هەژار غازی.. یەکێک لەو منداڵانەی لە زیندانەکانی بەعس لە دایکبوو

چەمچەماڵ

لە قۆناغی سێیەمی ئەنفالدا، کە لە ٣١ـی ئادار دەستیپێکرد و درێژەی کێشا تا ١٤ـی نیسانی ١٩٨٨، بە هۆی ئەو کۆمەڵکوژیی و کارەساتە گەورەییەی بەسەر گەلی کورددا هێنرا لەلای ڕژێمی بەعسەوە، هەزاران چیرۆکی نەبیستراوی خوڵقاند، یەکێک لەوانە چیرۆکی “هەژار غازی”ـیە، کە لە زیندانیی دوبز لە دایک بووە.

هەژار غازی، دانیشتووی شارۆچکەی چەمچەماڵی سەربە پارێزگای سلێمانییە، لەگەڵ دەستپێکردنی شاڵاوی ئەنفالدا گوندەکەیان لە ١١ـی نیسانی ١٩٨٨ هاوشێوەی گوندەکانی دیکەی ناوچەکە ڕووبەڕووی ڕووخان بوویەوە و دانیشتوانەکەی هەموو گواسترانەوە بۆ زیندانی تۆپزاوە، دواتی ماوەیەک جارێکی دیکە گواسترانەوە بۆ زیندانی دوبز.

لەو کاتەدا، دەیان منداڵ لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعسدا لە ژێر ئاگر و ئاسن و برسێتییدا چاویان بە دنیا هەڵهێنا، یەکێک لەو منداڵانەش هەژار بوو، کە وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، ١٥ ڕۆژ دوای ڕاگواستنی خێزانەکەم بۆ زیندانی دوبز، لە سوچی هۆڵێکدا کاتێک دایکم بەپێوەبوو لە دایکبووم، لەو کاتەدا داوا لە سەربازەکان دەکەن، کە ئەو گوێزانەی بۆ تاشینی ڕیشیان بەکاریدەهێنن، بۆ جیاکردنەوەی من و دایکم بەکاربهێندرێت.

هەوڵەکانی ڕژێمی بەعس بۆ لەناوبردنی تەواوی کوردان بوو، بێگومان ڕێگریی لە لەدایکبوونی منداڵێکیش دەکات، هەر بۆیە کاتێک هەژار لە دایکدەبێت، سەربازەکان ڕەتیدەکەنەوە گوێزانەکەیان بدەن بە دایکی هەژار بۆ ئەوەی لەشیان لە یەکدی جیابکرێتەوە، ناچار بە بەکارهێنانی دوو بەرد، وێڵاشی هەژاریان بڕی و لە لەشی دایکی جیایان کردەوە.

شەش مانگ دوای مانەوە لەو زیندانەدا، خانەوادەکەی هەژار ئازاد کرا و ڕوویان لە ئۆردوگای شۆڕش کرد، کە یەکێکە لە ئۆردوگا زۆرەملێکانی ڕژێمی بەعس، هەژار بەمشێوەیە باسی لە ڕەنجی دایکی کرد، “دایکێکی داماو بە شەش منداڵەوە لە شوێنێکی غەریب، دوور لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی ژیان بکات، بە ڕاستی ناڕەحەتی و تاڵی ژیان تەنگی بە دایکم و برا و خوشکەکانم هەڵچنی بوو”.

هەژار غازی وتیشی: دەمەوێت لێرەوە سووپاسی یەک بە یەکی ئەو ماڵانە بکەم کە بە ماڵە ئاغاکانی گۆشت قووت ناسرابوون، سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانی حکومەتی بەعس لەسەریان، کە ئەگەر ئاشکرا بووایە هەر ماڵێک یارمەتی کەس و کاری ئەنفالکراوان بدات لە ژێر مەترسی دووبارە ئنفال کردنەوەدا بوون، بەڵام ئەو ماڵانە هێندە کورد پەروەربوون باوەشیان بۆ ئێمە و سەرجەم کەس و کاری ئەفالکراوان کردەوە.

