خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا و تەڤدەم لەبارەی جەژنی چوارشەممەی سوورەوە پەیامیان بڵاوکردەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لە پەیامێکدا هەریەکە لە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و تەڤدەم ڕایانگەیاند، ئێزدییەکان ڕۆڵیکی گەورەیان لە پەرەسەندنی شارستانییەتی گێڕاوە، داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان دەکەین لە پێناوپاراستنیاندا هاوکاریی ئێزدییەکان بکەن.

بەبۆنەی جەژنی چوارشەمە سووری جەژنی کۆنی ئێزدییەکان، خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک-تەڤدەم، پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاوکردەوە.

لە بەشێک لە پەیامەکەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هاتووە، کۆمەڵگەی ئێزدی یەکێکە لە کۆنترین و ڕەسەنترین گەل و پێکهاتەکانی میزۆپۆتامیا، بە میراتی کولتووری و بەها مرۆییەکانیان، ڕۆڵێکی گەورەیان لە پەرەسەندنی شارستانییەتی مرۆڤایەتییدا گێڕاوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، تەڤدەم لە پەیامێکدا دەڵێت: بە هاتنی جەژنی چوارشەممەی سوور، پێش هەموو شتێک، گەرمترین پیرۆزبایی و سڵاوی خۆمان ئاراستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین، هەروەها پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی گەلی کورد به تایبەتی کوردانی ئێزدی، سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان، شەڕڤانانی بەرخۆدێر دەکەین، که لە پاراستن و ڕزگارکردنی ئێزدییەکان له دەستی چەتەکانی داعش، بەشدارییان کردووه.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردووە، لەکاتێکدا کە گەلانی هەرێمەکە جەژنی چوارشەممەی سووری ئەمساڵ دەگێڕن، هێشتا کۆمەڵگەی خۆڕاگری ئێزدی لە شنگال و دەرەوەی وڵات ڕووبەڕووی سەختی و زەحمەتی گەورە بوونەتەوە، هۆکارەکەی، پیلانی سیاسیی و ڕێککەوتنەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پەدەکە و حکومەتی عێراقە، کە بەپێچەوانەی ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزیدیمان بەڕێوەدەچێت، کە ئامانجیان دوورخستنەوەی ئێزدییەکانە لە بواری سیاسیی عێراق و باشووری کوردستانە.

تەڤدەم ڕاشیگەیاندووە، داوا له سەرجەم هێزه سیاسییەکانی کورد، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مەدەنی دەکەین، کە له پێناو پاراستنی ئیراده و دەستکەوتەکانی ئێزدییەکان هاوکاری ئێزدییەکان بکەن، هەروەها گرنگی بە سەرکەوتنە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی ئێزدییەکان دەدەن، داوا لە هەموو ئاوارەکانی ناو کامپەکانی باشووری کوردستان دەکەین بگەڕێنەوە شنگال سەر خاک و پەیوەندیی، یەکێتی خۆیان بە بەرخۆدانی شنگال پتەوتر بکەن لە پێناو تێکشکاندنی ئەو پیلان و ڕێککەوتنانەی کۆمەڵگەی ئێزیدییەکانی ڕووبەڕووی مەترسی کۆمەڵکوژیی نوێ دەکاتەوە.

ب. ق

Comments are closed.