لە لوبنان بەرپرسێکی باڵای حزبوڵا کوژرا

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ لە هێرشێکی ئاسمانییدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەی لە باشووری لوبنان، بەرپرسێکی باڵای حزبوڵای لوبنانی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرپرسی یەکەی مووشەکی حزبوڵای لوبنانییان کوشتووە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، “فڕۆکەیەکی هێزەکانی ئاسمانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە ناوچەی بازورییە جێگری فەرماندەی یەکەی موشەک و هاوەن، عەلی عەبدولحەسەن نەعیمی کردووەتە ئامانج، لە ئەنجامی هێرشەکەدا کوژراوە”.

بانگەشەی ئەوە دەکرێت عەلی عەبدولحەسەن بەتایبەتی “بەرپرسی ڕێکخستن و پلاندانانە بۆ هێرشی سەر خەڵکی مەدەنی”.

حزبوڵا دەربارەی هێرشەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە، بەڵام ڕایگەیاندووە لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیلیان گولەباران کردووە.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان لە ٨ـی تشرینی یەکەمەوە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لانی کەم ٢٦٣ ئەندامی حزبوڵا لە سووریا و لوبنان کوژراون.

ئەم بەیانییەش هێرش کرایە سەر کۆگایەکی موشەکی حزبوڵا لە نزیکی حەلەب، بەهۆیەوە لانی کەم هەشت ئەندامی حزبوڵا و ٣٦ سەربازی ڕژێمی سووریا کوژران.

ب.گ

Comments are closed.