بڕی فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا ئاشكرا دەکرێت

ناوەندی هەواڵەکان

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، لە ساڵی ڕابردوو حکومەتی هەرێم ٩٣ ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، ٣١ ملیۆن بەرمیل بە بۆری هەناردەکراوە و ٣٣ ملیۆن بەمیل نەوت دیار نییە.

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینێکی سەبارەت بە نەوتى هەرێم بڵاوکردەوە و دەڵێت: وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بەنوسراوی فەرمی زانیاری بەرهەمهێنانی نەوت دەخەنە بەردەست تیمی وردبینی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم.

سۆران عومەر ئاشکرای کردوە، نوسراوەکە هەرێم لەساڵی ٢٠٢٣ بڕی ٩٣ ملیۆن و ٨٢٩ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردوەتەوە، هەرێم لەو بڕە ٣١ ملیۆن بەرمیلی تاکو ڕۆژی ٢٥ی (ئازار/٣)ی ٢٠٢٣ بە بۆری هەناردەکراوە، ١١1 ملیۆن و ٨١٦ هەزار بەرمیلی دراوە بەعێراق، ١٦ ملیۆن و ٥٦٣ هەزار بەرمیلی گوایە لەناوخۆ بەکارهاتووە.

بە وتەى سۆران عومەر، بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێکی ٥.٧ دۆلار دراوە بە پاڵاوگە،  لەکاتێک دا ئەو پاڵاوتنە بەبازرگانی فرۆشراوە و بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ نەبووە، لەم نێوەندەدا ٣٣ ملیۆن و ٨٢٩هەزار بەرمیل نەوت دیار نییە.

ئەو پەرلەمانتار باسی لەوەشکردوە، حکومەتی هەرێم دەڵێت ڕاستەوخۆ فرۆشتومانە بە پاڵاوگەکان بە ترلیۆنێک و ٣٥٧ ملیار دینار ئەمە ئەو نەوتەیە کە بەتەنکەر دەیفرۆشن و دەبرێتە دەرەوە بەقاچاخ.

سۆران عومەر دەشڵێت: داهاتی نەوت ساڵی ٢٠٢٣ بە سێ ملیارو ٦٢١ ملیۆن دۆلار دانراوە، خەرجی نەوت بە سێ ملیار و ٦٧ ملیۆن دۆلار دانراوە، گوایە تەنها ٥٥٤ ملیۆن دۆلار ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم، بەم پێیە لەفرۆشی هەر بەرمیلێک نەوت حکومەتی هەرێم  شەش دۆلاری  ماوەتەوە.

هـ.ح

Comments are closed.