چارەسەری قەیرانی “بەندەری جەیهان” نادیارە.. کێ بەرپرسە لە کارەساتی ئابووریی؟

ناوەندی هەواڵەکان

دۆسیەی دووبارە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هێشتا هەڵپەسێردراوە و چارەنووسێکی نادیار چاوەڕێی دەکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە قەیرانەکە چارەسەر نەکراوە، پسپۆڕان هۆکاری ڕاستەقینەی پشت کێشەکانیان دەستنیشان کردووە کە دیارترینیان قۆستنەوەی لاوازی حکومەتی فیدراڵییە لەلایەن تورکیاوە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و  هەژموونی کۆمپانیا تورکییەکانە بەسەر نەوتی هەرێمدا، جگە لەوەش نەبوونی یاسای نەوت و گاز لە عێراق.

مستەفا ئەکرەم حەنتوش، شارەزای ئابووری، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز وتی: حکومەتی هەرێم لە ساڵانی سەرەتای دوای ٢٠٠٣ لە لاوازیی حکومەتی فیدراڵی قۆستەوە و بەرەو ئەنجامدانی گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی تورکیا ڕۆیشت.

حەنتوش
حەنتوش

حەنتوش دەشڵێت: هەرێم مافی هەناردەکردنی نەوتی نییە لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، هەروەها بەشێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێم کشاونەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی تورکیا ڕێکەوتنی نێودەوڵەتی لۆزانی جێهێشت.

ئاماژەشی بەوەدا، کە تورکەکان پەلەیان کرد لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکەی دادگای پاریس و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات، کە کۆمپانیاکانی نەوتی تورکیا بەپێچەوانەی دەستووری عێراق گرێبەستی هاوبەشیان کردووە، عێراق نەوت بە ١١ دۆلار هەناردەی کۆمپانیاکانی ناوەڕاست و باشوور دەکات، لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی تورکیا نەوت بە ٢٠ دۆلار هەناردە دەکەن، ئەمەش دژە یاسایە.

دەستەی دادوەری ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی، لە ٢٤ـی ئاداری ٢٠٢٣ بڕیارییدا، لەو دۆسێیەیەی کە عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دژی تورکیا تۆماری کرد، سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە ڕێگەی هێڵی بەندەری جەیهاندا تێدەپەڕێت، لەوێش بڕیارەکە لە بەرژەوەندی عێراق کۆتاییهات.

گۆڤەند شێروانی
گۆڤەند شێروانی

لای خۆیەوە، گۆڤەند شێروانی، شارەزای کاروباری نەوت و گاز، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز پشتڕاستی کردەوە، لایەنی یاسایی یەکێکە لەو کێشانەی لە بەردەم دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوەیە، واتا یاسایەکی کاریگەر بۆ نەوت و گاز لە عێراق بوونی نییە.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەبوونی ئەم یاسایە بەرپرسیارێتی و ئەرک بەسەر کۆمپانیاکان و حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا دابەشدەکات و بەمەش پڕۆسەی بەڕێوەبردنی پیشەسازی نەوت و بەڕێوەبردنی داهاتەکانی نەرمتر و دوور لە کێشە دەبێت، هەروەها چارەسەری ناکۆکییەکانی ئێستا و پێشووی تێدا دەبێت.

ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند، ڕێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکرێت، حکومەتی تورکیا هەموو کێشەکانی چارەسەر کردووە و ئێستا هێڵەکە ئامادەیە بۆ گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوت.

ئاماژە بەوەش دەکات، تا ئێستا ڕێککەوتنی کۆتایی نەکراوە لەسەر لایەنە دارایی و تەکنیکییەکانی نێوان عێراق و تورکیا سەبارەت بەوەی کە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پیدەکاتەوە یان نا.

هەر لەم دواییانەدا، عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند، دۆسێی ڕادەستکردنی نەوتی دەرهێنراو لە هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵی ئاڵۆزە، لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی هەڵەکانی پێشوو، هەروەها ئەو بەرهەڵستییانەی بەردەم حکومەت و دەوڵەت بەگشتی بووە هۆی ئەوەی هەرێم نەوت هەناردە بکات و گرێبەست ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی ئاماژە بە حکومەتی فیدراڵی بکات.

هه ڕوه ها وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیانبوو، حکومەتی ئێستا چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی کردووەتە پێشینەی کارەکانی بە گوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی له خزمەتی بەڕژەوەندیی گشتییدا.

جێگای سەرنجە لە مانگی ئابی ٢٠٢٣، حکومەت لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ پەرەپێدانی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز، بەمەبەستی دەنگدان لەسەری و دواتر تێپەڕاندنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، لیژنەکە پێکهاتبوو لە وەزیری نەوت، وەزیری سامانە سروشتییەکان لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای “سۆمۆ”، و ستافی پێشکەوتوو لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، هەروەها پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوت وەک بەسرە، زیقار، میسان و کەرکوک.

ساڵانێکە خاڵە ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر یەکلایی نەکراونەتەوە، بەڵام سوودانی لەم دواییانەدا ئاشکرای کرد، کە ڕێککەوتن لەگەڵ هەولێر لەسەر ئەو خاڵانە کراوە، ئەمە جگە لەوەی لە کارنامە وەزارییەکەیدا یەکلاکردنەوەی ئەو بڕگانەشی خستۆتە ناو، دیارترینیان دانانی یاسای نەوت و گاز و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکانە.

ڕ.ش

Comments are closed.