بە چاندنی نەمام و ئازادکردنی باڵندە ڕۆژی ژینگە بەرز ڕاگیرا

سلێمانی

لە شاری سلێمانی، بە ئازادکردنی هەزار جۆری باڵندەی جۆرا و جۆر و چاندنی  ٣٠٠ نەمام و دانانی دوو هەزار هێلانە لە پارکی هەواری شار و قەراغ و ئەزمەڕ، ڕۆژی ژینگەی کوردستان بەرز ڕاگیرا.

لەژێر درووشمی”با هەموومان بەیەکەوە لە خەمی ژینگەکەماندا بین”، ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی پارتی سەوزی کوردستان، چەندین چالاکیی ژینگەیی ئەنجام دران.

لە چوارچێوەی چالاکییە ژینگەییەکاندا، ژمارەیەکی زۆر باڵندە ئازاد کران و لەلایەن گرووپێکی منداڵانەوە چەندین نەمام چێندران و هۆشیارییان بڵاو کردەوە بۆ پاراستنی ژینگە.

پارتی سەوزی کوردستان، نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی چوار پارچەی کوردستانی بانگهێشتی چالاکییەکە کردبوو، هەروەها ڕێزلێنانی پێبەخشین، بەو ئامانجەی، ژینگە ببێتە خەمی لایەنە سیاسییەکان و لە کارەکانیاندا ڕەنگدانەوەی هەبێت.

ملکۆ بازیانی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی سەوزی کوردستان سەبارەت به چالاکیی پارتەکەیان ڕایگەیاند، هەزار جۆری باڵندەی جۆرا و جۆر ئازاد دەکەین  ٣٠٠ نەمام دەنێژین و دوو هەزارهێلانە لە پارکی هەواری شار و قەراغ و ئەزمەر دادەنێین.

ڕۆژی ٧ـی نیسانی ٢٠٠٨، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ١٦ـی نیسانی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی ژینگەی کوردستان دیاریی کرد، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی بۆردوومانکردنی گوندی شێخ وەسانان و بالیسان لە دۆڵی خۆشناوەتی لە ساڵی ١٩٨٧ بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی.

ب.گ

Comments are closed.