شەیدا مەعروف: ئەقڵییەتی پیاوسالاریی ڕێگە بە کاریگەربوونی ژنان نادات

سلێمانی

ژنانی نێو حزب و لایەنە سیاسییەکان نیگەرانن لەوەی دەرفەتی یەکسانیان پێنەدراوە و گرنگی بە ڕۆڵ و تواناکانیان نادرێت، ئەندامێکی سەرکردایەتی حزبی زەحمەت کێشانیش دەڵێت: ئەقڵییەتی پیاوسالاریی ڕێگە بە کاریگەربوونی ژنان نادات.

بڕیارە لە ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و ژنانی نێو حزب و لایەنە سیاسییەکانیش باس لەوە دەکەن، کە پێویستە لەم خولەی پەرلەماندا ژنان ڕۆڵ و کاریگەرییەکی زیاتریان هەبێت و بتوانن زۆرینەی سەرۆک لیستەکان بەدەستبهێنن، بەڵام نیگەرانیشن لەوەی حزبەکانیان ئەو دەرفەت و بوارەی بۆ پیاوانی ڕەخساندووە، نەیداوە بە ژنان.

لەو بارەیەوە شەیدا مەعروف ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

لە سەرەتادا شەیدا مەعروف ئاماژەی بەوەکرد، لەم هەڵبژاردنەشدا، دەیانەوێت ڕۆڵ و پێگەی ژنان بە کاریگەریی بهێڵنەوە و ئەوەی لە خولەکانی پێشوودا نەتوانراوە تەواو بکرێت و پەیوەستە بە مافی ژنان و سەقامگیری کۆمەڵگە، لەم خولەدا بیگەیەننە ئەنجام.

بۆ بەدیهێنانی ئەوەش شەیدا مەعروف باسی لەوە کرد، کە پێویستە ژنان بە یەکڕیزیی و یەکگرتوویی کار بکەن تا لە خولی شەشەمدا ژنان پێشەنگایەتی تەواو بکەن.

وتیشی: بەهۆی ئەوسیستەمە پیاو سالاریەیی، کە لەناو پارت و ڕێکخراوەکان و پەیڕەوی پەرلەماندا هەیە، ڕێگەی بە ژنان نەداوە بە ویستی خۆیان یان کۆمەڵگە کاربکەن.

وەک ژنانی نێو پارتەکان باسی لەوەکرد، بۆ گۆڕانکاریی و بەدیهێنانی دادپەروەریی دەیانەوێت سیستمی پیاوسالاریی کە لەنێو حزبەکاندا باڵا دەستە بگۆڕن و دووبارە سیستمێکی نوێ دابڕێژنەوە، چیتر ژنان بە پلە دوو تەماشا نەکرێن.

لە کۆتاییشدا دەربارەی ئەو سەرکەوتنە مەزنەی لە باکووری کوردستان بە پیشەنگایەتی ژنان لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکاندا بەدیهات وتی: بەهۆی گرنگی دان بە پرسە سەرەکییەکان و سەرنجخستنە سەر بابەتە لەپێشینەکان ژنان ڕۆڵ و کاریگەرییەکی زۆریان هەیە.

هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو پەروەردە و ڕێبازەی پەیڕەوی دەکەن و ئاشکرای کرد، لە باشووریش هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی هەمان سیستم و پەروەردە کاری لەسەر بکرێت و  پەیڕەو بکرێت.

ش. ئـ

Comments are closed.