڕێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵ (فاو) بڵاوی كردەوە، ئیسرائیل ڕێگری لە هاتنی بارهەڵگرەكانی خۆراكی غەزە دەكات.

 لەلایەكی دیكەوە نووسینگەی كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی ئیسرائیلی كرد، بۆ ڕێگریكردن لە گەیاندنی خۆراك بۆ باكووری غەزە لەلایەن دەزگای فریاگوزاری و كارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەلەستین (UNRWA).

هـ.ئ

Comments are closed.