دادگای لاهای بڕیاریدا بەبێ بەربەست هاوكاریی مرۆیی بگەیەنرێتە غەزە

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ دادگای لاهای لە بارەی سكاڵای ئەفریقای باشوور كۆبوویەوە و بڕیاریدا کە ئیسرائیل بەبێ بەربەست و ڕێگریی ڕێگە بە گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ غەزە بدات، هەروەها مافی فەڵەستینییەكانیش پێشێل نەكات.

میدیا عەرەبییەكان لە بارەی كۆبوونەوەی دادگای لاهای تایبەت بە بەدۆخی غەزە و گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بە دانیشتوانەكەی زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

ئەمڕۆ دادگای لاهای لە بارەی سكاڵای ئەفریقای باشوور دژی ئیسرائیل كۆبوویەوە، بڕیاریدا سوپای ئیسرائیل لە چوارچێوەی بەڵێننامەی كۆمەڵكوژییدا مافی فەڵەستینییەكان پێشێل نەكات و گرەنتی بكات، هەروەها ڕێگریی لە گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بەپەلەی پێویست بە غەزە نەكات.

ئاماژە بەوەشكراوە، دۆخی ژیانی دانیشتوانی كەرتی غەزە بەهۆی بێبەشكردنیان لە خۆراك و پێداویستییە بنەڕەتییەكانی ژیان خراپتر بووە و لە غەزە برسێتیی بە ئاشكرا سەریهەڵداوە، بۆیە دادگا ئەو بڕیارەی داوە.

هاوكات دادگای دادی نێودەوڵەتی داوای جێبەجێكردنی بڕیارەكانی لە تەواوی كەرتی غەزە بە ڕەفحیشەوە كرد.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هـ.ئـ

Comments are closed.