لەمساڵدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەند هاوڵاتیی مەدەنی شەهید کردووە؟

ناوەندی هەواڵەکان

لە ساڵی ٢٠٢٤شدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر باشووری کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا گوێ بە هیچ یاسا و بەهایەکی مرۆڤیی نادات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی بۆردوومان و کردەوە تیرۆرییەکانی لەناو شارەکاندا نۆ کەس شەهید و چواری دیکەش برینداربوون.

هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە ١ـی کانوونی دووەمەوە تا ئەمڕۆ، بە چەندین ڕێبازی جیاواز هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دەدات، لە هەریەک لەناوچەکانی ئامێدی، ئاکرێ لە سنووری دهۆک، سلێمانی، کەرکووک، مەخموور و شنگال، سەدان جار هێرشە ئاسمانیی و کردەوەی تیرۆری ئەنجام داوە، بە هۆشیانەوە ١٣ هاوڵاتیی مەدەنیی بوون بە قوربانی.

کات، شوێن و ناوی ئەو هاوڵاتییە مەدەنییانەی بوون بە قوربانی بەم شێوەیەیە:

لە ١٨ـی کانوونی دووەم، فریاڵ سلێمان، ژنە چالاكوان و سیاسەتمەداری ڕۆژئاوای كوردستان، پاش ئەوەی بۆ كاری هاوبەشی پرسی ژنان سەردانی باشووری كوردستانی كردبوو، لە شاری كەركووك تیرۆركرا.

لە ٢٠ـی شوبات، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆردوومانی “چیای سێرێ” لە گوندی کافیا لە شارەدێی دینارتەی سەر بە شارۆچکەی ئاکرێ کرد، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، دوو هاوڵاتیی بە ناوەکانی “عارف تەها تەمەن ٦١ ساڵ” و “ بەشیر عومەر عەلی تەمەن ٦٨ ساڵ”  شەهید بوون، کە هەردووکیان پێشمەرگەی خانەنشین بوون و هاوڵاتییەکی دیکەش بریندار بوو.

لە ٢٩ـی شوبات، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی کۆمیتەی شەهیدانی شنگالی کرد و دەستبەجێ ئۆتۆمبێلەکە سووتا، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەناوی سەعدون میرزا عەلی، کە باوکی سێ منداڵە شەهید بوو.

هەروەها، دکتۆر عەبدولقادر سەبری تۆپراک، خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستان بوو، ئەندامی هەدەپە بووە و بە هۆی کەیسی سیاسییەوە ماوەی ١٣ ساڵە لە باکووری کوردستانەوە ڕووی لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان کردووە و لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی کاری دەکرد، چەندین جار لەلایەن میتی تورکەوە هەڕەشەی لێ کراوە، دواجار لە ٢٩ـی شووباتی ٢٠٢٤ لە بەردەم چێشتخانەی وەستا حەسەن لە شاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و شەهید کرا.

لە ٨ـی ئادار، دەوڵەتى تورک بۆردوومانى گوندی دێوکەی سنوورى شیلادزێى لە سنووری دهۆک کرد و بەهۆیەوە دوو هاوڵاتى بە ناوەکانی “سەعید موبارەک تەمەن ٣٥ ساڵ و ئاراز فەرەج تەمەن ٢٩ ساڵ” شەهیدبوون، کەسێكی دیکە بە ناوی ساڵح موبارەک کە برای یەکێک لە شەهیدەکانە برینداربوو.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر شنگال ئەنجام دا و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، شەڕڤانی یەبەشە مەجدەل حەسەن خەڵەف شەهید بوو.

لە ٢ـی نیسانیش، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە نزیک کامپی سەردەشت لە چیای شنگال، ئۆتۆمبێلێکی مەدەنییان بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون.

هەروەها، لە ١٣ـی نیسان، دەوڵەتی تورک، بۆردوومانی خانوویەکی لە سنووری شارباژێڕ کرد، لە ئەنجامدا گەنجێک بە ناوی محەمەد سەعید شەهیدبوو.

سەرەڕای ئەو هێرشانە و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتییانی مەدەنی، بەڵام تا ئێستا نە دەسەڵاتدارانی هەرێم و نە حکومەتی ناوەند، هەڵوێستێکیان لە دژی ئەو دەستدرێژی و سنووربەزاندنانەی دەوڵەتی تورک نەبووە، گەر بەو شێوەیە بمێننەوە ئەوا هەموو هاوڵاتییانی مەدەنی لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکدا دەبن.

ب. جـ

Comments are closed.