ڕێگای سماقوڵی بەڕووی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا داخرا

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ بەشێك لە دانیشتووانی دۆڵی سماقوڵی بە هاوكاری كۆمپانیای نۆژەنكردنەوەی ڕێگای سماقوڵی ڕێگای ناوچەکەیان بەربەست کرد و بەڕووى شۆفێرانى بارهەڵگردا دایانخست و داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن، كێشەکەیان چارەسەر بكەن.

شاكر سماقوڵی
شاكر سماقوڵی

شاكر سماقوڵی، نوێنەری هاوڵاتییانی سماقوڵی لە بارەی هۆكاری داخستنی ڕێگای سماقوڵی بەڕووی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا.

شاكر سماقوڵی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ قایمقامی كۆیە كۆبووینەوە و داوای چارەسەر كردنی كێشەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانی ڕێگای سماقوڵیمان كرد، ئەمڕۆ لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێ كار بە بریاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ڕێگای سماقوڵیمان بە ڕووی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكاندا داخست.

ئاماژەی بەوەشكرد، چەند ڕۆژێكە هەموو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانی نێوان هەولێر و سلێمانی بە سماقوڵیدا هاتوچۆ دەكەن، ئەمەش گرفتی گەورەی بۆ شەقامەكە درووست كردووە.

وتیشى، چاوەڕێی چارەسەركردنی كێشەكانی ڕێگاوبان و كارەبا و كەمی خزمەت گوزاری بووین، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەروان نەكراو هەرچی جوڵەی بازرگانیە هێنراوەتەوە ڕێگای سماقوڵی ئەوەش کێشەى بۆ ئێمە دروستکردووە.

جێگەی ئاماژەیە، ساڵی ڕابردوو هاوڵاتیانی سنووری سماقوڵی دژی هاتووچۆی بارهەڵگرەكان بۆ ماوەی دوو هەفتە لەسەر رێگاكە خێمەیان هەڵدا و خۆپیشاندانیان كرد، بەڵام تائێستا بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی حكومەت، كە بەدانیشتوانی سنورەكەی دایبوو جێبەجێ نەكراوە، هاوڵاتیانیش دەڵێن: گەر چارەسەر كێشەكەیان نەكرێت جارێكی تر دێنەوە سەر ڕێگاكە.

هـ.ئ

Comments are closed.