جەبار یاوەر: ئەو شەڕەی تورکیا دەیەوێت بیکات لە بەرژەوەندی عێراق نییە

سلێمانی

جەبار یاوەر، شارەزای کاروباری سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: پاراستنی سنوور لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە ئەرکی حکومەتی عێراقە بەڵام نەیتوانییوە هێزەکانی بنێرێتە سەر سنوور، وتیشی: ئەو شەڕەی کە تورکیا دەیەوێت لەگەڵ پەکەکە بیکات هیچ بەرژەوەندییەکی عێراقی تێدا نییە و بەشێک نییە لەو شەڕە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان، دەیەوێت لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا لەگەڵ پەدەکە جارێکی دیکە هێرشێک بۆ داگیرکردنی چیای گارە دەستپێبکات، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵدەدات حکومەتی عێراقیش پەلکێشی ناو یاری و هێرشەکانی بکات.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، لە بارەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پەدەکە و پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو ئەو هێرشە، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

لەسەرەتای قسەکانییدا جەبار یاوەر وتی: لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە ئەرکی حکومەتی فیدراڵە سنوور و سیادەی عێراق بپارێزێت، بەڵام نەیتوانیوە ئەو سنوورانە کۆنتڕۆڵ بکات، چونکە هێزەکانی سنووریی، بنکە و بارەگای سنووریان نییە و نەیتوانیووە هێزەکانی بگەیەنێتە سنووری عێراق-تورکیا.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای گفتوگۆکانی نێوان عێراق و شاندەکانی تورکیا، تا ئێستا هیچ نیشانەیەک دەرنەکەوتووە کە عێراق بچێتە شەڕێکەوە کە بەرژەوەندیی ئەوی تیا نییە، چونکە بەشێک نییە لەو شەڕە، بەڵکو شەڕی نێوان تورکیا و هێزەکانی پەکەکەیە، بۆیە سوودی بۆ عێراق نییە بچێتە ئەو شەڕەوە لە کاتێکدا چەندین کێشەی ناوخۆیی هەیە.

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی: ئەو ئۆپەراسیۆنەی، کە باس دەکرێت پێم وانییە ئەنجام بدرێت، چونکە خۆی ڕۆژانە ئۆپەراسیۆن بوونی هەیە و بە بەردەوامی لە ساڵەکانی ٩٠ـوە تا ئێستا چەندین ئۆپەراسیۆن هەبووە، بە تایبەتی ئەم ئۆپەراسیۆنەی، کە پێی دەگوترێت چنگی قوفڵ لە ٢٠١٩ بەردەوامە بە هێزی ئاسمانی و زەمینی، هەروەها هەلومەرجەکانی ناو تورکیا لە بەرژەوەندی ئاکەپەدا نییە، دیارە سیاسەتی ئاکەپەش هەڵە بووە لە سەرەتاوە، لەوانەیە باروودۆخی ئێستای ئاکەپە، حکومەتی تورکیا یارمەتی دەر نەبێت، کە ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات.

جەختیشی کردەوە، کورد دەبێت لایەنی ئاشتیی بێت، ئەو کێشەیەی لە نێوان پەکەکە و تورکیا هەیە دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت نەک بە شەڕ.

ئەمە لە کاتێکدایە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە نزیکەی درێژی ٣٧٨کم و قوڵی ٤٠کم لەشکرکێشی کردووەتە ناو خاکی عێراقەوە، نزیکەی ٨٠ بنکە و بارەگای سەربازیی کردووەتەوە، هەروەها بە بەردەوامی فڕۆکە جەنگیی و بێفڕۆکەوانەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان بۆردوومان دەکات و هاوڵاتییانی مەدەنی بە ئامانج دەگرێت.

بە هۆی هێرش و کردەوە تیرۆرییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، لە سنووری دهۆک، سلێمانی، کەرکووک و شنگال، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نۆ هاوڵاتیی مەدەنیی شەهید و چواری دیکەش برینداربوون.

ب. جـ

Comments are closed.