ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا گۆڕانکاری لە سزاکانی یاسای ژینا ئەمینیدا دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە کۆتایی مانگی نیسانى داهاتوو  یەکەم دانیشتنی تایبەت بە پێداچوونەوەی یاسای ژینا ئەمینی ئەنجامدەدەن و گۆڕانکاری لە یاساکەدا دەکەن و سزای زیاتر بەسەر بەرپرسانى دەوڵەتى ئێراندا دەسەپێنێت.

لیژنەی پەیوەنییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکى سەبارەت بە یاسای ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە، کە یاساکە بەناوی ئەو ژنە کوردەوە ناونراوە کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى ڕژێمی ئێرانەوە شەهیدکرا.

لیژنەکەى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا بڕیاریدا پێداچوونەوە و گۆڕانکاری بە یەکەم دانیشتنی تایبەت بە یاسای ژینا ئەمینی بکات کە تێدا سزای زیاتر بەسەربەرپرسانی ئێراندا دەسەپێنێت.

بەپێی یاسای ژینا ئەمینی کە لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا ئامادەى کردوە، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لەوانە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار بەهۆی سەرکوتکردنی نارەزایەتییەکانی گەلی ئێران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.

هەروەها یاساکە سەرۆکی ئەمریکا پابەند دەکات بە قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزا بە هەندێک کەسی بیانی کە پەیوەندییان بە دەوڵەتی ئێرانەوە هەیە و دەستبەسەر سەروەت و سامانەکانیاندا بگرێت، هەروەها پابەندی دەکات کە دەبێت هەر ٩٠ ڕۆژ جارێک لەسەر حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران  عەلی خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی سزا بدات، لەلایەن ناوەند  پەیوەندیدارەکانەوە بە نهێنی ڕاپۆرت ئامادەبکرێت و بنێردرێت بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا و بەئاشکرا لە ماڵپەڕی حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە.

یاسای ژینا ئەمینی، مانگی شەشی ساڵی ٢٠٢٣ لە ساڵرۆژی کوشتنی ژیان ئەمینی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسەندکرا، بەڵام بۆ تاوتوێکردن و پێداچوونەوە پێیدا رەوانەی ئەنجوومەنی پێرانی وڵاتەکە کرا.

هـ.ح

Comments are closed.