لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا ڕێزلێنان بەخشرایە هونەرمەندانی کەرکووک

ناوەندی هەواڵەکان

بە مەبەستی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی شانۆ، لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی عێراق- لقی کەرکووکەوە، قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرایە هونەرمەندانی شانۆکار لە کەرکووک.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا بە ڕۆژی جیهانیی شانۆ، لە سەندیکای هونەرمەندانی عێراق_لقی کەرکووک، بە ئامادەبوونی قاسم غەمگین، سەرۆکی لق و ڕێبین قادر، سەرۆکی بەشی شانۆ، قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرایە سەرجەم گرووپ و شانۆکارە کاراکانی شارەکە.

هەوار فارس ژنە شانۆکاری دیاری کەرکووک، بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و پیرۆزبایی لە تەواوی شانۆکاران کرد و وتی: شانۆ هەڵگری پەیامی مرۆییە، خۆشبەختانە دەبینین لە کەرکووک، کۆمەڵێک شانۆکاری گەنج، تەواوکەری ئەو ئەزموونەن، کە شانۆکارانی پێش ئێمە خەباتیان بۆ کردووە.

وتیشی: ڕۆژی جیهانیی شانۆ، جەژنی شانۆکارانە، ڕێزلێنانیان بۆ ئامادەکرابوو بەڵام ژنانی شانۆکار ئامادە نەبوون بۆ وەرگرتنی ڕێزلێنانەکانیان لێرەبن، ئومێدەکەم هەمیشە ژنانمان بە درەوشاوەیی لە سەر تەختەکانی شانۆ ببینرێن.

لە کۆتایی قسەکانیدا هەوار فارس ئاماژەی بەوەشدا: مایەی خۆشحاڵییە، بەشێکی زۆر لەوانەی ئەمڕۆ ئامادبوون، زۆرترینیان هونەرمەندانی کورد بوون، ڕێزلێنانیان پێشکەش کرا،  ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە هونەرمەندانی کورد خزمەتەکانیان بەردەوامە لە بواری شانۆدا، سەرباری هەموو ئەو قەیران و بەربەستانەی لە بەردەممانە، بۆ منێکی شانۆکار زۆر جار داهاتی پێشەی دووەم دەخەمە سەر کارە شانۆییەکانم، لە پێناو بەردەوامیدا.

ب.گ

Comments are closed.