“خۆتان بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکەن”

ئیبراهیم عەباس

رێوشوێنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و تا ئەم ساتەوەختە هیچ ئەگەرێک بۆ دواخستنی بە مسۆگەری نییە، هەروەکو مسۆگەریش نییە، کە هەڵبژاردن لە حوزەیرانی ئەمساڵ بکرێت.

پاساوەکانی پارتی بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن، تەنها گرەوکردنە لەسەر کات بەفیڕۆدان، بەو هیوایەی دەرچەیەکی مسۆگەر بدۆزێتەوە بەو سیستەم و دیزاینەی پێنج خولی پێشوو یەکەم بوونی مسۆگەربوو گرەنتی هەمان ئەنجام بەدەستبخات.

شانسی پارتی لەلاوازبوونێکی بەهێزدایە، چونکە لای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی، کارتەکانی دەستی زەمانەتی مانەوەی بەم بەهێزیەی ناکەن، کە بوونیاتی هەرێمی کوردستانی لەسەر دامەزراوە و بەردەوامە، ئاخر کارتەکانی پارتی بۆ یاریکردن و گەمەکردن بە عێراق، ئێران، ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کەشفن و بێ دەستەبەری دەنگێکی زۆر لە هەڵبژاردن، هیچ کارتێکیان نابێتە فریادرەسی ئەم حزبە.

پارە، نەوت، چەک، ئەمن، دەزگای جاسوسی و هەواڵگری، جوگرافیای پاشماوەی شەڕی ناوخۆ و هەرچی هۆکاری دیکە هەیە، چیتر نابنە ئەو فریادرەسەی پارتی سیاسەتی پێوەکردوون، چونکە بەجدی سەردەمی شەڕی گەورە هاوشێوەی جەنگی ئۆکرانیا، رووسیا لە عێراق و هەرێمدا لەم نزیکانە نەماوە، کە پارتی و بارزانی تەمەنای دەکەن.

پاراستنی هەرێمی کوردستان، ئەمنیەتی خەڵکەکەی و تەنانەت پاراستنی ئەمنیەتی سەرمایەگوزاری بیانی، رەگێکی قوڵی بەو رۆحیەتەوە هەیە، کە خەڵکی کوردستان لە لێبورەدەیی و ئاشتییەوایدا هەیەتی، نەک ئەو خۆ بە پاڵەوانکردنەی پارتی نمایشی دەکات.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان، بەرێوشوێنی ئێستای گرەنتیەکی باشە بۆ رەخساندنی باشتربوونی دۆخی خەڵک و هەرێمی کوردستان و کاڵبوونەوەی کابووسی پارتی، لەبەر ئەوە خۆتان باشتر بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکەن.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.