هەژماری من.. بۆگەرمکردنەوەى گیرفانى حزب و بنەماڵە یان مووچەخۆران؟

ناوەندی هەواڵەکان

پڕۆژەیەکى مەسرور بارزانى سەرۆکی حکومەتى ماوە بەسەرچووی هەرێم بەناوی “هەژماری من” کە پڕۆژەیەکى بانکییە، ناڕەزایەتى و هەرایەکی لەناو مووچەخۆران لە لایەک و بەغدا لەگەڵ هەرێم لەلایەکى دیکە درووست کردوە.

ئێستا مەسرور بارزانى دەیەوێت سیستەمێکی بانکی بەسەر هاوڵاتییان و مووچەخۆراندا بسەپێنێت، کە تێیدا مووچەخۆران ناچار دەکرێن هەژماری خۆیان لەو بانکانەى بۆیان دیاری کراوە بکەنەوە تا ئەو پارەیەی لە بەغداوە دەنێردرێت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەو هەژمارانەوە دابەشبکرێن.

ئەمە دەرفەتى ئەوە دەڕەخسێنێت، حکومەتى هەرێم یان سەرۆکی حکومەت بە ئارەزووی خۆیان دەستکاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بکەن، بەو پێیەی خاوەندارییەتى بەشێک لە بانکە ئەهلییەکان هی بنەماڵەو حزبەکەی خۆیانە، ئەوانەى دیکەش وەک بریار لەژێر هەژموونى حکومەتدان.

حکومەتى هەرێم دەتوانێت چۆن دەستکاری پارەی ناو هەژماری من بکات؟

حکومەت دەتوانێت هەر مووچەخۆرێک یان هاوڵاتییەک پێشینە و قەرزی لابوو یان بیەوێت مووچە پاشەکەوت بکات یان کەمی بکات، چونکە خۆی هەژموونى بەسەر بانکە ئەهلییەکانەوە هەیە.

دوو هۆکاری سەرەکی هەیە وایکردوە کە مووچەخۆرانى هەرێم متمانەیان بە هەژماری من نەبێت، یەکێکیان ئەو بانکانەیە بەشداریان لە پڕۆژەکە کردوە کە لە ئەگەری مایەپووچ بوونیان ئەوا مووچەی مووچەخۆرانیش دەفەوتێت، هۆکاری دووەم ئەوەیە کە گومانیان هەیە حکومەتى هەرێم بە ئارەزووی خۆی دەستکاری مووچەکانیان بکات.

لەو چوارچێوەیەدا مووچەخۆرانی هەرێم لە مانگی ئاداردا زیاتر لە ١٠٠ هەزار واژوویان کۆکردەوە بۆ ڕەتکردنەوەى هەژماری من و ڕادەستى دادگای فیدراڵیان کرد، ئەوەش گورزێکی بەهێز بوو لە پڕۆژەکەى مەسرور بارزانی درا.

هەژماری من پڕۆژەیەکى داراییە یان سیاسی؟

پڕۆژەى هەژماری من تەنیا پڕۆژەیەکى بانکیش نییە، بەڵکو سیاسیشە و پەیوەستە بە داهاتووی مەسرور بارزانییەوە، بۆیە ئێستا ئەو شەڕی مان و نەمان لەگەڵ بەغدا دەکات بۆ ڕازیکردنى بەرپرسانی بەغدا بە پڕۆژەی هەژماری من.

مەسرور بارزانیی لەڕێی شاندی هەرێمەوە بە بەرپرسانى حکومەتى عێراقی ڕاگەیاندووە، جگە لە هەژماری من، نابێت مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لە هیچ ڕێگەیەكی دیكەوە دابەشبكرێت، چونكە ئەوە پەیوەندی بە ئاسایش و مانەوەی قەوارەی هەرێمەوە هەیە.

مەسرور بارزانى پڕۆژەکەى خۆی بەستووەتەوە بە مانەوەى قەوارەى هەرێمەوە بۆ ئەوەى هەم بەغدا و هەمیش مووچەخۆرانى هەرێم بە هەژماری من ڕازی بکات.

نەک هەر ئەوەش مەسرور بارزانى تەنانەت بەشداریکردنى پەدەکەى لە هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێم کردوەتە مەرجێک بۆ قبوڵکردنی هەژماری من، هاوکات مەرجێکی دیکەشی ئەوەیە  مانەوەى خۆی وەک سەرۆکى حکومەت لە داهاتوودا گەرەنتى بکرێت، بەڵام هەردوو مەرجەکەى لە ناوخۆی هەرێم و بەغداش ڕەتکراونەتەوە.

هەژماری من یان کی کارت؟

هەفتەیەک بەرلە ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاویان لەوەبوو لەڕێی پڕۆژەی “کی کارت”ــەوە لە عێراق، یاخود “هەژماری من” لە هەرێم، مووچە وەربگرن، بەڵام ئێستا ئەو دوو پرۆژەیە بوونەتە کێشە بۆ مووچەخۆران، بۆیە دیسانەوە خەریکە مووچە دەکرێتەوە بابەتێکی سیاسیی کە تاڕادەیەک دادگای فیدراڵی مووچەی لە پرسە سیاسییەکان دوورخستەوە.

پڕۆژەی کی کارت عێراق لە ڕێی هەر سێ بانکی “رەشید، رافیدەین، تی بی ئای”ـی حکومییەوە، جێبەجێ دەکرێت، بەڵام پڕۆژەی هەژماری من لەڕێی بانکی ئەهلییەوەیە، تائێستا هەر پێنج بانکی “ئارتی بانک، جیهان، بانکی ئیسلامی، بانکیBBAC، بانکی ئەهلی عێراق” بەشدارییان کردووە.

لە چوارچێوەی دابەشکردنی مووچەش، حکومەتی عێراق پارەی مووچە لە دەستی خۆیدا دەمێنێتەوە و مامەڵەی پێوە دەکات و هەر باج و رسوماتێکی ئاڵوگۆڕی پارە بۆ حکومەت دەچێت، بەڵام لە پڕۆژەی “هەژماری من”ی حکومەتی هەرێم داهاتەکە بۆ بانکە ئەهلییەکان دەچێت و دەرفەتى دەستکاریکردنى مووچەشی هەیە.

دادگای فیدراڵی لە ٢١ی شوباتی ئەمساڵ بڕیاریدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش داوایکرد مووچە لە ڕێگەی بانکە عێراقییەکانەوە وەربگرن.

بەو پێیەش کێشەی پڕۆژەکە یاساییە و پەیوەندیدارە بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق کە دەڵێت، پڕۆسەی بە بانکی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە بێت، واتا لەلایەن بانکەکانی ڕەشید، ڕافیدەین و TBIـەوە.

بەڕوون و ئاشکرایی دادگای فیدراڵی کۆتایی بەوە هێناوە، کە ئیتر پڕۆژەی هەژماری من قبوڵ ناکرێت و ڕەتکراوەیە، سووربوونى مەسرور بارزانیش لەسەر ئەم پڕۆژەیە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەى کە دەیەوێت مووچەی مووچەخۆران بکاتە یاری و کارتێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندییەکانى خۆی و بنەماڵەکەی.

هـ.ح

Comments are closed.