لە ١٠ ساڵدا زیاتر ٦٣ هەزار كۆچبەر  گیانیان لەدەستداوە

ناوەندی هەواڵەكان

ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی بڵاوی كردەوە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٣ هەزار كەس بەهۆی كۆچەوە گیانیان لەدەستداوە، بەرپرسانى ڕێکخراوەکەش دەشڵێن: هێشتا كەسانێك ئامادەن ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ دۆزینەوەی ژیانێكی گونجاوتر.

خۆرخی گالیندۆ، وتەبێژی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لە بارەی ژمارەی قوربانییانی ١٠ ساڵی ڕابردووی كۆچبەران ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٣ هەزار كەس بەهۆی كۆچەوە گیانیان لەدەستداوە، لە ٦٠٪ـی حاڵەتەكانی گیان لەدەستدان بەهۆی “خنكانەوە” بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا كۆتایی  ٢٠٢٣، زیاتر لە ٦٣ هەزار كەس لە ڕێگاكانی كۆچكردندا لە سەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێن بوون، زیاتر لە ٢٨ هەزار كەس لەوانە لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە بووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ساڵی ٢٠٢٣ كوشندەترین ساڵ بووە بۆ كۆچبەران؛ تەنها لەو ساڵەدا هەشت هەزار و ٥٠٠ كەس گیانیان لەدەستداوە، كە سێ هەزار و ٧٠٠ كەس بەهۆی خنكانەوە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ئاماری كۆچكردن لەو ساڵەدا بە رێژەی ٢٠٪  لە بەراود بە ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر بووە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتى ڕێکخراوەکە، ئەو ئامارانە مەترسیدارن بەو پێیەی هێشتا كەسانێك ئامادەن ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ دۆزینەوەی ژیانێكی گونجاوتر، یەك لەسەر سێی قوربانییان خەڵكی ئەو وڵاتانەن، كە ململانێی سەربازی یان دۆخی ژیانكردنیان سەختبووە لەوانە ئەفغانستان، بۆرما، سووریا و ئەسیوبیا، ژمارەیەكی زۆر لە تەرمی قوربانیان نەناسراونەتەوە.

لە كۆتایدا ڕێكخراوەكە داوای دەستەبەركردنی ڕێگای یاسایی بۆ كۆچكردن دەكات بەمەبەستی ڕێگریكردن لە زیانە گیانییەكان.

هـ.ئ

Comments are closed.