لە هەڵمەتێکدا سێ ملیۆن واژۆ بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان کۆکرایەوە

ناوەندی هەواڵەکان

دەستپێشخەری ئازادیی بۆ ڕێبەر ئۆجەلان ڕایگەیاند، لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ، تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن واژۆ بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان کۆکراوەتەوە و کەمپەینەکە تا ٤ـی نیسان بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی ٩ـی شوبات، لە چوارچێوەی هەڵمەتی “ئازادیی بۆ ڕێبەر ئۆجالان، چارەسەری سیاسیی بۆ دۆزی کورد”، دەستپێشخەری سووریا، بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوەی دەستپێکرد و بڕیار وایە تا ٤ـی نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالان بەردەوام بێت.

تا ئێستا هەڵمەتەکە لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لێدەکرێت و واژۆکان لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، حەلەب، حەما، حمس و دیمەشق کۆکراوەتەوە.

دەستپێشخەرییەکە ڕایگەیاندووە، ئامانجەکەیان سێ ملیۆن واژۆ بووە و لە ئێستا سێ ملیۆن و ١٧ هەزار واژۆ کۆکراوەتەوە.

هەروەها ڕوونیانکردووەتەوە، کە نامە بۆ ڕێکخراوە یاسایی و تەندروستییەکان دەنێرن، ئەوان بە ناوی دامەزراوە و ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمەکەوە نامەیان کۆکردووەتەوە بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن.

هەروەها داواکاریی بۆ ١٢ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وەک (هیومان ڕایتس وۆچ، کۆمیتەی سی پی تی ئەوروپا، لێبوردنی نێودەوڵەتی، پەرلەمانی ئەوروپا، نووسینگەی داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، دادگای نێودەوڵەتی، پزیشکانی بێ سنوور، ڕێکخراوی تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکان (WHO) و کۆمیساریانی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان) دەنێرن.

ب. ق

Comments are closed.