دایکی بەم شێوەیە بەشێک کە چیرۆکی زیندانی بۆ هەژار گێراوەتەوە: “کە ڕۆژانە تەنها دوو سەموون دەدرا بە من و شەش منداڵەکان، مرۆڤ تەنها بۆ خۆی پێویستی بە کۆمەڵێک خۆراک هەیە، بەڵام لە زیندان تەنها ئەو دوو سەموونەمان پێدەدرا، نەمدەزانی چی بخۆم تا بۆ تۆی بکەم بە شیر و چی بدەم بە برا و خوشکەکانت”.

هەروەها باسی لە هەستی خۆی کە سەردانی مەزاری منداڵانی ئەنفال دەکات و وتی: هەستێکی ناخۆشم هەیە کاتێک دێمە سەر گۆڕی ئەو منداڵانەی کە لە زیندانەکانی بەعس یاخود ئەو منداڵانەی لە شاڵاوەکانی کارەساتی ئەنفالدا گیانیان لەدەستداوە، ڕزگاربوونی ئێمەش بەشێوەیەکی دەرئاسا بووە ئەگینا منداڵ کاتێک لە دایک دەبێت پێویستە شوێنی تایبەتی بۆ دابین بکرێت، مانەوەی کۆرپەلەیەک لەناو هۆڵێکدا کە نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ کەسی تێدابووبێت بەڕاستی دەرئاسایە.

لە بارەی ئایە لەلایەن وڵاتانی دەرەوە و حکومەتی ناوەند و هەرێمەوە چییان بۆکراوە، هەژار غازی بە ڕۆژنیوزی وت: وەک ئەو منداڵانەی کە لە زیندانەکانی حکومەتی بەعس لە دایکبووین، تا ئێستا هیچمان بۆ نەکراوە، هەرچەندە من چەندینجار سەردانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانم کردووە، بەڵام هیچ شتێکمان بۆ نەکراوە، ئەم چیرۆکانەی ئێمە لەهەر وڵاتێکی دیکە بوایە زیاتر گرنگی بە کەیسەکەی ئێمە دەدرا بۆ بە جینۆساید ناساندنی کارەساتەکە.

سەبارەت بە داواکرییان وەک کەسوکاری ئەنفالکراوان وتی:داواکارین ڕووفاتی ئازیزانمان لە بیابانەکان بهێندرێتەوە، ٣٦ ساڵە کەمتەرخەمی هەیە لە لایەن هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە هێنانەوەی ڕووفاتەکان، داواکارین ڕووفاتی ئازیزانمان چیتر لە بیابانەکانی خوارووی عێراق نەمێنێتەوە بیان هێننەوە بۆ باوەشی نیشتیمان، لە دوای ڕووخاندنی  حکومەتی بەعس ڕێژەیەکی کەمی قوربانییەکان گەڕێنراوەتەوە.

لە کۆتاییدا ئەوەی خستەڕوو، ئەمە چیرۆکی ژیانمە و ماوەی ١٥ ساڵە لە فەرمانگەی ئاوی شۆڕش فەرمانبەرم، سەرەڕای ئەو هەموو قوربانیدان و ناڕەحەتییەی بەسەرمان هاتووە، بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە لە گرێبەست بوون ڕزگارم بکات و بمکات بە فەرمانبەرێکی هەمیشەیی، کە بە پێی یاسا شایستەی ئەوەم کە بکرێم بە فەرمانبەرێکی هەمیشەیی، ئەمەش بێباکی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم دەردەخات، کە نەوەیەکی ئەنفال کە لە زیندانەکانی بەعسدا لە دایکبووبێت، بەڵام ١٥ ساڵ بێت فەرمانبەری گرێبەست بێت.

ب. جـ

Comments are closed.