بافڵ تاڵەبانی و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە

ناوەندی هەواڵەکان

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەوە و دوایین گۆڕانکارییە سیاسیی، ئابووریی و ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا کردەوە.

بەگوێرەی میدیای فەرمی یەنەکە، ئەمڕۆ بۆ گەیاندنی پرسە و هاوخەمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە گەلی ڕووسیا، لە پاش هێرشە چەکدارییەکەی مۆسکۆ، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە گەیشتە مۆسکۆ و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرۆکی یەنەکە جەختی لە پتەوکردنی هەوڵە جیهانییەکان کردووەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەویی و هەماهەنگیی نێوان وڵاتان بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر کە تاوەکو ئێستاش هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات.

هەروەها لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی، جەختی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە سیاسییەکان کردووەتەوە، بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و داوای کردووە، سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و وڵاتەکەمان نەبێتە جێگەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان.

لەبەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا پابەندبوونی ڕووسیای بە ئاشتیی درێژخایەن لە ناوچەکە دووپات کردەوە لە ڕێگەی سیاسەتی دەستوەرنەدان لە کاروبار و سەروەرییەکانی عیراق، هاوکات هەردوولا پێویستیی پاراستنی سەقامگیری سیاسیی و ئاشتییان لە عیراق و ناوچەکە دووپات کردەوە.

ب.گ

Comments are closed.